هۆشەنگ باوانی
نووسەر
شۆڕشی سەوز
پلانی کابینەی نۆیەمی حکوومەتی هەرێمی کوردستان لە فرە چەشن کردنی سەرچاوەی ئابووری و داهات
شتێکی سەرنج ڕاکێش و نوێ و تازە نیە کاتێک سەیری لاپەڕەی مێژووی هەندێ گەلانی ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست و ئەوروپا دەکەیت، سەرهەڵدان و شۆڕش و ڕاپەڕینەکانیان بەناوی ڕەنگەکان ناودەبەن یاخود ناودەنێن.
لەوانەش شۆڕشی گوڵ لە جۆرجیا ساڵی 2003 و شۆڕشی پرتەقاڵی ئۆکرانیای ساڵی 2004 و شۆڕشی ئەرخەوانی قیرغیزیای 2005 و شۆڕشی نیلی یان شین لە کوەیت ساڵی 2007 و شۆڕشی ئەرز لە لوبنان ساڵی 2005. زۆرجار کودەتای بێ خوێن ڕشتن بە شۆڕشی سپی ناودەبرێت، ئەمەو ڕەنگە چەندینی تریش هەبن.
پێمباشە ئەم چاکسازییەی کە لە سێکتەری کشتوکاڵ و ئاودێری لە هەرێمی کوردستان لەلایەن سەرۆکی حکوومەت ڕاگەیاندرا و ڕۆژانەش هەنگاوی پراکتیکی بۆ دەهاوێژرێ و بەردەوام لەسەر بناغەی پلانێکی ستراتیژی درێژخایەن پرۆسەکە بەرەو پێشەوە دەبردرێت، منیش ناوی بنێنم (شۆڕشی سەوز)ی کابینەی نۆیەم.
لە بیرمە تەممووزی 2019 ئەو دەمەی سەرۆکی ئەنجوومەنی وەزیران بەرنامەی کاری کابینەی نۆیەمی دەخستە بەردەم پەرلەمانی کوردستان، زۆر بەڕوونی و ڕاشکاو و بوێرانە ئاماژەی بەوەکرد کە خزمەتکردنیی هاووڵاتیی هەرێم تەوەری سەرەکی کاری کابینەکەی دەبێت.
جگە لەوەش پرۆسەی چاکسازی لە تەواوی ئاستەکانی خزمەتگوزاریی ئەرکێکی بە پەلەی حکوومەتی هەرێمی کوردستان دەبێ.
ئەو شۆڕشەی کە بە کەسک ناوی دەبەم لە کارنامەی کابینەی نۆیەمی حکوومەتی هەرێمی کوردستان بەم شێوازە زانستیەی خوارەوە پەنجەی بۆ درێژکراوە:-
کشتوکاڵ بوارێکی سەرەکی گرنگیدانمان دەبێت، کار دەکەین بۆ پێشخستنی ئەم کەرتە بەئامراز و ماشێنی پێشکەوتوو... فراوانکردنی جۆری و چەندی بەرهەمی جوتیاران.
زیاد کردنی سەرچاوەکانی ئاو و بەنداو... زیاد کردنی ڕووبەرەکانی سەوزایی...پاراستنی بەرهەمی خۆماڵی و پشتیوانی جوتیاران... ڕەخساندنی بازاڕی گونجاو لە ناوخۆ و دەرەوە.
ئەگەر بەویژدانەوە ڕووماڵێکی گشتگیری ئەم پێنج ساڵە بۆ تەواوی چالاکی و کار و ئەرکە ئەنجامدراوەکانی کابینەی نۆیەم بکەین، بێ دوو دڵی دەتوانین بڵێین خەریکە داهات و سامان و دەستکەوتەکانی سێکتەری کشتوکاڵی و ئاودێری نزیک دەبێتەوە لە داهات و سامانی زۆر لە سێکتەرەکانی دیکە، ئەگەر بلێم سێکتەری وزەش ڕەنگە هەڵە نەبم.
چونکێ بەپێی سەرجەم داتا و ئامار و پێوانە و ڕووپێوەکان هەم ژمارەی بەنداوەکان و هەم ڕێژەی سەوزایی و هەم بەرهەم و بەرووبوومی جوتیارانی ناوخۆ و هەم ڕەخساندنی بازاڕی دەرەکی و ناوخۆ ڕووی لە زیادبوون و گەشەسەندایە.
ئەگەر بمانەوێت ڕاستگۆیانە مێژوویێک بۆ بابەتی بەبازاڕکردن و هەناردەکردنی بەرهەمی کشتوکاڵی و بەرهەمە خۆماڵییەکانی هەرێمی کوردستان تۆمار بکەین، دەبێ ئەو ماف و دەستکەوتە بە کابینەی نۆیەمی حکوومەتی هەرێمی کوردستان بدەین.
بۆ ئەوەی ئەم جۆرە شۆڕشانە لە بوارەکانی تری هەرێمدا ڕووبدەن و گەشەپێدانی ئابووری و دارایی و بازرگانی بەردەوام بێت، دەبێ بەدەستێک هاندەری ڕۆحی بەرگری و خۆڕاگری و پاراستنی قەوارەی هەرێم بین و بەدەستەکەی دیکە بوار و فرسەت و زەمینەی بەرفراوانتر برەخسێنین لەبەردەم توانای گەنجان و لاوانی بەهرەمەند.
هەروەها نڤش و نەوە و وەچەی نوێ و تازەمان بخەینە سەر ڕەوتێکی زانستی لەڕووی پەروەردە و خوێندن و تەندروستییەوە.
بۆ ئەوەی شۆڕشی سەوزی کابینەی نۆیەم لە داهاتووە دوورەکانیشدا سەرکردە و ڕێنیشاندەری بێت، دەبێ کوردایەتی بەردەوام بێت.