حەسەن ئەمین شێخانی
نووسەر
هەرێمی کوردستان بەرەو کوێ؟
گومان لەوەدا نیە کەوا سیستەمی ئیدارەی دەوڵەتداری لە عێڕاق، و هەرێمی کوردستان لە دوای ڕوخانی ڕژێمی پێشوو بەرەو گۆڕانکاریەکی جۆری و ڕیشەیی لە سیستەم و شێوازی حکومڕانی هەنگاوی نا بەجۆرێ باس لە سیستەمی فیدڕاڵی و ئازادیە گشتییەکان و دەستاودەستکردنی دەسەڵات و هەڵبژاردن و فرە حزبی ...هتد، کە پێشووتر (حزبی قائد و قائدی زەرورە) کاپیتاڵیزمی جەنەراڵاتی سەربازی جومگەکانی دەزگا مەدەنییەکان و خزمەتگوزارییەکانیشی بەڕێوەدەبرد لە وڵاتێک شانازی دەکات هەزار ساڵ پێش ئێستا یەکەم یاسای نووسیوە دەیان شارستانییەتی لەخۆ گرتووە.
بەڵام لەدوای ڕوخانی ڕژێمی شۆڤێنی پێشوو ئەگەر تێبینیش هەبێت لە بەرجەستەکردنی ئەو پرەنسیپانە بەڵام وەک ئەزموونێکی فیدڕاڵی بۆ ئێمەی کورد بەتایبەت ئەم قۆناغەی خەباتی نیشتمانی ناسیۆنالیستی نەتەوەیی و پەیکەرسازی وڵات بۆ ئاییندە گومان نییە قۆناغێکی پڕ هەستیاری و گرنگە وە دەبێت پڕ بایەخ بێت و بەگیانی بەرپرسیارییەتی نیشتمانی بێ وچان کاری بۆ بکرێت، چونکە ئومێدی هەمو تاکێکی کورد لە هەموو جیهان و هەمیشە چاوی دڵسۆزانی گەل و نیشتیمان هەر لەسەر هەرێمی کوردستانە، هەر بۆیە لێرەوە دەڵێم چاکسازی گشتی و بنەبڕکردنی هەموو ناکۆکییەکان واجبێکی شەرعی و ئەرکێکی نیشتیمانی و ئاکارێکی بەرزە بەرانبەر سەد ساڵ لەقوربانیدانی گەلەکەمان.
نووسینی دەستورێک کە لە ناوچەکەدا و لە ژێر ئەو وڵاتە ئیقلیمیانەی ناوچەکە زۆر لە پێشترە بەجۆرێک کە وڵاتێکی نوێ بێتە کایەوە دوو پایتەخت لە خۆ بگرێ و هەرێمێکی دەستوری بونیادبنرێ لەنێو چوار وڵاتدا کەهەمیشە هەوڵیان داوە لە ڕێککەوتنی ستراتیجی وە دوایی بەرەو ڕێککەوتنی سەربازی هەر چوار وڵاتەکەدا هەنگاو بنێ بۆ سەرکوتکردنی هەر ڕاپەرین و شۆرش و خەباتێک دروستبکرێت لە دژیان ئەگەر ئەو خەباتە هاوڵاتی خودی ئەو وڵاتانەش بن و دەستکراوە بن و دەست نەپارێزن لە لێدانیان بەشێوەیەک ئەگەر سەروەری خودی وڵاتەکانیانیش لەکەدار بکات و کەمی کاتەوەو بیشوێنێت دیارە گرنگ لای نەیارانی کورد دژایەتی گەلی کوردە ئەگەر هەر تەنازولێکی ستراتیجی لەخاک و نیشتمانیانیش بکرێ وەک ئەوەی سەدام کردی نیوەی شەتتی عەرەبی دا بە ئێران تەنها بۆ ڕاگرتن و سەرکوتکردنی شۆڕشی کورد وەداوی بوە هۆی هەڵگیرسانی جەنگی ئێران _ عێڕاق و کوژرانی یەک ملیۆن کەس و لەدەستدانی ملیارەها دۆلار تەنها هەر لەبەرئەوەی مافی ڕەوای کورد نەدەن، بەڵام کورد لەبەرخۆدان و ڕاپەڕین و شۆڕش نەوەستا وەک ئێستا دەبینرێ چەند خەباتی شاخ و خوێنی کرد ئەوەندە خەباتی پارێزگاری لە شوناسی گەل و نیشتمان و زمان و کەلتور و بەنێودەوڵەتیکردنی دۆزی ڕەوای گەلەکەی کرد.
ئێستا هەرێمی کوردستان نەک هەر هەرێمێکی دەستووریی و یاسایی بەڵکو هەرێمێکی نێودەوڵەتی لە ئاستی ئەو سیستەم و ڕیککەوتن و گروپ و کۆربەندە جیهانییەکانی ئابووری و ئاساییش و سەربازی و سیاسی و وزە و هاوکێشە جیهانییەکان بانگهێشت بکرێت بەشدارو هاوبەش بێت، متمانە پێ بەخشین بە هەموو جیهان و بەتایبەت وڵاتانی ناوچەکە هەرێمی کوردستان هۆکاری سەقامگیری ناوچەکەیە و بەشێکی گرنگە لە سیستەمی ئابووری ناوچەکە و جیهان.
هەرێمی کوردستان بەهەوڵ و کۆششەکان و قوربانیدانی و کۆکردنەوەی زانیاری و پێشڕەوی دەزگا ئەمنییەکانی بۆ وەدەستهێنانی زانیاری توانی بچێتە ئاستی گرنگیدانی سیستەمی ئاسایشی جیهانی کە بەبێ هەرێمی کوردستان ناتوانرێ ئاساییشی ناوچەکە بەرقەرار ببێت چونکە ئێستا هەرێمی کوردستان جۆگرافیای تایبەت و هێزی سەربازی و دەزگای ئاسایشی کارای هەیە کەڕۆڵی گەواهی پێدراوی هەیە بە پێی ووتەکانی دەیان سەرکردەو و دەزگا و کۆنگرەو وڕاپۆرتە جیهانییەکان وە گرنگترین کاری هێزەکانی کوردستان ڕوبەرووبونەوەی ڕێکخراوی داعش و پارێزگاری لەکەرکوک و ناوچەکانی دەرەوەی ئیدارەی هەرێمی کوردستان و ئازادکردنی موسڵ و شەنگال و گوڵاڵەو مەخمور و پاڵپشتی هێزە فیدڕاڵییەکانی عێڕاق بەگشتی، هەر ئەمانەش بوونە هۆی پاڵپشتی ماددی و لۆجستی و سەربازی هاوپەیمانان بەتایبەت ئەمریکا و بەریتانیا و فەرەنسا بەتایبەت.
سیکتەرێکی گرنگی تری هەرێمی کوردستان ڕۆڵی هەرێم و بەشداری گرنگی ئابووری لە بازاڕە جیهانییەکانی وزەو هەوڵدانی بێ وچان بۆ هێنانی زۆرترین کۆمپانیای جیهانی وەبەرهێنان لە کەرتە هەمەجۆرەکانی ژێرخانی هەرێم بەتایبەت لەکەرتی وزە کە ئێستا بوەتە گرنگترین باس و ناونیشانەکانی کۆنگرەو پانێڵە جیهانییەکان و خاڵی سەرەکی باسە گرنگەکانی کۆبوونەوەکانی سیاسەتمەدارەکانی جیهانە، بەتایبەت دوای جەنگی ڕوسیا و ئۆکرانیا و چەقی ململانییەکان توندتر دەبێت بەتایبەت گرنگی وزە بۆ ئەوروپا وەئەمەش بەبێ متمانەی تەواوی ئەو وڵات و کۆمپانیایانە نایەتە دی ئەگەر متمانە نەکرێ بەسەقامگیری هەرێم و متمانە بەدۆخی ئاساییشی ئەو ناوچە جوگرافییەی کەئەو کۆمپایانە وەبەرهێنانی تێدا دەکەن و ملیارەها دۆلاری تێدا خەرج دەکەن.
دیارە ئەمەش پەیوەندی بەسێکتەرێکی دیکەی گرنگی ڕۆڵی هەرێم هەیە لە پارێزگاری کردنی لەهاوکێشەو ململانێ سیاسییەکانی وڵاتانی ناوچەکە کە هەردەم هەرێمی کوردستان هەوڵی داوە ئەو هاوسەنگییە بپارێزێ وەبەڵگەش لەسەر ئەم ووتەیە سەردانەکانی هەمو هەمو وڵاتە زلهێزەکان و ناوچەکە کە دژ بەیەکن تەنانەت لە ملمانێی و ڕوبەرووبونەوەی سەربازیدان و هەرێم بەیەک ئاست و مەودا لە مامەڵەکردن لەگەڵ ئەو ووڵاتانەدا وەبەڵگەش سەردانەکانی سەرۆکی حکومەت هەرێمی کوردستان بۆ ئەمریکاو بەغداو سەردانەکانی سەرۆکی هەرێمی کوردستان بۆ تاران و بەئاڵای کوردستان وەک پرۆتۆکۆڵی فەرمی بۆ هەرێمێکی دەستوری و نێودەوڵەتی لەناوچەکەدا و پێشوازی لە دەیان سەرکردەی جیهانی و ناوچەیی لە هەولێری پایتەختی هەرێمی کوردستان و گرنگترینیان سەردانی سەرۆکی تورکیا ئەردۆغان بۆ هەولێر و شکاندنی کۆسپ و کۆبەندەکان و ئاسایی کردنەوەی ڕۆڵی هەرێم لە دوای ئەنجامدانی ڕیفراندۆم و گەمارۆ سیاسی و دیپلۆماتییەکانی سەر کوردستان.
ئەوانەی ئاماژەمان پێدا لە سێکتەرەکانی سیاسی و ئابووری و ئاسایشی دەچنە ژێر سیستماتیکی جیهانی گەورەو هەمووی تەواوکەری یەکترن، چونکە سیاسەتکردنی هاوسەنگ متمانە دروست دەکات بۆ پەیوەندییەکی ئابووری بەهێز و سەرکەوتوو وە ئەمەش پێویستی بەئاسایش و سەقامگیریەکی بەهێز هەیە بۆ وەبەرهێنان وە ئەمەشیان پابەندە بەدەوڵەمەندی خاک و ژێرخانی ئەو وڵاتە و ئەمانە هەمووی جیۆپۆلێتیکی سیاسی بۆ هەرێمی کوردستان یەکلایی دەکاتەوە کەبوەتە ناوەندێکی سەقامگیری لە عێڕاقدا بەشێوەیەک بوەتە ئارامگای هەموو ئایین و ئاینزاو مەزهەب و تایفەو وخەڵکانێک کەتەنها ڕوگەو جێگایەک بەئارامی تێدا بحەسێنەوە هەرێمی کوردستانە و بەرجەستەکردنی پێکەوە ژیان و ئاشتەوای کۆمەڵایەتی تێدا پارێزراو بێت وەک ئاماژەمان پێدا دیارە هەرێمی کوردستانە.
لەبەشی دووەم باسی سێکتەرێکی بەهێزی تر دەکەین کە ئەویش پێکەوە ژیانە لە هەرێمی کوردستان.