هۆشەنگ باوانی
نووسەر
P.K.K بەنیازە کوێی تر بسووتێنێ؟
دەمێکە بەنووسین و دەربڕین و گەنگەشەی رۆژانەش ئەو ئاگرە زۆرانەی کە بە تایبەت ئەمساڵ دووچاری ئەو هەرێمە بوون بەدیاردەیەکی ترسناک و ناسروشتیم لە قەڵەم داوە.
هەرجار کە وەک هەواڵێک لە ناوەند و دامەزراوەکانی راگەیاند دەمبیست یەکسەر بە هاوکار و هاوپیشەکانم دەگووت:- کوڕینە ئەمساڵ ئاگر بووەتە دیادرە با لێکۆڵینەوە و شرۆڤەی بۆ بکەین. دەرئەنجام هەرئەوەی لێکەوتەوە کە هەردوو وەزارەتی ناوخۆی فیدراڵ و هەرێمی کوردستان لە پرێس کۆنفرانسێکدا دوای لێکۆڵینەوە و بنکۆڵێکی وورد و کورتخایەن سێ تاوانباری ئەنجامدەر و سەرپەرشتیکاری تەواوی رووداوەکانی ئاگرکەوتنەوەکان لە هەرێمی کوردستان و عێراق رایگەیاند.
ئەو سێ تاوانبارە بەفیتی هەر لایەن و هەر کەس و هەر شوێن و دەستە و تاقم و مافیایەک بێت، ئەوانە زەبری کوشندەیان لە کورد و دانیشتووانی هەرێمی کوردستان و کێشە ڕەواکانی میللەتی کورد داوە کە بەداخێکی یەکجار گرانەوە خۆشییان کوردن، بەڵام کوردفرۆش و وڵاتفرۆشن. ئەوانە بەچەندین قۆناغی خیانەتکاری و خۆفرۆشیدا تێپەڕیون تاکو گەیشتوونەتە دوا قۆناغ، ئەویش قۆناغی نان بڕین و دەست بردنە بۆ قوتی خەڵکی هەژار و کاسبکار و رۆژانەکار، زیانیان هەتا بەو منداڵە گەیاندووە کە بەناچاری لە کۆڵانەکانی بازاڕی لەنگەدا ئاو فرۆشی دەکرد.
ئەگەر بەڕوونی دەری ببڕم دەڵێم "لە رێگەی کۆمەڵانی خەڵکی کوردستان زیانیان بە کۆمەڵانی خەڵکی کوردستان گەیاند".
ئەوانە بەبەڵگە و دانپێدانانی خۆیان لە قۆناغێکی ژیانی خۆیاندا هەڵگری پەیامی (سۆشیال دیموکرات) و (مەشخەڵانی شۆڕشی نوێ) بوون. شانبەشانی سووتاندنی بازاڕی هەژاران و شوێنەوارە دێرینەکانی هەرێم، چالاکی مەدەنی و سەربازی و سیاسیشیان ئەنجامداوە و رۆژگارێک بەربژێریش بوون بۆ پرۆسەی یاسادانان. قوڕبەسەر ئەو مەجلیسەی مافیایەک یاسادانەری بێت.
ناحەزانی گەلی کورد بەگشتی و بەتایبەتیش ئەوانەی ئەمڕۆ چاویان بەم قەوارەیەی هەرێمی کوردستان هەڵنایەت نەخاسمە دوای پێکهێنانی کابینەی نۆیەمی حکوومەتی هەرێمی کوردستان کە کابینەیەکی ئیئتلافی نەتەوەییە. بۆیە هەر لە سەرەتاوە بە پیلانی داڕێژراو لە دەرەوە و ناوەوە خەریکی ئاژاوەگێڕی و تێکدانی سەقامگیری و ئارامی و خۆشگوزەرانی هاووڵاتیان بوون.
چاویان لە ئاست ئەو پێشڤەچوون و گۆڕانکارییە مەزنانە وەردەگێڕن، ترسیشیان لە پرۆسەی چاکسازی و رێگریکردن لە گەندەڵی و بەهەدەردانی پارە و سامان و داهاتی هەرێم هەبوو.
ئەمانە و بە هەزارانی تر بەڵگەی ئاشکرا هەن لەسەر گەلەکۆمەکی هەندێ لایەنی کاڵفام و کەسانی خۆفرۆش و چەتە و رێگرە مافیاکان تاکو قەوارەی هەرێم و پێشکەوتنی حکوومەتەکەی ڕاگرن.
تۆڕی ئەمجارەی تاوانباران لە رێگەی تەجنیدکردنیان لەلایەن رێکخراوی P.K.K و وەرگرتنی تەواوی جۆر و شێوازەکانی مەشق و ڕاهێنانی تێکدەرانە و تەخریبکردن لە نێو سنووری دەستهەڵاتەکانی کارگێری و سیاسی ی.ن.ک دا ، ئەمە بەڵگەیەکی حاشا هەڵنەگرە کەوا ئیتر هیچ پێویست بەکۆنگرەی رۆژنامەوانی و شێر و ڕێوی هێنانەوە ناکات، تاکو یەکێتی بێ ئاگایی و بێ زانیاری خۆی رابگەیەنێت. کەی ڕەوایە مەشقپێکەران لە سووریا و تورکیا و قەندیلەوە ئەو هەموو سنوورە نێودەوڵەتییە ببەزێنن و بگەنە سەنگەسەر و ڕانیە و کفری ، ئاسایش و دژەتیرۆر و پۆلیس و هێزە ناوخۆییەکانی سلێمانی خەریکی سەرخەوشکاندن بن.
P.K.K ماوەیەکی زۆرە لە هەناوی سلێمانیدا وەک مشەخۆرێک گڕی بەرداوەتە موقەدەساتی خەڵکی خۆڕاگری شاری سلێمانی و دەوروبەری، ماوەیەکی زۆرە گاڵتە بە چارەنووسی گەنج و لاوان و مێردمنداڵانی ئەو سەرزەمینە دەکات و بەسەدان دایکی جەرگ سووتاو کردووە، ماوەیەکی زۆرە سەنگی کارگێری ئەو دەڤەرەی لەنگ و شێواندووە، ئیدارەی لە نێو ئیدارەدا خوڵقاندووە.
P.K.K ماوەیەکی زۆرە گڕی لە فڕۆکەخانەی سلێمانی بەرداوە کە زیانەکانی بەملیۆنان دۆلار دەخەملێندرێت.
P.K.K ئەو شارە جوانەی لە تەواوی خەسڵەتەکانی شاری ڕۆشنبیری و شاری هەڵمەت و قوربانی داماڵیوە. تۆ بڵێی ئەمجارە P.K.K پیلان بۆ سووتاندنی کوێ دابڕێژێت؟
بۆئەوەی (دارولمولکی بابان)یش بەئاگری P.K.K نەسووتێ، پێویستە سۆشیال دیموکراتەکان فریای خۆیان کەون.