ئاشنا بابان
نووسەر
ڕۆڵی کاریزمای کەسایەتیی سەرۆک بارزانی و کاریگەریی سەردانەکەی بۆ بەغدا
سەردانی بەڕێز سەرۆک بارزانی، دوای شەش ساڵ بۆ بەغدا، دەنگدانەوەیکی زۆری لێ کەوتەوە و بە گەرمیی لە لایەن پارت و لایەنە سیاسییەکان و دەسەڵاتەکانی عێراق پێشوازیی لێ کرا.
کاریگەریی و کاریزمای سەرۆک بارزانی لە چارەکردنی کێشەکانی نێوان هەرێمی کوردستان و حکوومەتی فیدراڵی، ڕۆڵێکی بەرچاوی دەبێت لەسەر دروستکردنی گۆڕان لە هاوکێشە سیاسیی و ئابووریی و ئیدارییەکان بە ئاراستەی پاراستنی بەرژەوەندییە هاوبەشەکانی نێوان هەولێر و بەغدا.
گرنگی سەردانی سەرۆک بارزانی بۆ بەغدا، بە تایبەتی لە ڕووی دیپلۆماسییەوە، کاریگەریی کاریزمای کەسایەتیی بەڕێزیان و ئاشتیخوازی و نەرمیی سیاسەتی سەرکردایەتی و توانای یەکلاکردنەوەی پرسە هەڵواسراوەکانی نێوان حکوومەتی هەرێمی کوردستان و حکوومەتی فیدراڵی هەیە، بە ڕێگەچارەی شیاو و میکانیزمی گونجاو بۆ جێبەجێ کردنیان و پتەوکردنی پەیوەندیەکانی نێوان هەردوولا.
ئاشکرایە، کۆبوونەوە و کۆکردنەوەی لایەنە سیاسییە جیاوازەکانی عێراق بۆ خۆی گرنگیی سیاسیی و ئاشتییانەی هەیە؛ بە تایبەتی، لە ئێستای بارودۆخی عێراق و هەرێمی کوردستان و ناوچەکە، هەڵوێستی ئاشتیخوازانەی سەرۆک بارزانی ڕۆڵێکی زۆر گرنگ دەگێڕیت لە ناوەندە گەرم و هەستیارەکانی گۆڕەپانی سیاسیەکاندا و بە تایبەتی کێشە ئابووریی و سیاسییە هەنوکەییەکاندا.
بۆ پێشهاتەکانی ئێستەی عێراق و ناوچەکە و ئەو گۆڕانکارییە خێرایانەی بۆ داهاتوو ئەگەری ڕوودانیان هەیە، بە لەبەرچاوگرتنی پێشنیازە گرنگەکانی سەرۆک بارزانی بۆ چارەکردنی گشت کێشەکان و سەقامگیری ناوچەکە بۆ هەموو سەرکردە و لایەنە سیاسییەکانی عێراق جێی بایەخە.