دێكلان رایس: لە ئیسپانیا ناترسین

یاریزانانی هەڵبژاردەی ئینگلاند لە دوای سەركەوتنەكەیان بەرامبەر هۆڵەندا
یاریزانانی هەڵبژاردەی ئینگلاند لە دوای سەركەوتنەكەیان بەرامبەر هۆڵەندا

دێکلان رایس ناوەڕاستکاری هەڵبژاردەی ئینگلاند لەبارەی یاریی کۆتایی جامی نەتەوەکانی ئەوروپا دەڵێت، ئەوان رووبەڕووی هەڵبژاردەیەکی بەهێز دەبنەوە، بەڵام هەموو ئامانجیان بردنەوەیە لە یارییەکە، هەروەها ئۆلێ واتکینزی هێرشبەری هەڵبژاردەکەش دەڵێت، دڵخۆشە کە هاوکاری هەڵبژاردەکەی بووە، بۆ گەیشتن بە یاریی کۆتایی.

دێكلان رایس: ئیسپانیا بەربەستێكی گەورەیە
دێكلان رایس ناوەراستكاری هەڵبژاردەی ئینگلاند لە لێدوانێكی رۆژنامەوانی دا رایگەیاند راستە ئیسپانیا رۆژێک لە ئەوان زیاتر پشووی هەبووە، بەڵام رەتی كردەوە هیچ ترسێكیان هەبێت.
لەمبارەیەوە رایس دەڵێت: ئێمە لە دوو یاریی 120 خولەک یاریمان کردووە، بەڵام ئەمە هیچ کاریگەرییەکی نەرێنیمان لەسەر ناکات، ئێمە لەگەڵ یانەکانمان لەسەر ئەم شتانە راهاتووین و هەمیشە رۆژە سەختەکانمان تێپەڕاندووە، لەبەر ئەوەی هەموو سێ بۆ چوار رۆژێک یارییەکی قورسمان بە درێژایی وەرزی رابردوو کردووە.
ئەو ئەستێرەی ئینگلیزەكان گوتیشی: ئیسپانیا هەڵبژاردەیەکی بەهێزە و بۆ بردنەوە بەرامبەر ئەم هەڵبژاردەیە، دەبێت بەربەستێکی گەورە تێپەڕێنین، ئەوان خاوەن کۆمەڵێک یاریزانی بە توانان و دیارترینیان لامین یامالە، بەڵام لە بەرامبەردا ئێمەش کۆمەڵێک یاریزانی باشمان هەیە و دڵنیام دەتوانین ناسناوەکە ببەینەوە.

ئۆلی واتكینز: دەمەوێت ساتێكی خۆشتر تێپەڕ بكەم
ئۆلی واتكینز یاریزانی هەڵبژاردەی ئینگلاند لەبارەی رووبەڕووبوونەوەی ئیسپانیا دەڵێت: بیرم دێتەوە ساڵانێک لەمەوبەر لەگەڵ هاوڕێیەکانم لە کافتیریایەک بە درێسێکی هەرزان سەیری یارییەکانی ئینگلاندم دەکرد، درێسەکەشم نرخەکەم زۆر کەم بوو، ئەو کات وەکو هاندەرێک سەیری یارییەکانی هەڵبژاردەکەم دەکرد و خۆشیەکی زۆرم لە سەیر کردنی یارییەکان دەبرد، بەڵام ئێستا وەکو یاریزان لەگەڵ هەڵبژاردەکەم، بەشداری دەکەم و ئەمەش باوەڕ پێنەکراوە، دەمەوێت ساتی خۆشتر لەگەڵ هەڵبژاردەکەم تۆمار بکەم، زۆر دڵخۆشم کە بومە هۆکاری، گەیشتنی هەڵبژاردەکەم بۆ یاریی کۆتایی جامی نەتەوەکانی ئەوروپا.

.

 

Fly Erbil Advertisment