ئەردەڵان دۆسکی
نووسەر
هزری کوردایەتی بۆچی ئەوەندە دوژمن و نەیاری هەیە!
مستەفا بارزانی لە شۆڕشی ئەیلوولدا هەموو چین و توێژو پێكهاتەكانی كوردو كوردستانییانی لەگەڵدا بوون، ئەوان لەدەوری مرۆڤێكی مەزن كۆبوونەوە كە هەڵگری هزری كوردایەتی و نیشتمانپەروەری بوو، تەنانەت ئەوانەی لەمیللەتەكەی خۆیان هەڵگەڕانەوە لێبووردەنی بۆ دەركردن و لێیان خۆش بوو، كوردپەروەری و خۆشەویستی خاك و نیشتمان لای مەلا مستەفا بارزانی لە فكری بارزاندا هەڵقوڵاوە ، ئەوان مرۆڤ و ژینگە و زیندەوەر و درەخت و ژینگەیان خۆش دەوێت ، ئاخر مرۆڤ تا خۆشەویستی نەتەوەكەیی و خاكەكەی لەدڵیدا نەچەقیپێت زەحمەتە بتوانێت بەرگری و داكۆكیكاری سەرسەختی نەتەوەو نیشتمانەكەی خۆی بێت، ئەم واقیعە لای رێزدار سەرۆك بارزانی درێژە پێدەرێتی، كاتێك ئەم سەرۆكە دەجوڵێت و دوای شەش ساڵ روو لەبەغدا دەكات پەیامی نەتەوەكەی و ماف و كەرامەتی میللەتێكی مەزڵومی بۆ دۆست و نەیارانی پێیە، ئەو ئومێد و ئاسۆی كۆتایهاتنی قەیران و كێشەكانی لەگەڵ خۆیدا بردە بەغدا بەپێچەوانەی ئەوانەی چەندین ساڵە لەبەر پێی نەیارانی كورد دژایەتی حكومەتی هەرێمی كوردستان و دەستكەوتەكانی دەكەن، بۆیە لای دۆست و دوژمن ڕێزو حسابی تایبەتی بۆ دەكەن، بارزانی فێری هەموو پێكهاتەكانی گەلی كورد و كوردستانییەكانی كردووە بە كورد و توركمان و مەسیحی و ئێزیدی و شەبەك و كاكەیی كەوا ڕێز لە نیشتمانەكەیان و پیرۆزییەكانی ئاین و مێژوو پێكەوەژیان و كلتووری لێبووردەیی بگرن.
بۆ ئەوەی هەمووان لەدەوری ئەو حكومەتەیان كۆببنەوە كە رێزدار مەسرور بارزانی سەرۆكایەتی دەكات، ئەو سەرۆكی زۆنێكی دیاریكراو نییە بەڵكو سەرۆكی هەمووانە مەزڵوم و هەژار پێش دەوڵەمەند و دەستڕۆشتوو ، ئەو دەیەوێت خۆشەویستی و پێكەوەژیان و ئاشتی و خۆشگوزەرانی بۆ خەڵكەكەی دابین بكات و تەنیا ئامانجی ئەوەیە خەڵكی لێی ڕازی بن .. لەم روانگەیەشەوە زۆربەی جار پارتی دیموكراتی كوردستان و ئەندام و لایەنگرانی بوونەتە قوربانی و هێرشی چەكداری و ئیرهابی فكری و تۆمەتبەخشینەوە ، بۆیە پارتیبوون لەم عێراقە و لەم ناوچە ئاڵۆزەی كە دژایەتی كورد زۆر دەكرێت كارێكی ئاسان نییە ، ئەوەتا كاتێك كێشەی مووچە و بودجە و ئاوو كارەبا و خزمەتگوزارییەكان و ئاسایش و پاراستنی خاكی كوردستان دەێتە پێشەوە تەنیا بارزانی و پارتی شانی دەداتە بەر و بەكردار كار بۆ چارەسەركردنی دەكەن ، ئەوانەشی لەبەر سێبەر دانیشتوون لە خۆشییەكان هاوبەشن و بە دەستكەوتی خۆیانی دەزانن و لەناخۆشی و نەهامەتی و دەربەدەری خەڵكەكەشدا ئەوان بەنچەی تاوان بۆ حكومەت رادەكێشن، بگرە ئەوان نایانەوێت كێشەكانی ئەم میللەتە چارەسەر بێت و چیتر كێشەی ئاوو كارەبا و خزمەتگوزاریی و مووچە نەمێنێت، ئەوان خوازیارن لەناو ئازارو مەینەتییەكانی خەڵكیدا لەئاوی لێڵدا مەلە بكەن و دەستكەوتی شەخسی بچێننەوە.
سەرۆك بارزانی باشی گوتووە: (هەر كاتێك پارتی بەهێز بووبێت میللەتی كوردیش بەهێز بووە )، بەهێزی كوردیش تەنیا لە شەڕ و هێزی سەربازی نییە بەڵكو لە حوكمڕانی و بەهێزی كابینەی نۆیەمی حكومەتی هەرێمی كوردستاندایە كە بەسەر ئالنگارییەكان زاڵ بێت و سەقامگیری و ئاشتی بۆ نێوماڵی كورد زامن بكات و خزمەتگوزارییەكان رانەوەستێت و بۆ پێشەوەی بەرێت، هەر واش بووە هیچ حكومەتێك نەبووە لەم پێنچ ساڵەدا بتوانێت بەرامبەر كۆڕۆنا و بڕینی بودجە و مووچە و وشكەساڵی و تێرۆرست و شەڕی داعش و درۆن و موشەكباران و ڕاگرتنی هەناردەی نەوتەكەی بگرێت ئەوە كابینەی نۆیەمی حكومەتی هەرێمی كوردستان و ئیرادەی سەرۆكی حكومەت بووە بەرگەی ئەو هەموو تەحەددایە بووەتەوە، هەر ئەمەشە وایكردووە دژایەتی حكومەتی هەرێمی كوردستان بكرێت چونكە حكومەتی گەلی كورد و تاكە ئومێدە بۆ بەردەوامی ئەزموونی ئازادی و سەربەخۆیی حوكمڕانی خۆی .
ئەم ئەجیندە و بەرنامە گوێرانەی دژایەتی حكومەت هەر وا لەخۆڕا نەهاتووە و بێ بودجە و پارە بەڕێوەناچێت، دوای ئەوەی نەیانتوانی بە داعش و تیرۆرستان و بڕینی بودجە و مووچە و درۆنی بۆمبڕێژكراوو كاتیوشا و كوشتن و ناوزڕاندن دادی نەدان، دەیانەوێت لەرێگەی كەسانی نەفز نزم و نەزانەوە نێوماڵی كورد تێك بدەن و زیان بە ئاشتی كۆمەڵایەتی بگەیەنن. حكومەتی هەرێمی كوردستان تاكە پارێزەر و خەمخۆر و بەرگریكارێكی نەتەوەی كوردە هەموو ئەو كەموكورتی و نەهامەتییانەی تووشی گەلەكەمان بووە لە دەرئەنجامی ئەو دژایەتی و كارە ناشرین و نەزانانەوە بووە كە دژی حكومەت بەمەبەستی دژی خەڵك ئەنجام دەدرێت، بەڵام تا خاوەنی رێبازی كوردایەتی و مەردایەتی بین و ئەو هزرە نیشتمانپەروەر و كوردایەتییەی درێژە پێدەرێتی هەرگیز كەسانی دڵسۆز و كوردپەروەر لە سلێمانی و هەولێر و دهۆك و هەڵەبجەو كەركوكی خۆراگرو دەشتی نەینەواو خانەقین دەستبەرداری كوردایەتی نابن و هاوكاریی هەموو ئەو كوردپەروەر و كەسانەشن كە خزمەتكاری میللەتەكەی خۆیانن.