دڵشاد نامق فەرەج
نووسەر
ستراتیژیی هەولێر بۆ پاراستنی كوردستان
هەرێمی كوردستان وەك قەوارەیەكی سیاسی وپێشتریش شۆڕشەكانی كوردستان لە گشت قۆناغەكاندا بەمافی ڕەوانی خەڵكی فەلەستینیان زانیوە كە دەوڵەتی سەربەخۆی خۆیانیان هەبێت و لە ژیانێكی ئاسایی وهێمن و سەقامگیردا بژین بەدور لەچەوساندنەوە وئاوارەیی وشەڕ، بەڵام نەیارانی كورد ودۆزی ڕەوای كوردستان هەمیشە لەهەوڵی ئەوەدا بوون كە نەهێڵن ئەم دیدوبۆچوونەی كورد و هەرێمی كوردستان لەجیهانی عەرەبی وئیسلامیدا وەك خۆی ببیسترێت و بگاتە هاوڵاتیانی ئاسایی، بەڵكو بەپێچەوانەوە بەپێی مەرامی خۆیان تۆمەت وناتۆرەی ناڕەوایان سەبارەت بە پرسی فەلەستین داوەتە پاڵ شۆڕشەكانی كورد ولەمد دوایییانەیشدا پاڵ حكومەتی هەرێمی كوردستان، هەر بۆیە زۆر جار بە ناڕەوا گرفت بۆ هەرێمی كوردستان وهێزە نیشتمانپەروەرەكان دروستكراوە، هەندێ جار كار گەیشتووە بە گوشاری سەربازی وهەڕەشەی ئەمنی لەسەر كوردستان، بێگومان هەوڵی زۆر هەبووە هەتا بتوانرێت ئەو دیدە برەوێنرێتەوە دیدی ئاشتیخوازانەی گەلێكی بێ دەوڵەتی وەك كورد وەك خۆی بگەیەنرێت.
لەو سەروبەندەدا پەیوەندیەكانی تاران و هەولێر بارگاوی بووبوو بەو بابەتە وگرژی زۆری لێكەوتەوە، نەدانی دەرفەت بە كوردستان بۆ دەربڕینی نیازپاكی هۆكارێك بوو كە ئەو گرژیانە زیاتر پەرەبسێنن، كە بێگومان بەشێك لەهۆكارەكان ئەو هێزانە بوون سودیان لەو دۆخە خراپەی پەیوەندیەكان دەبینی، وە ئەوەیان بەدەرفەت دەزانی بۆ سود وەرگرتن لە لاوازكردنی هەرێمی كوردستان بەگشتی وپارتی دیموكراتی كوردستان بەتایبەتی، كە هێزی یەكەم وكاریگەری ناو پرۆسەی سیاسی كوردستانە وخاوەن دید وتێڕوانینی چەسپاوی بروابوون بە ئاشتی وپێكەوەژیانە نەك هەر لەهەرێمی كوردستان بەڵكو لە تەواوی ناوچەكەیشدا بەڵام لەسەر بنەمای دابینكردنی مافی هەموان وەك یەك.
دوای گرژیەكان، ئاسایی كردنەوەی پەیوەندیەكانی هەرێمی كوردستان لەگەڵ ئێران وهەوڵدان بۆ چارەسەركردنی كێشەكان لەلایەن حكومەتی هەرێمی كوردستان و پارتی دیموكراستی كوردستانەوە هەنگاوێكی گرنگ بوو بۆ دروستكردنی متمانە و ڕەواندنەوەی ئەو دڕدۆنگیەی هاتبووە ئاراوە، لەلایەكەوە ئێران لە نزیكەوە لە ڕوانگە وسیاسەتی هەرێمی كوردستان گەیشت كە بێجگە لە دراوسێیەتی باش وبەرژەوەندی هاوبەش هیچی تری لە دراوسێكانی ناوێت و هەرگیزیش نابێتە مەترسی بۆیان، لەلایەكی تریشەوە هێزە دۆستەكانی ئێران لەعێراق ئەو كارتەیان بەدەستەوە نەما كە هەمیشە پارتی وهەرێمی كوردستان وەك دوژمنی ئێران وێنا بكەن ولەڕێگەی ئێرانەوە فشار بۆ سەر هەرێمی كوردستان دروست بكەن ودەستكەوتی سیاسی بۆخۆیان دەستەبەر بكەن، تەنانەت فشارەكان بەجۆرێك زیاد بكەن بیگەیەننە ئاستی هێرشی موشەكی.
لەم نێوەندەدا ڕەهەندێكی زۆر گرنگیش هەیە، ئەوەیە كە باشبوونی پەیوەندیەكانی هەولێر وتاران كاریگەری بەهێزی هەیە بۆ پاراستنی هەرێمی كوردستان لەو شەڕە گەورەیەی لەناوچەكەدا بەرپا بووە و ڕۆژبەڕۆژ پەرەدەسێنێت، ئەوە هەنگاوێكی ستراتیژی گرنگە كاتێك شەڕێكی فرەڕەهەندی وەك هێرشی سەرغەزە بوونی هەیە ڕێك لەو كاتەدا هەولێر پەیوەندیەكانی لەگەڵ ئێران ئاسایی دەكاتەوە و كێشەكانی سفر دەكاتەوە، چونكە ئەوە بووبە هۆی ئەوەی هێزەكانی لایەندار لەو جەنگەدا چاویان لەسەر هەرێمی كوردستان نەبێت وەك ماوەیەك پێشتر هەرێمی كوردستان نەگلێنرێت لەململانێكانەوە، كە ئەمە ستراتیژێكی زیرەكانە و دنیابینیەكی فراوانی پارتی وحكومەتی هەرێمی كوردستانە كە لەگەڵ پێشبینیەكانی گەورە بوون و فراوانبوونی ئەو جەنگەدا هەوڵیداوە میانگیربێت و كەڤەری پاراستن ودڵنیایی بۆ هاوڵاتیانی دروست بكات و لەدۆخێكی نالەباری هەرێمایەتی وەهادا كەشێك بڕەخسێنێت نەهێڵێت پریشكی شەڕەكە بگاتە كوردستان وگرژیەكانی پێشتریش لەگەل ئێران بگۆڕێت بەدۆستایەتی وڕێزگرتنی بەرانبەر، كە بێگومان هەم شەڕە هەم گەوەرەیە و هەم بەرەكەی فراوانە و هەمی كارەكتەرەكانی فرە وهەمە چەشنن، ئەقڵی ورد ودیدی فراوان وستراتیژیی دەوێت بۆ ئەوەی پریشكیت بەرنەكەوێت، لێرەوە دەتوانین بڵێین هەنگاوی هەرێمی كوردستان وپارتی ستراتیژی وگرنگ بوو و لەكاتی خۆیدا بوو بۆ سفركردنەوەی كێشەكان لەگەڵ ئێران، كە وایكرد ئەوەیە بپارێزرێین لە شەڕێك كە ئەو سەری دیارنیە، نەیهێشت شەڕێك كە پەیوەندی بەئێمەوە نیە بەزۆر بكرێینە بەشێك لێی.