پارتی و گێڕانەوەی هاوسەنگیی بۆ بارەلارەکەی عێراق

پارتی و گێڕانەوەی هاوسەنگیی بۆ بارەلارەکەی عێراق
پارتی و گێڕانەوەی هاوسەنگیی بۆ بارەلارەکەی عێراق

دەوڵەتی فیدراڵی، کاتێك لە ئەنجامی هەڵوەشانەوەی دەوڵەتی مەرکەزی ستەمکارەوە دروست دەبێت، یەکێك لە بنەما هەرە سەرەکییەکانی مانەوە و گەشەکردنی بریتییە لە "هاوسەنگی" و ڕەنگدانەوەی ئەم چەمکە لە فەرمانڕەوایی و بەڕێوەبردنی وڵاتدا، هاوسەنگی بە واتا پارێزگارییکردن لە مانەوەی پێکهاتەکانی وڵاتەکە و بەشدارییپێکردنیان لە فەرمانڕەوایی و جومگەکانی بڕیارداندا بەبێ پەنابردن بۆ زۆرینە و کەمینە، لەهەمان کاتدا پێدانی مافی ڕەتکردنەوە (ڤیتۆ) بۆ ئەو بڕیارانەی پەیوەندی بە چارەنووس و ژیانی ئەوانەوە هەیە و بەبێ ئیرادەی ئەوان دەردەکرێن، چونکە لە سایەی سیستەمی فیدراڵیزمدا، هەموو پێکهاتەکان لەپێناو مانەوە و گەشەکردندا بە شێوەیەکی ئازادانە و ئیختیاری بڕیاری مانەوەیان داوە لە چواچێوەی دەوڵەتەکەدا و لە مافی سەربەخۆییی تەواوەتی سازشیان کردووە، بۆیە هەرگیز ڕێگەپێدراونییە پێکهاتەیەکی دەوڵەت مۆنۆپۆڵی بڕیارەکان و سیاسەتی گشتی بکات، چونکە دەبێتە مایەی لاسەنگبوون و لە کۆتاییشدا پاکتاوکردنی ئەوانی تر و پێشێلکردنی بنەمای فیدراڵیزم.

یەکێك لە گرفت و کەچییەکانی پرۆسەی سیاسیی عێراق و قوڵبوونەوەی قەیرانەکانی بریتییە لە نەمانی “هاوسەنگی” و ڕەنگنەدانەوەی ئەم چەمکە لە واقیعەکەیدا، فەرمانڕەواکانی عێراق هەر زوو بنەمای هاوسەنگییان فەرامۆش کرد و لە بچووکترین دەرفەتدا کە بۆیان ڕەخسابێت، کورد و پێکهاتەکانی دەرەوەی خۆیانن لە تەواوی مافە دەستورییەکان بێبەش کردووە و بۆ ئەم مەبەستەیش پەنایان بۆ زۆرینە و کەمینەی پەرلەمانیی بردووە، بۆ نموونە نەیانهێشتووە هیچ هەرێمێک لە عێراقدا دروست ببێت، نەیانهێشتووە دادگایەکی فیدراڵی بە گوێرەی دەستوور پێکبهێنرێت، نەیانهێشتووە ئەنجوومەنی دووەمی یاسادانان درووست بکرێت (ئەنجوومەنی فیدراڵی)، نەیانهێشتووە سوپایەکی یەکگرتووی نیشتمانیی تاکە هێزی چەکداری عێراق بێت، نەیانهێشتووە دەوڵەت قەرەبووی زیانمەندانی ڕژێمی پێشوو بە یەکسانی بکاتەوە، نەیانهێشتووە دەزگا و دامەزراوەکانی دەوڵەت هەموو پێکهاتەکان بەشێوەی داپەروەرانە تیایدا هەبن و نوێنەرایەتیی هەمووان بکات…هتد، کە ئەمانە بنەما سەرەکییەکانی جێبەجێکردنی چەمکی "هاوسەنگی"ـین و کە ئەمانە بوون، واتا هاوسەنگیبوونی نییە و هەژموونی تەنها پێکهاتەیەك جێی گرتووەتەوە.

بە کورتی، واتا لە عێراقدا هاوسەنگی نییە و سیستەم و پڕۆسەکە لاسەنگە، لاسەنگە لەسەر حیسابی مافی کورد و بەشێك لە پێکهاتەکانی تر، یان لە دەرەوەی پرۆسەکەن یان بەشیوەی ڕواڵەتی لە پرۆسەکەدان، جا کاتێك پارتی دیموکراتی کوردستان یەکێك لە درووشمەکانی بۆ هەڵبژاردنی پەرلەمانی عێراق دەکاتە "هاوسەنگی"، ئەمە لەو سۆنگەوەیە کە عێراق لاسەنگە و دەبێت ڕاست بکرێتەوە، بەگوێرەی بەرنامەكەی پارتی، لە چوار ساڵی دابێ، كاردەكات بۆ دامەزراندنی ئەو دەزگا و دامەزراوانە کە هاوسەنگی بونیات دەنێن و ئەم لاسەنگییە ڕاست دەکەنەوە و پڕۆسەی سیاسیی عێراق لە لاڕێ و چەوتی ڕزگار دەکەن و دەیخەنەوە سەر ئەو ڕاستەڕێیەی دەستوور دیاریی کردووە و هەموان ئومێدیان لەسەر هەڵچنیوە. پێداگری و جەختكردنەوەی پارتی لەسەر سێ چەمكەكانی دروشمی سەرەكیی بانگەشە هەم متمانە دەگەڕێتەوە و هەمیش وەك دەستور دەڵێت گەرەنتیی یەکپارچەیی خاکەکەی دەکات، ئەمەیش ڕێگا ڕاستەکەی بوونیاتنانی دەوڵەتە نەك وەلانانی دەستوور و سەپاندنی ئەمری واقیع.