ئەردەڵان دۆسکی
نووسەر
100 حزب و 100 كورسی
پارتی سیاسی لە پرۆسەی دیموكراتی و گەیشتن بە حوكمڕانی هەر وا لەخۆیەوە دروست نابێت، گەر لەناو ئێش و ئازاری نەتەوەكەی لەدایك نەبووبێت.
رەنگە یەكێك لە كێشە ئاڵۆزەكانی نەتەوەی كورد بۆ ئەم خاڵە بگەڕێتەوە، بەوەی جگە لە پارتی دیموكراتی كوردستان هیچ حزبێكی دیكە هەڵگری بیری نەتەوەیی و نیشتمانی بۆ سەرجەم كورد و كوردستانییەكان نەبێت، ئەوان پەیام و بیروبۆچوونی دوور لە ناخی كورد بۆ مەبەست و مەرامی دیكە دامەزراون، حزب هەیە بۆ دژایەتی پارتی و بیری نەتەوەیی و هی دیكە هەیە هەڵگری بیری ئیخوان و جیهادی و بۆچوونی بیابانەكان دوور لە چیاكانەوە دامەزراون، كە هەرگیز لەگەڵ خواست و ویستی رەوای كورد و كولتووری كوردستانی یەك ناگرێتەوە.
بەداخەوە لە كوردستان هەر بەرژەوەندیخواز و ناكۆك و كەسێك دێت بەسوود وەرگرتن لە ئەجێندای دەرەكی و زۆرجار لەسەر حسابی ئازار و ئەشكەنجەی خەڵكی دۆخەكە دەقۆزێتەوە و دەست بە دامەزراندنی حزب و لایەنی سیاسی وا دەكەن، كە تەنیا بۆ پڕكردنەوەی كورسییەكانی پەرلەمان و بەدەستهێنانی سوودێكی ماددی لە پرۆسەی هەڵبژاردنە، ئەو پرۆسەیەی بەئاشكرا لەناو پشێوی پرۆسەی سیاسی لەدایك دەبێت، هەڵگری دروشمی قەبە و گەورەی بێ جێبەجێكردنە، پڕاوپڕی ئەو پەندە كوردییەی كە (هەڵگرتنی بەردی گەورە نیشانەی نەهاویشتنێتی).
زۆر سەیرە ژمارەی حزب و لایەنە سیاسییەكان لە كوردستاندا ئەوەندە زۆر بووە ساڵانە حزب لەت دەبێت و پارچە حزبی نوێی لێ دادەمەزرێت ، تەنیا پارتی دیموكراتی كوردستانە بە ڕێبەرایەتی سەرۆك مەسعود بارزانی كە حزبەكەی لەسەر دەستی سەرۆكی نەوتەوەیی مەلا مستەفا بارزانی لەهەناوی بزووتنەوەی ڕزگاریخوازی كوردستان دامەزراندوو حزبێك بوو دوای ویست و خواستەكانی گەلەكەیەوە بوو، ئێ خۆ دروشمی (شانازییە مرۆڤ خزمەتكاری میللەتی خۆی بێت) لەلایەن مەلا مستەفای سیمبولی كورد لە هاوشانی (كوردستان یان نەمان)ـەكەی شۆڕشی ئەیلوولەوە هاتووە.
پارتی حزبێكە خۆی زاڵ ناكات بەسەر میللەت و ئایدیۆلۆژیایەكی بەسەردا بڵاو ناكاتەوە، پارتی بۆ جێبەجێكردنی ماف و داواكارییەكانی خەڵك و گەیشتن بەئازادی و پاراستنی كەرامەتی تاكی كورد و كوردستانییەكان دامەزراوە، بەپێچەوانەی حزبەكانی دیكەی ناو پرۆسەی سیاسی كوردستان و عێراقە، تۆ بڕوانە حزب و لایەنی سیاسی هەیە بە ڕۆژ پێی لەناو حكوومەتەو بە شەو لە سۆشیاڵمێدیا و كەناڵەكانی دژی حكوقمەتە ، حزب و لایەنی سیاسی هەیە رۆژانە هیچ كار و بەرنامەیەكی نییە تەنیا دژایەیتكردنی حكوومەت نەبێت. سەیرە ئەو حكوومەتەی كە موڵكی خەڵكە و هەر ئەو حزبە سیاسییە خۆی كە ئەمڕۆ دژایەتی دەكات و دوای ئەجێندا و دەستێوەردانی دەرەكی كەوتووە بۆ ناشرینكردنی حكوومەت كەچی دواجار هەر خۆی لە پرۆسەی هەڵبژاردندا هەوڵی گەیشتن بەدەستهێنانی كورسییەكانی ناو پەرلەمان دەدات تاوەكو دواجار سازشی پێوە بكات و خۆی بخزێنێتە ناو حكوومەت و پۆستی باڵای دەستبكەوێت، نموونەشمان زۆرە لەچەند خولی پێشوو پەرلەماندا حزب هەبووە خۆی گەیاندووەتە پەرلەمان و حكومەت و پێگەو دەسەڵات و وەزیر و بەرپرسیارێتی باڵا و دامەزراوەی بەدەست هێناوە، كەچی ئێستا خۆی دەکاتە فریشتە و ڕەخنەی بە مەرامی سیاسی و خۆڵكردنە ناو چاوی خەڵكەوە بانگەشەی هەڵبژاردن دەكات.
من هەرگیز نەمگوتووە حكوومەت بێ كەموكوڕی نییە باشیش دەزانم هەر حكوومەتێكی دیكە بووایە لەبری كابینەی نۆیەم هەر زوو دەڕووخا و میللەتەكەی تووشی نەهامەتی دەبوون، چی حكوومەتێك هەیە بەرگەی كۆرۆنا و قەیرانی دارایی و بڕینی بودجە و دژایەتیكردنی حزبەكان (جگە لەپارتی) و هێرشی پەكەكە و سوتانی بازاڕ و سیخوڕیكردن بۆ نەیارانی كورد لە بەغدا و پایتەختەكانی وڵاتانی دەوروبەر و هێرشی درۆن و موشەكبارانی دامەزراوەكانی بگرێت، بەڕۆژی ڕووناک داوایان لە محەممەد شیاع سوودانی، سەرۆكوەزیرانی عێراق دەكرد بودجە و موچەی خەڵكی كوردستان ببڕێت.
كابینەی نۆیەمی حكوومەتی هەرێمی كوردستان خاوەنی سەرۆكێكی بوێر و ئازایە كە لە ڕۆژە سەختەكاندا میللەتەكەی خۆی جێنەهێشت و بەردەوامی بە پرۆسەی حووكمڕانی دا كە تاكە تروسكایی ئومێد و ئاواتەكانمانە، كابینەی نۆیەمی حكقومەتی هەرێمی كوردستان كابینەی خەڵكە بۆیە پارتی دیموكراتی كوردستان پاڵپشتی دەكات. چونكە باش دەزانێت هەرچی داواكاریی و خواستی ڕەوای خەڵك و ئومێ دو ئاواتێك هەیە تەنیا بە ڕێگای حكوومەت بۆ میللەتەكەی دێتە دی.
حزبی سیاسی وا هەیە لە سایەی ئەوەی پارتی سازش بۆ مافەكانی گەلی كورد لە نەیارانی كورد ناگات كەچی ئەو دەچێت پۆست و دەستكەوتیان لێ وەردەگرێت لەسەر حیسابی بەرژەوەندییە باڵاكانی كورد. بۆیە لەم خولەی پەرلەماندا پێویستە تەشریعاتەكانی هەڵبژاردن چاوی پێدا بخشرێنرێتەوە ناكرێت 100 كورسیمان هەبێت و 100 حزبی سیاسی و 100 كەسایەتی بەربژێر بێت و پاشاگەردانی سیاسی دروست بێت و ئیرادەی حزبەكان بەسەر ئیرادەی گەلی كوردستان بسەپێنرێت و حزب لەبری ئەوەی پرۆژە و بەرنامەو كاری پراكتیكی بێ بێت تەنیا كاری ڕووخانی حكوومەت بێت، من لە وەزیرێكی یەكێك لە حزبە ئیسلامییەكانم بیست و گوتی: "كاتێك لە ئۆپۆزسیۆن بووین خەڵكمان فێری شەڕە جنێو دەكرد ئێستا خۆمان لە حكوومەتین ئەو ڕەفتارەی خۆمان دەدورینەوە و ڕووبەڕووی خۆمان بووەتەوە". بۆیە پێویستە حزبی سیاسی ئامراز بێت بۆ بەدەستهێنانی مافە ڕەواكانی خەڵكی كوردستان و خزمەتی خەڵكی بكات نەك بە پێچەوانەوە.