دنیا چەندە سەیرە… ئێستا یەکێتی لە خۆمان پارتی ترە…!
ئەم گوتارە وەڵامێکی سادە و ڕاگوزارییە بۆ پەیامێکی یەکێتیی نیشتیمانیی کوردستان کە لەسەر باڵباڵێنی ناو پارتی و لە هەمان کاتدا هێرشێکی ناڕەوایە بۆ سەر سەرۆکی حکوومەتی هەرێم، بەمەبەستی داپۆشینی شکستە یەک لەدوای یەکەکانی یەکێتی لە ئیدارەدانی شار و پارێزگای سلێمانی، هەڵەبجە و هەردو ئیدارەی سەربەخۆی گەرمیان و ڕاپەڕین.
لە سیاسەتا غیرەت چیە؟ ئایا مەبدەئی داپڵۆسین، تیرۆر، دەمکوتکردنی کەسانی ئازادیخواز، بەرتەسک کردنەوەی ئازادیی گوتار، قۆرخکردنی بازاڕ و قۆڵبەستکردنی سەرمایەداران و بەتاڵانبردنی داهاتی پارێزگای سلێمانی، هەڵەبجە، ئیدارەی گەرمیان و ڕاپەڕین، نمایشی غیرەت و ئازایەتیە؟!
دەڵێن بەشێک لە هاوڵاتیانی ئەم دیو دێگەڵە بەشداریی لە پرۆسەی هەڵبژاردنی پارلەمانی کوردستان ناکەن، بایکۆت دەکەن و دەنگ نادەن، چونکە لە ئەدای حکوومەت توڕەن. ئەم هەڵوێستەی هاوڵاتیان مافێکی سروشتیانە. بەڵام ئایا لە کام حکوومەت توڕەن؟ لەو ماڵە باجێنەیەی یەکێتیی نیشتیمانیی کوردستان لە دەڤەری ئێمە (سلێمانی) دروستی کردوە کە وێنای حکومەتێکی کارتۆنی، بێئەزمون ئەکات، کە نە ئیلتیزامی تەواو بە ڕێنماییەکانی حکومەتی هەرێم دەکات و نە خۆجێیشە؟
کابینەکانی پێش کابینەی (٩)، کە زۆربەیان لە لایەن بەڕێز کاک نێچیرڤان بارزانیەوە سەرکردایەتیی کراون، سیاسەتی پارتی لەو قۆناغانەدا زیاتر ئیدارەدانی فەشەلە یەک لەدوای یەکەکانی یەکێتیی نیشتیمانیی کوردستان (فەشەلی ناوخۆیی و سیاسەتی دەرەوە) بوون، ئەویش لە پێناو پاراستنی یەکڕیزیی ناو ماڵی خۆمان. بەڵام ئایا قەدردانی سەرانی یەکێتی بەرامبەر ئەم نیازپاکییەی پارتی وکاک نێچیرڤان چی لێ بەرهەم هات؟ یەکێتی بە کارەساتی (١٦) ئۆکتۆبەر، سیاسەتی خۆ چەماندنەوە بۆ بەغدا (لە ڕێگای سپاردنی موچەوە) و خۆ بچوککردنەوە لە ئاست حەشدی شەعبیەوە زیانی گەورەی بە قەوارەی هەرێمی کوردستان گەیاند. مەخابن ئێستەش پاش تێپەڕینی زیاد لە (٤٨)ساڵ لە دامەزراندنی یەکێتی، گوتار و کرداری پۆپۆلیستی شوێنگرەوەی چەپکە گوڵەکەی مام جەلالە.
یەکێتی باسی باڵباڵێنی ناو پارتی دەکات. هەڤاڵ مەسرور بارزانی کاندیدی ئێمە بووە بۆ سەرۆکی ئەنجومەنی وەزیران. لەناو پارتیدا یەک هێڵی ئیدۆلۆجیی ڕون و ڕەوان هەیە؛ ئەو هێڵە بریتیە لە ڕێبازی مەلامستەفای بارزان کە سەرۆک مەسعود بارزانی سەرۆکایەتیی دەکات. کاتێک لە ڕەوتێکی سیاسیدا باڵباڵێن دروست ئەبێت ئەگەر گومان لە ڕابەرایەتیی سەرۆکی ئەو ڕەوتە بکرێت و پێگەی لەق بێت. عەجەبا پێگەی کاک مەسعود لەق بوە؟… کەس لە حیزبی ئێمەدا هەیە گومانی لە ڕابەرایەتیی کاک مەسعود هەبێت؟ یەکێتی بە خەیاڵێکی خۆشەوە ئەژی کە بە زمانی ئینگلیزی پێی دەڵێن (wishfull thinking).
یەکێتی دەڵێت پارتی بوە بە حیزبێکی لۆکاڵ. زۆر پێویستە خەڵکی کوردستان لە خۆیان بپرسن ئایا کێ حیزبی لۆکاڵە؟ چونکە لەو زۆنەی کە برادەرانی یەکێتی دەڵێن بەدەست پارتیەوەیە، هەرچی جموجۆڵی سیاسی و دیپلۆماسی لە هەرێمی کوردستان هەیە لە هەولێر و لەگەڵ (ڕێبەری نەتەوەیی) سەرۆک مەسعود بارزانی، سەرۆک نێچیرڤان بارزانی (سەرۆکی هەرێم) و سەرۆکی ئەنجومەنی وەزیران کاک مەسرور بارزانیدا چڕ بوونەتەوە. ئەم سێ بەڕێزەش لە دەرەوەی بەرپرسیارێتی نیشتیمانییان، ئەندامی پارتی دیموکراتی کوردستانن و ژمارەیەکی دیارن لە مەیدانی سیاسەتی ناوچەکە و بگرە جیهانیش دا. ئایا ئەمەیە لۆکاڵی بوونی پارتی؟
لەوەتەی مەسرور بارزانی بووەتە سەرۆکی حکوومەت، بەردەوامییەکی باشی بە پرۆسەی چاکسازی داوە کە لە قوڵایی کابینەکانی کاک نێچیرڤانەوە ئیلهام وەردەگرێت. بەڵام ئەوەی لە هەموی سەیرترە، یەکێتی لەبری ئەوەی مونافەسەمان بکات و خواخوای بێت ئێمە لەناوەوە تێک بشکێین، کەچی بە خەڵکی کوردستان دەڵێت: لهوەتەی مهسرور بارزانی دهسهڵاتی گرتۆتە دەست، دهستكهوتهكانی ههرێمی كوردستان ساڵ به ساڵ كهوتونهته مهترسیهوه و تهنانهت شیرازهی ناوخۆیی پارتیشی تێك داوه!
دیارە یەکێتی زۆر دڵی بە ئێمە ئەسوتێت و لە خۆمان پارتی ترە…!