هەرێمی کوردستان و سەقامگیری ناوچەکە
پەیوەندییەکانی هەرێمی کوردستان و کۆماری ئیسلامی ئێران، زادە و بەرهەمى رۆژێک و دووانى پەیوەندى دیپلۆماسى نێوان هەرێم و ئەم ولاتە گرنگەى ناوچەکە نییە. بەلکو پێشتر و ئێستاش هەردوولا هەولیانداوە پەیوەندییەکانیان لەسەر بنەماى بەرژەوەندى هاوبەش ببەنە پێشەوە، بەتایبەت کە لەنێوان هەردوولا سەرەراى پانتایەکى بەرفرەوانى سنور لەهەمانکاتیش کەلتوریکى نیمچە هاوشێوە کۆیاندەکاتەوە. هەڵبەت پەیوەندییەکى لەمشێوە ناکرێت بەدوور بێت لە هەڵکشان و داکشانى سیاسى و سەربازى، چونکە ئەم هەرێمە لە قۆناغێکى تەواو جیاواز دەژیت بەراورد بە ولاتێکى وەکو ئێران کە هەوڵى سەپاندنى هەژموونى خۆى دەدات بەسەر ناوچەک، رەنگە لەم پلانەشى هەرێمى کوردستان بوونى هەبێت، بەلام بەهۆى سەربەخۆیى سیاسەتى هەرێمى کوردستان ئەم خواستەى ئاسان نەبێت. رەنگە هەندێجار پەیوەندییەکان چووبێتنە خاڵێکى نەخوازراو، بەڵام لەگەڵ ئەوەشدا توولە رێیەک هەمیشە ماوەتەوە بۆ دووبارە نوێکردنەوە و دارشتنەوەى پەیوەندییەکان لەسەر بنەماى پاراستنى شکۆ و سیادەى هەردوولا.
ئاشکرایە کە پەیوەندى نێوان کورد و ولاتى ئێران مێژوویەکى دوور و درێژى هەیە، بەڵام لە ئێستادا کە کورد خاوەن هەرێمێکى سەربەخۆیە، بێگومان جۆرى پەیوەندییەکانیش گۆرانکاریان بەسەردا دێت و بگرە لەجاران زیاتر پێویستە ئەو پەیوەندییانە تووندو تۆڵ بکرێن لەسەر بنەماى هاوسێتى و دەستنەخستنە ناو کاروبارى یەکتر. ئەگەر بروانینە سەردانەکەى پزیشکیان، سەرۆک کۆمارى ئێران بۆ هەرێمى کوردستان لەم ساتە پر لە کێشمەکێش و هەوراز و نشێویەى ناوچەکە، ناکرێت بەهەند وەرینەگرین و خوێندنەوەى جدى بۆ نەکەین، بەتایبەت یەکەم سەردانیتى بۆ دەرەوەى ئێران و لەم نێوەندەشدا عێراق و لەوێشەوە هەرێمى کوردستانى هەلبژاردوە، بێگومان کۆمارى ئیسلامى ئێران، هێندە بەسانایى هەلبژاردن بۆ دۆست و بەرژەوەندییەکانى ناکات، ئەگەر تەواوى دڵنیا نەبێت لە بەهێزى و کاریگەرى لایەنى بەرانبەرى، دیارە هەڵبژاردنیشى بۆ هەرێم لەم سۆنگەوە سەرچاوە دەگرێت.
سەرەراى فرەوانى تخوبى نێوان هەردوولا و پەیوەندى بازرگانى نێوان هەرێم و ئێرانیش، بەلام کاریگەرى هەرێمى کوردستان بەسەر سیاسەتى دەوروبەر و رۆڵى جەنابى سەرۆک مەسعود بارزانى وەک مەرجەعى کوردان بەسەر کۆى رووداوە سیاسیەکانى ناوچەکەوە، سەرۆک کۆمارى ئێرانى ناچار بەسەردان و بەسەرکردنەوەى هەرێمى کوردستان و ئەنجامدانى گفتوگۆ لەگەڵ مەرجەعى کوردستان سەرۆک مەسعود بارزانى و جەنابى سەرۆکى حوکمەت کاک مەسرور بارزانى و هەروەها دیداریشى لەگەڵ سەرۆکى حوکمەتى هەرێم، لێکەوتەوە.
هەڵبەت شۆرشى ئیسلامى ئێران لە ساڵى 1979، لە کاتێکدا بوو کە ئەم هەرێمەى ئێستا بوونى نەبوو، بەگشتى کورد خاوەن هیچ هەرێم و دۆخێکى جوگرافى و سیاسى و دیپلۆماسى بەمجۆرە نەبوو، کەواتە سەردانەکەى پزیشکیان لە کاتێکدایە کە هەرێم خاوەن بوونى سیاسى و جوگرافى و دیپلۆماسیە، سەرەراى کاریگەرى بەهێزیشى بەسەر رووداوەکانى ناوچەکە. کەواتە هەرێمى کوردستان بەهەر جۆر و نرخێک بێت توانیویەتى فەرزى ئیرادە و کاریگەرى خۆى بکات، ئەوەش بەرپرسانى ئێرانى والێکرد داوەتنامەى فەرمى ئاراستەى جەنابى سەرۆک و مەرجەع کاکە مەسعود بارزانى بکەن بۆ ئەوەى بەسەردانى فەرمى بچێتە ئێران. دەشێ بڵێین هەرچەندە ئێران توانیویەتى بەشى هەرە زۆرى سیاسى و بازرگانەکانى عێراق لە زۆر رووى مەزهەبى و دیپلۆماسیەوە کۆنترۆل بکات، یاخود رامیان بکات، بەلام بەدڵنیایەوە سیاسیەکانى ئێرانیش گەیشتونەتە ئەو باوەرەى کە رامکردن یا دەستەمۆکردنى هەرێمى کوردستان لە سایەى سەرۆک مەسعود بارزانى پاروویەکى هێندە سادە و ئاسان نییە، بۆیە هاتنى سەرۆک کۆمارەکەیان ناراستەوخۆ داواکردنە بۆ دانیشتن و گفتوگۆ و دانوستان، بەتایبەت هەرێمى کوردستان دەتوانێت رۆلى نێوەندگیر بگێرێت لە کێشەکانى ناوچەکە بەتایبەت ئەوەى پەیوەندیدارە بە کێشەکانى نێوان ئەمریکا و ئێران، ئەوەش لەکاتێکدایە ئێستا هەرێمى کوردستان کەوتۆتە نێوان چوارینەکانى (ئەمریکا، ئێران، تورکیا و عێراق) بەوەى رۆڵێکى گرنگى هەیە لە سەپاندنى سەقامگیرى ناوچەکە.
لەکۆتاییدا ئەوەى پێویستە بیڵێین ئەوەیە کە لەحاڵى ئێستادا تەواوى ئێران و ئەمریکا کاریان بەهەرێمى کوردستان هەیە، ئەمریکا داواى پاشەکشەکردنى لەعێراق لێکراوە کە بێگومان رەنگە دوا مەنزڵگەى ئەمریکییەکان لەعێراق هەرێمى کوردستان بێت، ئەوەش بەهۆى ئەو سەقامگیریەى هەیەتى، لە هەمانکاتدا رەنگە دەوڵەتى ئێرانیش حەز بەمانەوەى ئەمریکییەکان نەکات لەعێراق و هەرێمى کوردستان بەتایبەت، بۆیە لێرەوە هەرێم دەبێتەوە چەقى قورسایى و راگرتنى باڵانسى هێز لەناوچەکە، کە حەتمەن ئەوەش بەهەوڵ و دووربینى سەرۆک مەسعود بارزانى و پارتییە.