سۆران لوقمان
نووسەر
درێسه‌كه‌ی دێسكی وه‌رزشی كوردستان24
كه له كوردستان24 ده‌ستم به كاركردن كرد، پێشتر له هیچ كه‌ناڵێكی دیكه كارم نه‌كردبوو، له گونجانم له‌گه‌ڵ كاری ته‌له‌ڤزیۆن دوودڵ بووم، كه‌چی له به‌ختی من له سه‌ره‌تاوه ئه‌ركی به‌ڕێوه‌بردنی دێسكی وه‌رزشیم پێ‌سپێردرا، شته‌كان بۆ من چاوه‌ڕواننه‌كراو بوون، به‌ڵام ئیتر كاتی ئه‌وه‌ش بوو قسه و بیرۆكه‌كانم بكه‌مه كردار.
له ده‌ستپێكه‌وه بۆ یه‌كه‌مجار له مێژووی میدیای كوردی تیروپشكی چامپیۆنزلیگمان راسته‌وخۆ به زمانی كوردی گواسته‌وه، دواتر جگه له تۆپی پێ گرنگیمان به‌یارییه‌كانی دیكه‌ش دا و راپۆرتی جیاوازمان له‌باره‌ی تێنس، فۆرمۆلا وه‌ن، باله و باسكه كرد و ئه‌مڕۆی وه‌رزشمان ته‌نیا له تۆپی پێ قه‌تیس نه‌كرد.
ئه‌وه‌ی له ماوه‌ی كاری میدیاییم له هه‌موو شتێك زیاتر شانازیی پێوه ده‌كه‌م، گرنگیدان بوو به وه‌رزشی نێوخۆیی، چونكه پێشتر به چاوێكی نزمتر سه‌یری هه‌واڵه‌كانی لۆكاڵی ده‌كرا، به‌ڵام كوردستان24 وای له میدیاكانی دیكه كرد بێن له‌سه‌ر رووماڵكردنی وه‌رزشی ناوخۆ ركابه‌ریی بكه‌ن، سه‌ره‌تا به كۆكراوه‌ی خولی نایابی كوردستان ده‌ستمان پێكرد، گه‌رچی سه‌ره‌تا رووبه‌ڕووی زه‌حمه‌تییه‌كی زۆر بووینه‌وه، به‌ڵام له‌گه‌ڵ تێپه‌ڕبوونی كات كاره‌كان روونتر ده‌بوونه‌وه و له یه‌كه‌م ساڵی ته‌مه‌نیدا، دێسكی وه‌رزشی كوردستان24 ته‌كانێكی باشی به میدیای كوردی دا، ئیتر ئه‌و بیركردنه‌وه‌یه هه‌ڵه‌یه‌ی گۆڕی كه پێیوابوو وه‌رزشی نێوخۆییی بێ بینه‌ره، به‌ڵكو له‌بری ئه‌وه‌ی به‌رنامه‌ی تایبه‌تمان بۆ ریال مه‌درید و بارسێلۆنا هه‌بێت، هه‌فتانه به‌رنامه‌یه‌كی تایبه‌تمان بۆ خولی نایابی كوردستان هه‌بوو، ئه‌وه‌ی (بی بی سی) بۆ پرێمه‌رلیگ و (ئه‌لعه‌ره‌بییه) بۆ خولی سعوودی ده‌یكات، كوردستان24یش بۆ خولی نایابی كوردستانی كرد، بۆ كۆپا ئه‌مریكا و یۆرۆی 2016 شه‌وانه به شێوه‌یه‌كی جیاواز كاتژمێرێك به‌رنامه‌مان هه‌بوو، له كاتی به‌ڕێوه‌چوونی ئۆڵمپیكی ریۆش بۆ یه‌كه‌مجار له مێژووی میدیای كوردیدا رووماڵێكی چڕی ئۆڵمپیكهكهمان كرد، له‌گه‌ڵ هاوكارانم وامان كرد رۆڵه‌ی وڵاته‌كه‌مان له‌جیاتی ئه‌وه‌ی ته‌نیا ببێته ته‌ماشاكار، خۆی له شاشه‌ی ماڵه‌كه‌ی ببینێته‌وه.
ده‌مێك بوو ده‌ستنیشانكردنی باشترینه‌كانی تۆپی پێی كوردستان هیوای من بوو، خۆشبه‌ختانه كوردستان24 ئه‌و ده‌رفه‌ته‌ی بۆ ره‌خساندم و بۆ یه‌كه‌مجار له مێژووی میدیای كوردی باشترینه‌كانی وه‌رزی رابردووی خولی نایابی كوردستان‌مان ده‌ستنیشانكرد. ئیڤان خالیدی یاریزانی یانه‌ی هه‌ولێر دوای ئه‌وه‌ی به باشترین یاریزانی خولی نایابی كوردستان24 ده‌ستنیشانكرا، له‌میانی رووماڵه گه‌وره‌كه‌ی كوردستان24 بۆ دوایین یاریی وه‌رزی رابردوو درێسه‌كه‌ی پێشكه‌شی دێسكی وه‌رزشی كوردستان24 كرد، بیرمه ئیڤان دواتر پێی‌گوتم تكایه ئه‌م رێچكه‌یه به‌رمه‌ده‌ن و زیاتر گرنگی به یاریزانی كورد بده‌ن، ئه‌وكات بۆم ده‌ركه‌وت ماندوبوونمان به‌فیڕۆ نه‌چووه، گه‌رچی له‌لایه‌ن زۆر كه‌س و لایه‌نه‌وه له به‌رامبه‌ر كاره‌كانمان ده‌ستخۆشیمان لێكراوه، به‌ڵام له‌لای من درێسه‌كه‌ی ئیڤان خالید بۆ دێسكهكهمان به‌نرخترین دیاریی بوو، چونكه ئه‌م دیارییه سه‌ڵماندی كه دێسكهكهمان خزمه‌تی یاریزانی كوردی كردووه و سوپه‌ر ستاری كورد هاوشانی كریستیانۆ رۆناڵدۆ و لیۆنێل مێسی خۆیشی له شاشه‌كه‌مان بینیوه‌ته‌وه. گه‌رچی رۆژانه هه‌واڵی زۆر له‌باره‌ی یانه ئه‌وروپییه‌كان ده‌كه‌ین و له ئیسپانیاوه یاریزانانی ریال مه‌درید و بارسێلۆنا وه‌ڵامی كوردستان24یان داوه‌ته‌وه و مایكی كهناڵهكهمانیان له‌به‌رده‌م بووه، رووماڵی كلاسیكۆ و یۆرۆ و كۆپا ئه‌مریكا و ئۆڵمپیك و پرێمهرلیگیشمان كردووه، به‌ڵام ئه‌م كارانه پێشتر له‌لایه‌ن هه‌زاران كه‌ناڵ و میدیاوه كرابوون، بۆیه شانازی به‌وه‌وه ده‌كه‌م، بۆ یه‌كه‌مجار به شێوه‌یه‌كی جیاواز كارمان بۆ وه‌رزشی نێوخۆیی كرد.