ماجد ده‌باغ
نووسەر
گله‌یی له‌وان مه‌كه‌ن له خۆتان بكه‌ن!
بڕوا به كێ بكه‌ین؟ به تره‌مپ یا پوتین، ئیسرائیل یا وڵاتانى هاوسێ و عه‌ره‌بى؟
له‌گه‌ڵ خۆمان راستگۆنین، ئه‌گه‌ر گوتمان چاره‌سه‌رێكى نزیك له ئاسۆدا به‌دى ده‌كرێت، به‌ڵام بڕوا به كێ بكه‌ین؟ به تره‌مپ یا پوتین، ئیسرائیل یا وڵاتانى هاوسێ و عه‌ره‌بى؟ ئایا چاره‌سه‌ره‌كه له چى دایه؟ ئه‌و وڵاتانه تاكه چاره و تاكه رێگایهكیشیان بۆ ده‌ستیشان نه‌كردووین. هه‌تا ئه‌گه‌ر له‌ڕووى پێشبینییشهوه بێت كه‌س ناتوانێت مه‌وداى چه‌مكى (نزیك) بزانێت، ئایا ساڵێكه، دووان یا ده ساڵى تر، یا ره‌نگه سه‌ده‌ى ده‌هاتوو بێت، كه‌س په‌ى پێ نابات، به‌ڵام ئه‌وه‌ى هه‌موو خه‌ڵك باش ده‌یزانێت ئه‌وه‌یه كورد یه‌كگرتوو نییه، زوو یا دره‌نگ حزبه‌كانیان به‌سه‌ر سێ یا چوار پارچه دابه‌ش ده‌بێت، نامه‌یه‌كى روون به ناحه‌زان و دوژمنانیان ده‌ده‌ن، تا چاوه‌ڕێى هه‌لى لێكترازیان بكه‌ن، له‌به‌رامبه‌ریشدا وڵاتانى دراوسێ سه‌ره‌ڕاى جیاوازیی و ناكۆكییه‌كانی نێوانیان له‌به‌رامبه‌ر كێشه‌ى كورد‌و لێدانى كورد یه‌ك ریز و یه‌ك هه‌ڵوێستن، جا كورد له هه‌ر شوێنێك بێت..
پێش مانگێك له‌مه‌وبه‌ر له رێگاى واتسابه‌وه وتوێژم له‌گه‌ڵ ژماره‌یه‌ك له نووسه‌رى سووننه‌كان له جیهانى عه‌ره‌بى ئه‌نجام دا، هه‌موو له‌سه‌ر ئه‌وه كۆك بوون سه‌رجه‌م چاره‌سه‌ره‌كان رێژه‌یین، یا چاره‌سه‌ر به‌دى ناكرێت.. له‌به‌رئه‌وه‌ى كورده‌كان خۆیان رێگاى (نا-چاره‌سه‌ر)و گرفتیان هه‌ڵبژاردووه، تا پهیوهندییهكایان به نیمچه بنبهستبوونێك گه‌یشت، جگه له‌مه‌ش جێگره‌وه‌شیان له‌به‌رده‌ستدا نییه حكومه‌ته‌كانیش جگه له جۆره‌ها شێوازى وه‌ك به‌ڵێنى ناڕاست و زه‌رده‌خه‌نه و له‌باوه‌ش گرتن و ماچ كردنى به‌درۆ، چاره‌سه‌رێكی دیكه‌یان بۆ كورد نییه. به‌درێژایى شۆرشه‌كانیان به به‌رده‌وامى كارتى كورد له‌لایه‌ن هێزه نێوده‌وڵه‌تى و هه‌رێمایه‌تییه‌كان بۆ یارىكردن بووه، هه‌ر هه‌موویان لهرێگاى ئهجێنداكانیانهوه له هه‌وڵى لێكترازانى حزبه‌كان و نانه‌وه‌ى ناكۆكى بوونه، هه‌میشه هانیان داون دوور له‌به‌ر چاو گرتنى به‌رژه‌وه‌ندى نیشتیمانى، پێكدادان له نێوانیان دروست بكه‌ن، هه‌تا ئه‌گه‌ر گۆڕانكاریش به‌سه‌ر سه‌ركرده‌كانى ئه‌و وڵاتانه‌ش دابێت، ئه‌وا هه‌ر هه‌موویان به چاوى هاونیشتمانى پله دوو یا سێ سه‌یرى كورد ده‌كه‌ن، ئه‌گه‌ر بۆ تاوێكیش له خه‌وه‌كه‌یان راچڵه‌كان ئه‌وا بابه‌تگه‌لێكى وه‌ك به‌رژه‌وه‌ندى و بترۆل و پڕكردنى گیرفان و هه‌ڵبژاردنى داهاتوو، بۆلاى خۆیان راده‌كێشێت.
به‌هه‌ر حاڵ كێشه‌ى كورد له‌سه‌ره‌تاى سه‌ده‌ى رابردوووه به دواخراوى و بێ چاره‌سه‌ر ماوه‌ته‌وه، ره‌نگه چه‌ندین ساڵ یا سه‌ده‌ى دیكه‌ش هه‌ر بهدواخراوى بمێنێته‌وه، ئێمه‌ى كوردیش هه‌ر خه‌ریكى نكلۆڵىكردنین له یه‌كترى و زوڵم و ناپاكیش له‌یه‌كتر ده‌كه‌ین و یه‌كتر ده‌كوژین.. ده‌شمانه‌وێت پێشكه‌وین!
پێشناكهوین تا یه‌كگرتوو نه‌بین، به‌ڵام پێموایه له‌م رووه‌وه جدى نین، ئامانجه ره‌واكانمان ئاسته‌مه به‌ده‌ست بێنین، ته‌نیا ئه‌و كاته به‌ده‌ست دێت ئه‌گه‌ر به‌رژه‌وه‌ندییه نیشتیمانییه‌كانمان خسته سه‌رووى هه‌موو به‌رژوه‌ندییه‌كانى تره‌وه، قوربانیدان و ته‌نازولكردن هه‌رچه‌ندێك بێت، بێ سه‌رپه‌رشتى و چاودێرى فلان و فلان له‌سه‌ر یه‌ك مێز دانیشین و كۆبینه‌وه.