ماجد ده‌باغ
نووسەر
"رۆژێك دادێ، خیانه‌ت رووى مه‌جلیسى ده‌بێت"
كوردستان تۆش خودات هه‌یه
ئێمه له‌سه‌روبه‌ندى دوو پرۆسه‌ى هه‌ڵبژاردنى په‌رله‌مانى داین كه وا بڕیاره ئه‌مساڵ له هه‌ر یه‌ك له هه‌رێمى كوردستان و عێراق به‌ڕێوه بچێت، ئه‌گه‌رچى له عێراق بڕیاردراوه له مانگى ئایارى داهاتوو ئه‌نجام بدرێت به‌ڵام له هه‌رێمى كوردستاندا تا ئێستا بڕیار له‌سه‌ر واده‌و رۆژى ئه‌نجامدانى نه‌دراوه، هاوشانى ئه‌مه‌ش پڕوپاگه‌نده‌ى هه‌ڵبژاردنیش تا دێت گه‌رمتر ده‌بێت، گوێبیستى جیابوونه‌وه‌ى كه‌سانێك له فلانه حزب و چوونه نێو حزبێكى دیكه، یا پێكهێنانى حزبى نوێ به‌ناوى زڵ و قه‌به و سه‌رنجڕاكیش له پێناو راكێشانى سه‌رنج و سۆزى ده‌نگده‌ران، ده‌بین.
ئه‌وه‌ى مایه‌ى گریان و پێكه‌نینه له‌یه‌ك كاتدا، ئه‌و كه‌سه به‌رێزانه‌ى له حزبه‌كانیان جیا ده‌بنه‌وه چه‌ندین ساڵى پڕ له خۆشگوزرانى و داهات و به‌خشینیان له نێو حزبه‌كه‌یان به‌سه‌ر بردووه، له پڕێكا له ساڵانى قات و قڕى و نه‌هاتى ، ویژدانیان له خه‌وه قووڵهكهیان ئه‌وانى وه ئاگا هێناوه‌ته‌وه، گاڵته به‌خۆیان ده‌كه‌ن، كه چۆن چه‌نده‌ها ساڵ پێشتر ئه‌ندام و قه‌ڵغانى به‌رگرى ئه‌و حزبانه بوون، تازه بۆیان ده‌ركه‌وتووه حزبه‌كه‌یان حزبێكى سهركوتكارو دیكتاتۆرى بووه خاوه‌ن هیچ توانا‌و بنه‌مایه‌كى سه‌ركه‌وتن نییه... تاد. به‌ڵام ئه‌گه‌ر تۆزێك خۆت به گه‌ڕان به دواى ئه‌و كه‌سه به‌ڕێزان ماندوو بكه‌یت كه له حزبه‌كانیان جیابوونه‌ته‌وه، كه‌سانێكن نه‌یان توانیوه ته‌زكیه‌ى حزبى پێشوویان بۆ به‌شداریكردن له هه‌ڵبژاردن به‌ده‌ست بێنن، وه‌ك تۆڵه سه‌ندنه‌وه‌یه‌ك جیابوونه‌ته‌وه‌و چوونه‌ته نێو حزبێكى ركابه‌ر، كه زۆر جار ئه‌و حزبه‌ى ده‌چنه نێوییه‌وه دوژمنى سه‌رسه‌ختى ئه‌و حزبه بووه كه لێى جیابوونه‌ته‌وه، یا بۆت ده‌رده‌كه‌وێت ئه‌و كه‌سانه‌ى تازه له‌سه‌ر گۆڕه‌پانى سیاسى ده‌ركه‌وتوون، كه‌سانێكن له به‌ڕێوه‌بردنى كاره‌كه‌یان شكستیان هێناوه، یا مه‌گه‌ر هه‌ر خوا مهیهستى راسته‌قینه‌یان بزانێت! كه به بۆچوونى من ئه‌مه شێوازێك له (ههڵپهڕستى) به واتاى وشه له دوو لێكدانه‌وه زیاتر هه‌ڵناگرێت:
- یه‌كه‌میان: ئاماژه‌یه به جۆرێك له یارى كردن به هاووڵاتى، چونكه له‌به‌رده‌م راى گشتى و ده‌نگده‌ران ده‌رى ده‌خات كه كه‌سێكى به‌رژه‌وه‌ندخوازه‌و به‌رژه‌وه‌ندى خۆى به ئیمتیازه‌وه خستووه‌ته سه‌ر هه‌موو به‌رژه‌وه‌ندییه‌كانى دیكه، وه‌ك ئه‌وه‌ى بیه‌وێت ئه‌و سیمفۆنیه باوه بۆ ئه‌و كه‌سه بێ هیواو تووڕه له به‌رامبه‌ره‌كه‌یان لێبدات كه وا راهاتوون به بیستنى به گه‌رمى چه‌پڵه بۆ هه‌ر مۆسیقا ژهنێكى له‌مجۆره لێده‌ده‌ن پێیان بڵێت:" داواى لێبووردن له مێژووى نا شهریفانهم خۆم له نێو ئه‌و حزبه ده‌كه‌م كه تیایدا كارم ده‌كرد، وا پێویستى ده‌كرد ئاگادارتان بكه‌مه‌وه، ده‌بووایه زۆر زووتر پێتانم رابگهیاندبووایه به‌ڵام تۆزێك لێى دواكه‌وتم!!". كه ئه‌مه‌ش ده‌ریده‌خات دواى به‌سه‌ر بردنى چه‌نده‌ها ساڵى پڕ له خۆشیى و سه‌خاوه‌ت له باوه‌شى حزبه‌كه‌ی، تازه به‌تازه بۆى ده‌ركه‌وتووه رێبازى تێكۆشانى حزبه‌كه‌ى باش نه‌بووه، له ژێر لیته‌وه دژى ویست گه‌ل و مافه شهرعییهكانى كارى كردووه!! تا پێیان بلێت لێتان ناشارمه‌وه له پێناو به‌ده‌ستهێنانى به‌رژه‌وه‌ندى باڵاى نیشتیمان و زامن كردنى ژیانێكى شهرفمهندانهو خۆشگوزه‌رانى گه‌ل و دابین كردنى مووچه‌و هه‌نگوین و ماست، ته‌نانه‌ت جه‌رجیر بۆ هه‌ر هاووڵاتیه‌ك دووچارى .....، بڕیارى جیابوونه‌وه‌م له حزبه‌كه‌م دا.. براى جیابۆوه بیرى چۆته‌وه دواى ئه‌وه‌ى له حزبه‌كه‌ى فهرامۆشكرا له دروستكردنى حزبێك و هاوپه‌یمانى له‌گه‌ڵ حزبه‌كانى دیكه به‌و لاوه بۆ زامن كردنى له‌ده‌ست نه‌دانى ده‌سه‌ڵاته‌كه‌ى له لایه‌ك و تۆڵه سه‌ندنه‌وه له حزبه‌كه‌ى له لایه‌كى دیكه‌وه هیچى له‌به‌رده‌م نه‌ما تا جارێكى دیكه بتوانێت یارى به موقهدهراتى نیشتیمان بكاته‌وه.. ئا به‌م شێوه‌یه دهمو چاوه‌كان خۆیان نوێ ده‌كه‌نه‌وه!!.
- دووه‌میان: ئه‌وانه له‌سه‌رى لووتیانه‌وه به‌وه لاوه نابینن، له كاتێك هه‌رێم له‌به‌رده‌م مه‌ترسییه‌كى گه‌وره‌ى حه‌شدى شه‌عبى دایه، ئه‌وان به پێچه‌وانه‌ى ئه‌وه‌ى بانگه‌شه‌ى بۆ ده‌كه‌ن له جیاتى كاركردن بۆ به‌رژه‌وه‌ندى نه‌ته‌وه‌كه‌یان، به پێچه‌وانه‌وه كار بۆ به‌رژه‌وه‌ندى دوژمنانى نه‌ته‌وه‌كه‌یان ده‌كه‌ن، هه‌ندێ كه‌سى ته‌فره دراو له‌سه‌ر شاشه‌ى ته‌له‌فزیۆنه‌كانه‌وه ده‌ستیان بۆ داگیركه‌ر درێژ ده‌كه‌ن و تۆقه‌یان له‌گه‌ڵ ده‌كه‌ن له‌گه‌ڵیان داده‌نیشن، بیانوو بۆ ئه‌و كاره‌شیان به‌وه ده‌هێننه‌وه گوایه ئاشتى باشترین هه‌ڵبژارده‌ى ستراتیژى و ته‌كتیكى سیاسییه‌و سوودى گشتى بۆ نه‌ته‌وه‌ى كورد ده‌بێت، له‌كاتێكدا له ئاكامى ئه‌م كاره‌یان زهبڕێكى كوشنده به‌ر وێنه‌ى كوردى خاوه‌ن خاك و ناوچه‌كه ده‌كه‌وێت. ( شه‌هید غه‌سان كهنفانى نووسه‌رى فه‌له‌ستینى ) راستى گوتووه:"رۆژێك دادێ، خیانه‌ت رووى مه‌جلیسى ده‌بێت".
- ئه‌گه‌ر ئێمه له به‌رگرى كردن له كێشه‌ى نه‌ته‌وه‌ى كورد شكستمان هێنا، باشترین بژارده ئه‌وه‌یه كار بۆ گۆڕینى به‌رگریكاران بكه‌ین، نه‌ك گۆڕینى كێشه‌كه، ئه‌وان خۆیان خسته نێو باوه‌شى سه‌ركرده‌كانى به‌غدا تا له‌گه‌ڵ حزبه‌كانى عێراقى فیدراڵ و میلیشیاكانى شیعه كه ده‌ستیان له داگیركردنى كه‌ركووك و ئه‌و ره‌وشه ناڵهبارهى به‌سه‌ر كوردستان داهات هه‌بوو هه‌روه‌ها له‌باربردنى تواناكانى هه‌رێم تا نه‌توانێت هه‌ڵسێته‌وه‌و به‌رگرى له خاكى بكات كه وڵاتانى دراوسێ چاویان تێبڕیوه، یا نه‌توانێت رووبه‌ڕووى دوژمنانى ببێته‌وه.
یا به واتایه‌كى وردتر ئه‌وان له جیاتى كاركردن بۆ سووك كردن ئابڵووقه‌و داگیركارى شیعه‌كان، سه‌ردانى به‌غدا یان كرد‌و له‌گه‌ڵ (قاسم سلێمانى) فه‌رمانده‌ى فه‌یله‌قى قودس دانیشتن، له‌وه‌ش زیاتر له‌به‌رامبه‌ر وه‌رگرتنى چه‌ند دۆلارێك یا پشكیان له نه‌وتى كه‌ركووك و پاراستنى كورسی و ده‌سه‌ڵاته ساختهكهیان كه به پێى حوكمى مێژوو به‌رده‌وام نابێت، داوایان لێیان كرد ئابڵووقه‌ى زیاتر بخه‌نه سه‌ر هه‌رێم.
له هه‌ردوو حاڵه‌تدا، پێ ناچێت دیاره‌كه ته‌نیا بۆ یه‌كلایى كردنه‌وه‌ى حیساب و موزایه‌ده‌ى سیاسى نێوان حزبه‌كان بێت، به‌ڵكو ته‌نیا بهرژوهندخوازییهكى رووته، زۆر دووره له باشتركردنى بژێوى هاووڵاتیان و پێشكه‌شكردنى ساده‌ترین خزمه‌تگوزارى وه‌ك ئه‌وه‌ى له هه‌ڵمه‌تى هه‌ڵبژاردنه‌كان بانگه‌شه‌ى بۆ ده‌كه‌ن!!
به‌ڕێزان: ئه‌وه‌ى له هه‌رێم ده‌گوزه‌رێت ته‌نیا پشێوییهكى بێ ئامانه و كوردستانى گرتۆته‌وه، نه یه‌كڕیزیی، نه یه‌ك گوتاریی، نه به‌رژه‌وه‌ندییه‌كى گشتى چ له‌لاى ده‌سه‌ڵاتدار چ له لای به‌رهه‌ڵستكاران بوونى نییه تا پێكه‌وه‌یان كۆبكاته‌وه، ده‌سه‌ڵاتدار به‌باشى حوكمڕانى ناكات و به‌رهه‌ڵستكارانیش نازانن ره‌خنه بگرن و به خراپى به كارى دێنن، "بڕیارى هه‌ڵه، تێگه‌یشتنى هه‌ڵه، كاردانه‌وه‌ى هه‌ڵه"، ئه‌گه‌ر له‌سه‌ر ئه‌م ئاراسته‌یه به‌رده‌وام بین، ئه‌وا ئێمه له‌به‌رده‌م نه‌خشه‌یه‌كى سیاسى پڕ له كاره‌سات ئامێز‌و ناسه‌قامگیرى سیاسى و ئه‌منى داین، وا پێده‌چێت مێژوو جارێكى دیكه خۆى دووباره بكاته‌وه، پێویسته بۆ پێش‌گرتن به خۆماندا بچینه‌وه‌و وانه‌و به‌ندى لێ وه‌ربگرین.
له هه‌موو بارێكدا وه‌ك ئه‌وه‌ى له مێژوو تێگه‌یشتووم له بۆچوونى خۆمه ده‌ڵێم: كه تۆ ده‌توێت (سیسته‌مى حوكم) بڕووخێنیت، به هه‌موو توانایهكیشت هه‌وڵ بۆ شكستپێهێنانى پرۆژه‌ى (ده‌وڵه‌ت) ده‌كه‌ى، نه هه‌ستى پێ ده‌كه‌یت، یا لێشى تێده‌گه‌یت!
كوردستان تۆش خودات هه‌یه.