ڤێتنام و ئەمریکا.. کوردستان و عێراق دوو رووی یەک دراو

مەوەستن بە بیانووی رابردوو، داهاتوو گرنگترە

ڤێتنام و ئەمریکا.. کوردستان و عێراق دوو رووی یەک دراو
ڤێتنام و ئەمریکا.. کوردستان و عێراق دوو رووی یەک دراو

شەڕی ئەمریکا و ڤێتنام ساڵی 1955 تا ساڵی 1975 بەردەوام بوو. شەڕێک کە نازناوی درێژترین شەڕی لەمێژوودا وەرگرت. ئەمریکا لەو 20 ساڵەدا، سڵی لە هیچ جۆرە تاوانێک نەکردەوە لەهەمبەرهاووڵاتیانی ڤێتنام.

ئەو بۆمبانەی کە ئەمریکا بەسەرڤێتنامییەکاندا باراندی، زۆر زۆرتربوون لەو بۆمبانەی لە جەنگی جیهانی دووەمدا بەکارهێنران.

ئەمریکییەکان بۆ ئەوەی سەربازان ویت کنگ لە ژێر دار وگژو گیای ئەو ناوچەیەدا خۆیان حەشارنەدەن، دەستیان دابویە ڕژاندنی کۆمەڵێک ماددەی کیمیایی.

لەساڵی 1969، 1000000 هێکتارلە دارستانەکانی ئەوناوچەیە لە ناوچوون. تەنانەت سەرچاوەکانی ئاودێریان کیمیایی کردن بۆ ئەوەی لە کاتی ئاودێریدا بتوانن زۆرترین زیان بەردارستان و کشتوکاڵی ڤێتنامییەکان بدەن.

جگە لە سێ ملیۆن کوژراو؛ تا سێ نەوە ڤێتنامییەکان گیرۆدەی کۆمەڵێک کێشە لەوێنەی، منداڵی ناکام و خاوەن پێداویستی تایبەت بوونەوە. لە مۆزەخانه‌ی ڤێتنام تا ئێستەش کۆمەڵێک منداڵ دەبینیت، قەد باڵایان لە 50 سم تێپەڕ ناکات، دەستەکانیان بچووک و روخساری شێواو.

بەشێکی زۆری ڤێتنامییەکان، بەناچاری هەزاران مەتر تۆنێلیان لێدا، قوتابخانە و نەخۆشخانەکانیان بردە ژێر زەوی. سەرەڕای ئەمەش ئەمریکییەکان وازیان لێ نەدەهێنان و بۆمبیان بەسەردا دەباراندن و ئۆکسجینی لەهەوادا نەدەهێشت، لەتۆنێلەکاندا قەتڵ وعامیان دەکردن، ئەمریکا پاش هەزاران رۆژ شەڕ، 45 هەزار کوژراو، 300 هەزاربریندار و ملیاران دۆلار زیانی پێگەیشت و بەبێ هیچ دەسکەوتێک خاکی ڤێتنامی بەجێهێشت.

ئەگەر تاکە وڵاتێک بوونی هەبێت بۆ ئەوەی تاکۆتایی هەموو جۆرە پەیوەندییەک لەگەڵ ئەمریکادا هەڵپەسێرێت، هەموو ڕۆژێک ئاڵاکەیان بسوتێنێت ئەوە ڤێتنامە، بەڵام ڤێتنام چۆن مامەڵە دەکات؟ لەبری ئەوەی بەسەرئاڵای ئەمریکادا رێبکەن، ئەوە یاری بەعەقڵی ئەمریکا دەکەن.

چۆن؟ لە رێگەی گەشەی ئابووری، بەرهەمی ناوخۆیی، بوون بەوڵاتێکی ئارام بۆ ئیش وکار وسەرمایەگوزاری، بوون بەهاوبەشی کۆمپانیا زەبەلاحەکانی ئەمریکا.

لە نێوان 200 وڵاتی بەهێزی جیهاندا ڤێتنام یەکێکە لەو وڵاتانەی کەسەرمایەی ئەمریکی تێدا بەگەڕخراوە.

ڤێتنامییەک دەڵێت: "بەڵێ! ئێمە یادەوەرییەکی باشمان لە ئەمریکییەکان نییە وهەرچەندە من لەوکاتەدا لەدایک نەبوبووم، من رقم لە ئەمریکایە، بەڵام ئەو رقە نابێت وام لێبکات بەزیانی خۆم وڵاتەکەم بێت و لە رابردوودا بووەستین".

شەڕێک 43 ساڵە تەواو بووە و ڤێتنامییەکان نەیانکردە وێستگەیەک بۆ ئەوەی لەگەشەی ئابووری وسەربازی وتەکنۆلۆجی بوەستن.

دارستانەکان، تۆنێلەکان، ئەوچەکانەی شۆڕشگێڕەکان وهاووڵاتیانیان پێی دەکوژرا، هەنووکە لە مۆزەخانەکانی ئەواندا ئەمریکییەکان بەپارەدێن سەیری ئەو مێژووە دەکەن.

ئەوچەکانەی هاووڵاتیانی بێنازیان پێی دەکرایە قوربانی، ئێستە لەمۆزەخانەکاندا هەرگەشتیارێکی ئەمریکی دەتوانێت یەک فیشەکی پێی بتەقینێت بە 2 دۆلار.

لەسیاسەتدا دۆست و دوژمنی هەمیشەیی بوونی نییە. ئەوە بەرژەوەندی نەتەوەیین کە هەمیشەیی ونەمرن. لە هەر دۆستی ودوژمنێکدا، پێویستە بەرژەوەندی میللەت پارێزراوبێت. نابێت رق لێبوونەوەی ئەوانیتر، ئێمە لە رابردوودا راگرێت و لە جوغزێکدا گەمارۆمان بدات.

لەکۆتاییدا دەمەوێت بڵێم، پێویستە دەسەڵاتدارانی هەرێمی کوردستان و کۆمەڵگەی کوردی، لە رابردوودا نەوەستین و شارو لادێ و مۆزەخانەکانمان بکەینە سەرچاوەیەکی باشی ئابووری.

ئەوچەکانە بێنین و مۆزەخانەیان پێبکەینەوە، رۆژگارێک مێشکی شۆڕشگێڕانیان دەپژاند و ژنێکی دووگیانیان بەکۆرپەکەیەوە کوناودەر دەکرد.

نیشتیمان بکەنە وێستگەیەک بۆ نەوەکانی عەرەب و فارس و تورک بە پارە بێن بۆ دیداری و شەرمەزاری وهەمەجیەتی خۆیان ببینن.

مەوەستن بەبیانووی رابردوو، داهاتوو گرنگترە.