کۆرۆنا و گۆڕانی سیستەمی جیهانی

چەندین ساڵ و سەدەیە کە جیهان لەسەرشێواز و تایپی رۆژئاوایی بەڕێوەدەبرێت

کۆرۆنا و گۆڕانی سیستەمی جیهانی
کۆرۆنا و گۆڕانی سیستەمی جیهانی

چەندین ساڵ و سەدەیە کە جیهان لەسەرشێواز و تایپی رۆژئاوایی بەڕێوەدەبرێت. شێوازی بەڕێوەبردنی خۆیان رەنگ رێژ کردبوو و بە هەموو شێوەیەک هەوڵیان دەدا بەسەر جیهاندا بیسەپێنن، تاڕادەیەکی زۆریش سەرکەوتوو بوون.

ئەم تایپە لە حوکمڕانی، بەشێوەیەک ئارایشت و وێناکرابوو، لە رێگەی ناوەندە نێودەوڵەتی و رێکخراوەکانی کۆمەڵگەی مەدەنییەوە، گوایە کۆمەڵگە و جیهان و مرۆڤایەتی بە یەک چاو سەیردەکرێن و هەمان ماف و ئەرکیان هەیە. لە راستیدا، یارییان بە تەواوی مرۆڤایەتی کرد.

سەری ئەو مەنهۆڵە هەڵدرایەوە و ئەگەر مرۆڤایەتی فریانەکەوێت، هەتوان و پێکوتەیەک نەدۆزێتەوە، بۆن و بەرامەی ئەم تایپە لە حوکمڕانی هەمووان بە بۆنەوە دەخات و گێژوو وێژ و لە پەلوپۆمان دەخات.

گۆڕانی پارادایمەکان هێندە سادە و ساکار نییە، پارادایمەکان ئاوێتەی گۆشت و خوێن و ئێسکی مرۆڤەکان و کۆمەڵگە بوون و باكگراوندێکی مێژووییان هەیە.

بەهێزن و بە ئاسانی ناگۆڕدرێن و سەرەڕای ئەمەش بەرژەوەندی گروپ گەلێکیان لە هەگبەدایە و هەوڵی مانەوەیان دەدەن.

گۆڕانکاری لە پارادایمەکاندا، شۆڕشێکی ئابووری و سیاسی وکۆمەڵایەتی و کولتووری بە شوێن خۆیدا دەهێنێت.

گۆڕانکاری لە هەر پارادایمێکدا، پێویستی بە بزاوت و جووڵەیەکی بەهێز هەیە، وەک جرەقەیەک لە ژوورێکی داخراوی پڕ لە غازدا.

ئەم چوارچێوە هزری و فەرهەنگییە، کۆمەڵێک نموونە و بیرۆکە بۆ تاقم، یان کۆمەڵگەیەک دادەڕێژێت. هەر گرووپ و کۆمەڵگەیەک، "راستییەکانی" خۆی لە نێو چوارچێوەیەکی پارادایمی کە پێی راهاتووە، لێک دەداتەوە.

پارادایمە کۆنەکان لە رێگای فێرکردنی تاک و کۆمەڵگەوە، دەبنە چوارچێوەگەلێکی روون و بێ قسە و باس.

کۆرۆنا دەتوانێت رۆڵی ئەو هێزە ببینێت. پاوەرێک بە ئامانجی گۆڕینی حوکمڕانی جیهان و لە دایکبوونی پارادایمی نوێ. کۆرۆنا دەکرێت وەک ئەو جەرەقەیە وێنابکرێت لە ژوورە داخراو و لۆبی کراوەکانی سیاسەتتدا، دەبێتەهۆی گۆڕانکاری لە گۆڕەپان و یاسای گەمە سیاسییەکان.

جیهان لە سەروبەندی لە دایکبوونی سیستەمێکی سیاسی و ئابووری و فەرهەنگی نوێدایە، نەک بە تایپە رۆژئاواییەکەی، بەڵکو گەمەکەر و بەرژەوەندی هاوبەش و جیاواز لە خۆدەگرێت.

کۆرۆنا خاڵێکی وەرچەرخانە لە کۆی سیستەمی سیاسی جیهانیدا، دەتوانێت تۆفانێکی گەورە بینێتە ئاراوە. تۆفانێک ئەم ئارایشتە موزەیەفە لە ناو دەبات و شارستانییەتی نوێ لە دایک دەبن.

پێویستە دەسەڵاتداران، نووسەران، رۆشنبیران، ئابووریناسانی هەرێمی کوردستان، سوود لەم دەرفەتە و گۆڕانی پارادایمی حوکمڕانی جیهانی ببینین و چەند هەنگاوێک لە رووی کۆمەڵایەتی و سیاسی و ئابووری بەرەو پێشەوە بچین.