فهرحان جهوههر
نووسەر
کۆرۆنا ناکۆکییەکانی قوڵتر کردنەوە
دونیای پێش کۆرۆنا ڤایرۆس جیاواز دەبێ لە دونیای دوای کۆرۆنا
لە دوای دەرکەوتنی کۆرۆنا ڤایرۆس لە چین و بڵاوبوونەوەی بە جیهاندا، ناکۆکییە هزری و ئایینی و شارستانییەکانی نێوان بیرمەندان و زۆرێک لە گەلانیشی قوڵتر کردووهتەوە.
لە ئەمریکا هەر لە سەرۆکی وڵاتەوە تا سیاسییەکانی خوارتر، ئەم ڤایرۆسەیان ناو ناوە ڤایرۆسی چینی، هەروەک لە تویت و کۆنگرە رۆژنامەوانییەکانی ترەمپ دەیبینین، هەروەها چین و هەندێک جاریش روسیا وا رادەگەیهنن، ئەم ڤایرۆسە ئەمریکا بڵاوی کردووهتەوە، بۆ ناشیرینکردنی وێنەی یەکتر و دەستکەوتی سیاسی، دوای ئەوەی چین رایگەیاند، زاڵبووە بەسەر کۆرۆنا ڤایرۆس و راپۆرتێکی بڵاوکردووهتەوە، کە سەرچاوەی ئەم ڤایرۆسە لە دەرەوەی چین پەیدا بووە و بە دیارکراویش لە ئەمریکا هاتووە. لەلایەکی تر، خاوەن بیرە چەپەکان و ئاییندارە تووندڕەوەکان، بە دەستکردی دونیای سەرمایەداری و ئەمریکای دادەنێن بۆ دەستکەوتی ئابووری و سیاسی. هەندێکیشیان دوای ئەوەی زانییان ئەم بۆچوونە زۆر جێگای خۆی ناگرێ، ئیدی کەوتنە راگەیاندنی ئەو هزرەی پێیوایە، ئەمە داهێنانی خودایە بۆ لووت شکاندنی دونیای مۆدێرن و زانستە، کە تائێستا لە بەردەمیدا دەستەوەستانن. هەروەها جارێکی تر تێزی ناکۆکی شارستانییەتەکانی لە نێوان هەردوو شارستانی رۆژئاوا و رۆژهەڵات زیندووکردەوە، کە دەبینن، چین بەبێ هاوکاری هیچ وڵاتێک، دەیەوێت ئەم پەتایە کونتڕۆڵ بکات و هاوکاری وڵاتانی تریش بکات، بەمەش بیرمەندانی چەپ و دژە نیولیبڕاڵەکان، بە ئیفلاسی بیری سەرمایەداری دادەنێن و سیستەمی تاک حیزبی کۆمۆنیستی چین، بە سەرکەوتووتر و باشتر دەزانن بۆ دونیای دوای کۆرۆنا ڤایرۆس. فەیلەسوفی فەرەنسی میشال ئۆنیڤەر پێیوایە، سیستەمی ئابووری لیبراڵی ئەورپی، بەرەو رووخان دەچێت، دوای ئەوەی لێگەڕا خەڵکە پیرەکەی لە ساڵۆنی نەخۆشخانەکان دوا هەناسە بدەن و بمرن.هەروەها پزیشکەکانی بەبێ هۆیەکانی خۆپاراستن لە بەرەکانی جەنگی کۆرۆنا ڤایرۆس جێ هێشتن. پێیوایە ئەمانە جۆرێک لە سیستەمی ئابووریان داهێناوە، جگە لە قازانج بیر لە هیچ شتێکی تر ناكەنەوە، بۆیە وەک ئیمپراتۆرییەکانی پێشوو، جگە لە رووخان و لە ناوچوون، هیچ رێگایەکی تریان نییە. هەروەها لە ناوچەی ئێمەش ناکۆکی قوڵ لە نێوان زانست باوەڕان و بڕوادارنی سیاسی سەری هەڵداوە، ئیسلامی سیاسی دەیەوێت بە قازانجی سیاسی بۆ خۆی بیشکێنێتەوە، بەڵام بەهۆی ئەوەی لە سەرەتا بۆچوونێکی یەکگرتووی نەبوو، بۆیە دووچاری شپرزەیی هاتووە، لە سەرەتای پەیدابوونی ڤایرۆسەکە، بە دەستکردی ئەمریکای لە قەڵەمدا، کەچی دواتر ئەم بۆچوونەی گۆڕی و ناوی نا کارێکی خودایە و بۆ عیبرەت لێ وەرگرتنی کافرەکانە، كاتێکیش گەیشتە خۆیان و ناچاربوون هەموو شوێنە ئایینییەکان بە حەرەمی مەکەش دابخەن، ئیدی دەست بەتاڵ ماونەتەوە، ئەوانیش ئێستا وەک هەموو جیهان چاویان لە تاقیگە زانستییەكانە، چارەسەرێکیان بۆ بدۆزنەوە.
هەموو ئەو ناکۆکی و بیروبۆچوونە جیاوازانە، پێمان دەڵێن: دونیای پێش کۆرۆنا ڤایرۆس، جیاواز دەبێ لە دونیای دوای کۆرۆنا.