کۆرۆنا ڤایرۆس و متمانەی سیاسی

حکومەت و کۆمەڵگەی کوردی ئاشت کردەوە

کۆرۆنا ڤایرۆس و متمانەی سیاسی
کۆرۆنا ڤایرۆس و متمانەی سیاسی

کۆرۆنا ڤایرۆس، کۆی سیستەمی ئابووری و سیاسی و کارگێڕی جیهانی خستە ژێر پرسیارەوە. تیۆرەکانی کۆمەڵناسی ودەروونناسی و لەسەروو هەموشیانەوە، تیۆری پیلانگیڕی ئاوەژوو کردەوە و مرۆڤ سەنتەری رۆژئاوای خستە ژێر پرسیارێکی کۆنکرێتییەوە.

دەوترێت ڤایرۆسی کۆرۆنا ڤایرۆسێکی دیموکراتە: دیموکراتانە مامەڵە دەکات. هەژار و دەوڵەمەند ناناسێت. بەڕێوەبەرو کرێکارێک بەیەک شێوە گێرۆدە دەکات. بەڕاستی وایە؟

خۆزگە وا دەبوو. بە داخەوە سەرجەمیان بانگەشەی بێمانان و دوورن لە راستییەوە. هیچ دیاردەیەکی دیموکراتی بەم مانایە لە واقیعدا نییە. یان باشترە بڵێم هەموو دیاردەیەک لە جیهانی دیموکرتیدا، بە شێوەیەکی دابڕاو مامەڵە دەکات، بەڵام لە چۆنیەتی مامەڵکردن لە گەڵ واقیعدا فۆڕمێکی چینایەتی لەخۆ دەگرێت. وەک ئەو شلەیە، بە رواڵەت هیچ فۆرمێکی نییە، بەڵام کاتێک دەکرێتە ناو قاڵبێکەوە شکڵ وشێوەی ئەو، وەردەگرێت. باشترە ئاماژە بە چەند نموونەیەک لە هەمبەر دیموکراتی بوونی ڤایرۆسی کۆرۆنا بکەین:

ڤایرۆسی کۆرۆنا دیموکراتیانە مامەڵە دەکات، بەڵام لە وڵاتێکدا، کە کیتی دەستنیشانکردن سنووردارە، بەرپرسەکان دەتوانن بە بچووکترین دەرکەوتە پشکنینیان بۆ بکرێت و وەڵامیان بدرێتەوە، پاشان بە رووخسارێکی پێکەنیناویەوە سێڵفی بگرن و پێیان دەوترێت بە خۆشحاڵییەوە پشکنینەکەتان نێگەتیڤە. بەڵام ئەو کەسەی توانای نییە، دەبێت تا قۆناغەکانی کۆتایی نەخۆشییەکە چاوەڕوانی بکات، لەوانەشە پشکنینەکەی بۆ نەکرێت.

ڤایرۆسی کۆرۆنا دیموکراتە، ئەنجوومەنی وەزیران وپەرلەمان دەتوانن کۆبونەوەکانی خۆیان هەڵپەسێرن، بەڵام کرێکاران و مامۆستایان ناچارن بڕۆنە سەر کارەکانی خۆیان.

ڤایرۆسی کۆرۆنا دیموکراتە، فەرمانبەرانی دەوڵەت دەتوانن نەچنە سەرکار و خۆیان و ماڵ ومنداڵیان کەرەنتین بکەن، بەڵام کرێکاران هیچ چارەیەکیان نییە، جگە لەچوونە سەر کاری رۆژانە.

ڤایرۆسی کۆرۆنا دیموکراتە، خاوەن مارکێت و مۆڵە گەورەکان دەتوانن لە ماڵەوە بمێننەوە، داوا لە شاگردێک بکەن بە پارەیەکی زۆر کەم و رێگایەکەی دوور ببڕێت و بۆیان بەڕێوە ببات.

ڤایرۆسی کۆرۆنا دیموکراتە، بەشێکی بەر چاوی مامۆستایان و فەرمانبەرانی دەوڵەت، دەتوانن لە ماڵەکانیاندا بمێننەوە و چێژ لە و مووچەیە وەربگرن، کە حکومەت پێیان دەدات، بەڵام خەڵکی رەشوڕووت و بێکار و کاسبی، ئەگەر بیەوێت خۆی کەرەنتین بکات، دەبێت بەبێ هیچ داهاتێک گوزەران بکات.

ڤایرۆسی کۆرۆنا دیموکراتە، کەسێک دەتوانێت ماسک و ڤیتامین و میوە بەچەند قات بکڕێت، بەڵام کەسێکیتر توانای کڕینی ئەم پێداویستیانەی نییە، تەنانەت بەنرخەکەی پێش ڤایرۆسی کۆرۆنا.

ڤایرۆسی کۆرۆنا دیموکراتە، بەڵام یەکێک لە ئێمە دەتوانێت سواری ئۆتۆمبێلە تایبەت و تەعقیم کراوەکەی خۆی ببێت، ئەویتر هیچ چارەیەکی نییە جگە لە بەکارهێنانی پاس و میترۆ و شەقامە میکرۆباوییەکان.

ڤایرۆسی کۆرۆنا دیموکراتە، بەرپرسێکی سەربازی دەتوانێت خۆی و خێزانەکەی کەرەنتین بکات، بەڵام فەرمان دەکات سەربازە تەمەن 18 بۆ 20 ساڵییەکان، لە بنکە سەربازییەکان بمێننەوە، لەکاتێکدا هیچ مەرجێکی سەلامەتییان تێدابەدی ناکرێت.

ڤایرۆسی کۆرۆنا دیموکراتە، پاسەوانی زیندانەکان دەتوانن خۆیان کەرەنتین بکەن، بەڵام فەرمان دەکەن زیندانییەکان لە شوێنی خۆیاندا بمێننەوە و تەلەفونی گشتی بەکاربهێنن و20 زیندانی لە ژوورێکی سێ بەچواردا پێکەوە بنوون. تەنانەت ئەگەر بە شێوەیەكی کاتیش راگیرابن.

ڤایرۆسی کۆرۆنا دیموکراتە، کەسێک هەمان رۆژ دەتوانێت دەستنیشانی ڤایرۆسەکەی بۆ بکرێت و چارەسەری گران و  گونجاو وەربگرێت، دوو مەتر لەو لاتر، رەشوڕووتێک بێئاگایە لە بوونی چارەسەر و تەنانەت ئەگەر بزانێت هێندە گرانە، دەبێت بە خەیاڵی چارەسەرەوە سەربنێتەوە.

دیموکراتیانە مامەڵە کردنی ڤایرۆسی کۆرۆنا، فانتازیای چینی مام ناوەند و دەسەڵاتدارانە، لە پێناو هەڵهاتن لە بەرپرسیارێتی. لە راستیدا، نە کۆرۆنا و نە هیچ ڤایرۆس و نەخۆشییەکانی تر، رەفتارێکی دیموکراتیانەی نییە.

ڤایرۆس و نەخۆشییەکان، کاتێک دەتوانن بەشێوەیەکی دیموکراتیانە رەفتار بکەن، کە دەسەڵات و سەروەت و سامان بەشێوەیەکی دیموکراتیانە لە ناو چینە جیاوازەکانی کۆمەڵگەدا دابەش کرابێت.

حکومەتی هەرێمی کوردستان، حکومەتی سەردەمی هەیمەنەی کۆرۆنا، ئابووری کردە قوربانی سەلامەتی و تەندروستی گەلەکەی، حکومەتێک مێژوویەکی پڕ لە سەروەری شانازی بۆ خۆی تۆمارکرد.

سەرجەم ئەو خاڵانەی پێشەوەی ئاوەژووکردەوە، پشکنین بۆ هەمووان چوون یەکە، کەرنتینت دەکات، گرنگ نییە بەرپرسی، یان منداڵە هەژارێک. بەهۆی لاساریەوە بەرپرسەکان لە کارەکانیان دوور دەخاتەوە.

پێداویستییە پزیشکییەکان دەگەنە پنت بە پنتی هەرێمی کوردستان، ژیرانە توانرا هەرێم بکرێتە زۆنێک بۆ ئاشتەوایی سیاسی وکۆمەڵایەتی.

کۆرۆنا ڤایرۆس، حکومەت و کۆمەڵگەی کوردی ئاشتکردەوە و دەرفەتێکی باش و ژیرانە بوو، بۆ دروستکردنەوەی متمانەی سیاسی لە نێوان شەقامی کوردی و دەسەڵاتدارانی هەرێمی کوردستان. بێگومان ئەمەش بوێری وبڕیاری ژیرانەی پێویست بوو کە درا.