د. كارزان شێخ موحسین
نووسەر
نەخۆشیزانی ڤایرۆسی کۆرۆنا
ڤایرۆسی كۆرۆنا لەناو لەشی مرۆڤ چی دەكات و چۆن زیان بە كۆئەندامی هەناسە دەگەیەنێت؟
ڤایرۆسی کۆرۆنای نوێ بە میکانیزمێکی تایبەت نەخۆشی دروست دەکات کە ئەمەش بە یارمەتی خانەکانی مرۆڤەوە دەبێت.
دوای ئەوەی ڤایرۆسەکە دەچێتە لەشی مرۆڤەوە، پێویستی بە وەرگرێکە بۆ ئەوەی پرۆتینە لکێنەرەکانی کە وەکو دڕک بە چوار دەوری ڤایرۆسەکە ھەن پێوەیەوە بنووسێن. ئەم وەرگرانە تایبەتن بە ڤایرۆسی کۆرۆنا و لەسەر خانەی لەشی مرۆڤ ھەیە ، پێی دەووترێت ئەنزیمی بگۆڕی ئەنجیۆتێنسین کە بە ACE-2 ناسراوە.
ئەم جۆرە وەرگرە لەسەر خانەکانی قورگ و دیواری پشتەوەی لووت و توورەگەکانی ھەوا لە سبیەکان ھەن، بە تایبەتیش لە سەر جۆرێک لە خانەکانی توورەگەکانی ھەناسە زۆرن کە بەرپرسە لە درووستکردنی شلەمەنی پرۆتینی و چەوری بۆ ئەوەی خانەکانی توورەگەی ھەوا وشک نەبن و لە کاتی ئەنجامدانی گازگۆرکێ لە پرۆسەی ھەناسەدان دانەڕووشێن.
کاتێک دڕکە پرۆتینی ڤایرۆسەکە بە وەرگری ACE-2ـەوە دەنووسێ، ڤایرۆسەکە ترشە ناووکییەکەی کە RNA یە دەنێرێتە ناو خانەکان، لەو کاتە ھەرچی کارگەی درووستکردنی پرۆتین و کۆپیکردنی RNA ھەیە لە خانەی نەخۆشەکە دەکەوێتە خزمەتی دروست کردنی ڤایرۆسەکە و ھەزاران کۆپی نوێ لە ڤایرۆسەکە درووست دەبێت.
لەبەر ئەوەی ھەندێک لە بۆھێڵەکانی ڤایرۆسەکە کەوتوونەتە سەریەک لە شریتی RNA ھەندێکجار گۆڕانکاریش لە ڤایرۆسەکە ڕوودەدات بەڵام:
1- ڤایرۆسی کۆرۆنا زوو زوو خۆی ناگۆڕێت.
2- زۆربەی جار گۆڕانەکانی RNA کاریگەریی لە میکانیزم و توندی درووستکردنی نەخۆشییەکە ناکات.
کە خانەکە پڕ بوو لە ڤایرۆسی نوێ ئەو خانەیە بە چەند میکانیزمێک دەمرێت:
1- یان ئەوەتا لەبەر زۆری ژمارەی ڤایرۆسەکان دەتەقێ.
2- یان خانەکانی بەرگری دەزانن تووشی کێشە بووە و دەیکوژن.
لە ھەردوو ئەگەریش دا خانەکە ماددەی رێگەخۆشکەر بۆ ھەوکردن دەردەدا، بەمەش خانە قەپگرەکانی ئەو ناوچەیە وەڵامدەدەنەوە و ئەوانیش لەلای خۆیانەوە چەند جۆرە ماددەیەکی وروژێنەری بەرگری دەردەدەن.
ئەو ماددە ورووژێنەرانە کاتێک دەگەنە ناو خوێنی نەخۆشەکە نیشانەکانی نەخۆشییەکە دەرکەوێت وەکو تای بەرز، کە یارمەتی ئەوە دەدات خوێن خێراتر خانەی بەرگری بنێرێتە شوێنی ڕووداوەکە.
لە کاتێکیش کە تا بەرز دەبێتەوە و بە ھۆی ئەو ووروژێنەرانەوە کە بە ئینتەرلوکین ناودەبرێن، دەمار و موولوولەکانی خوێن خاو دەبنەوە بەمەش ئێدێما لە توورەگەکانی ھەوا دروست دەبێ لەگەڵ پاشماوەی خانەی مردوو* و شلەی پلازمای خوێن توورەگەکان لە بری ئۆکسجین پڕ لە شلەمەنی و پاشماوە دەبێت و بەم جۆرە ئۆکسجین کەم دەبێت لە لەشی نەخۆشەکە و ھەناسە تەنگی و ھەناسە بڕکێی تووش دەبێت.
جیا لەوەش خڕۆکە سپییەکان بە کاردانەوە بۆ ماددە ورووژێنەرەکان بەرەو شوێنی ڤایرۆسەکان دێن بۆ ئەوەی شەڕ لەگەڵ ڤایرۆسەکە بکەن، بۆ ئەم مەبەستەش چەند چەکێک بەکاردێنن کە دەبێتە ھۆی کوشتنی ھەندێک ڤایرۆس، بەڵام ھەندێک خانەکانی گازگۆڕکێش دەشکێنن. سییەکان لەو کاتەدا بۆ فرێدانی ئەم ھەموو پاشماوە و ڤایرۆسە دەوروژێن و کۆکە دەست پێ دەکات،
لەم حاڵەتەدا ناجێگیر و توندەکانیش بەھۆی کاردانەوەی لەشی مرۆڤ بۆ ووروژێنەرەکانی ھەوکردن شۆک دروست دەبێت و چەند ئۆرگانێک لەکار دەکەون، کە ئەمەیان بەھۆی ڤایرۆسەکەوە نییە، بەڵکو بەھۆی کاردانەوەی لەشە بۆ ھەوکردن و نەبوونی ئۆکسجینی تەواو، ئەو کەسانەی نەخۆشی دڵیان ھەیە ئەگەری مردنیان زۆرترە لەبەر ئەوەی لە کاتی ھەوکردن، دڵ پێویستی بە لێدانی خێرایە بەمەش بارگرانییەك دەکەوێتە سەر دڵێکی ناتەواو، ھەروەھا خوێنیش ئۆکسجینی کەمە بەو ھۆیەشەوە دیوار و ماسوولکەکانی دڵ ماندوو دەبن و لەبەر کەڵەکەبوونی پاشەڕۆ و مردنی شانەکان لە کار دەکەون.
بە ھیوای سەلامەتی بۆ ھەمووان
* پاشماوە خانەی مردوو لەبەر ئەوە دروست دەبێ چونکە خانەکانی توورەگەی ھەوا کە دەمرن ئەو چەوریە دەرنادەن بەمەش ووروشاندن و بریندار کردن روودەدات و تورەگەکان ھەڵدەزرێن)..

سەرچاوەکان:
https://www.sciencedirect.com/science/article/pii/S0896841120300469?via%3Dihub
https://www.sciencedirect.com/science/article/pii/S2090123220300540
https://www.thelancet.com/journals/lancet/article/PIIS2213-2600(20)30076-X/fulltext