کۆڤید و کات

تاجێکی وەک داگیرکار لەسەرناوە و هەرزوو، تەواوی جیهان داگیردەکات و سیستەمی پیشکەوتووی تەندروستی جیهان دەخاتەژێرپرسیارەوە

کۆڤید و کات
کۆڤید و کات

لەشارێکی وڵاتی چین لە دایک بوو، تاجێکی وەک داگیرکار لەسەرناوە و هەرزوو، تەواوی جیهان داگیردەکات و سیستەمی پیشکەوتووی تەندروستی جیهان دەخاتەژێرپرسیارەوە, لە کەسێکەوە بۆکەسێکیترو لە هەناسەیەکەوە بۆ هەناسەیەکیتر ولەشارێکەوە بۆ شارێکیتر، ناوی کۆڤید19.

ئەو دۆخەی ئێستا پێیدا تێدەپەڕین بێ وێنەیە. بەشێوەیەک تەواوی کۆمەڵگەی مرۆڤایەتی شەو ڕۆژ گرفتاری پرسێکی هاوبەشن. مەبەست لە کۆمەڵگەی مرۆڤایەتی بە تەنیا دەوڵەت نییە. لە هەندێک وێستگەی مێژوویی چەندین شەڕ بەرۆکی حکومەتی گرتووە، یان بومەلەرزە ولافاو خەڵکانێکی زۆری پێی کاریگەر بووە، بەڵام ئەم دۆخە نوێیە، خەڵکی واتە هاووڵاتیانی ئاسایی گیرۆدەی دیاردەیەك بوون بە ناوی کۆرۆنا. لەبەر ئەوەی مامەڵە لە گەڵ جەستەی مرۆڤ دەکات، تەواوی ڕەهەندە جیاوازەکانی ژیانی مرۆڤی خستووەتە ژێر کاریگەريی خۆیەوە. هەرئەمەش بەرجەستەکەری ئەو حەقیقەتەیە کە ئەم دۆخە زۆر جیاوازتر و کاریگەرترە لەوئەزموونانەی کە مرۆڤ پێیدا تێپەڕیوە.

کۆرۆنا گەرچی ڤایرۆسە و وەك جۆرێك لە ماددە کاریگەريی لە سەرجەستەی مرۆڤ دروست دەکات. ماهیەتی ئەم ڤایرۆسە پرسێکی کۆمەڵایەتی نییە، بەڵکو پرسێکی فیزیاییە. ئەوەی لە هەگبەیدایە کاریگەريی لە سەرجەستە و لایەنی ماددی مرۆڤ درووست دەکات.

بەڵام ئەم پرسە ناکۆمەڵایەتییە بە زووترین کات بووە پرسێکی کۆمەڵایەتی. کاتێك جەستەی ئێمە گیرۆدەی شتێك دەبێت، هەرزوو دەستدەکەین بە شەنوکەوکردنی ئەو دیاردەیە.

نەخۆشی چییە؟ لەکوێوە هاتووە؟ دەرهاویشتەکانی چیین؟ چۆن ڕووبەڕووی ببینەوە؟ ئەم نەخۆشییە چ پەیوەندییەکی بە ئایین و بیروباوەڕ و بەهاکانی ئێمەوە هەیە؟ و کاریگەريی چییە لەسەر پەیوەندییە کۆمەڵایەتییەکان؟ پرسی دابڕاندنی کۆمەڵایەتی کاریگەريی لەسەر پەیوەندی و ژیانی کۆمەڵایەتی ئێمە دروست دەکات؟

کۆرۆنا ڤایرۆس دیاردەیەکی پزیشکییە و پێویستە لە ڕووی زانستی سرووشتییەوە قسەی لەسەر بکرێت و چارەسەرەکەشی ئەو دەمەدەبێت کە پێکوتەی تایبەتی بۆ بدۆزرێتەوە. ئەم دیاردە ماددییە، جەستەیی و پزیشکی بەهەمان ڕادە یان پێش ئەوەی پزیشکی بێت پرسێکی کۆمەڵایەتیشە. واتە جگە لە جەستەی ئێمە کاریگەری لە سەر دەروون و ڕۆحی ئێمە دادەنێت و پاشان ژیانی کۆمەڵایەتی ئێمەی پێی کاریگەر دەبێت.

ئەگەر بێت و لەم گۆشە نیگایەوە سەیر بکەین، کات بۆ ئێمە زۆر گرنگە بە تایبەت ئەو دەمەی کە ماددە مانا پەیدا دەکات و لە جیهانی جەستەوە گوزەر دەکات بۆ ناومێشکی مرۆڤ، کاتێك تەندروستی ئێمە وابەستە دەبیت بە کۆمەڵگەوە، کات و شوێن رۆڵێکی باڵا دەگێرن, لە رابردوودا کۆمەڵێک نەخۆشی لە وێنەی تاعوون و مەلاریا و...هتد, بوونیان هەبووە و کارەساتی مرۆیی زۆری لێکەوتووەتەوە.

گۆشەگیری کۆمەڵایەتی کۆمەڵێك کێشەی تەندروستی دەروونی وجەستەیی دروست دەکات، ئەو مرۆڤانەی لە پەیوەندییە کۆمەڵایەتییەکان دادەبڕێن زۆربەی کاتەکان ناتوانن بەسەر مەترسیەکاندا زاڵ بن و زۆرجار دەبیتە هۆی فۆبیای کۆمەڵایەتی.

حکومەتی هەرێمی کوردستان باش لەم ئاڵوگۆڕە جوگرافییە گەیشت و ڕای گشتی کۆمەڵایەتی و سیاسی و تەنانەت ئایدۆلۆژی کوردستانی لەهەمبەر ئەم پرسە ئامادە کرد.