پۆست کۆڤید

"زەوی بۆ ئادە میزاد ڕۆژ لە دوای ڕۆژ بچووکتردەبێتەوە"

پۆست کۆڤید
پۆست کۆڤید

مرۆڤ زۆر بە لووت بەرزییەوە باسی لە بەجیهانی بوون دەکرد، بەبێ ئەوەی بیری لە دەرهاویشتە نێگەتیڤەکانی کردبێتەوە.

بۆچی ئێمە لە خەیاڵێکدا دەژیایین کە ئێستە پێمان وایە بەخت و چارەنووس ڕووی لێ وەرگێڕاوین؟ گیرۆدەی قەیرانێك بووین بەناوی کۆرۆنا.

لە جیهانێکدا دەژیاین کە رۆژانە نۆ هەزار کەس بە هۆی ڤایرۆسێکی ئاشنا بە ناوی برسییەتی دەمردن و بۆ چارەسەرکردنی تەنیا پێویستمان بە تێچووی مووشەکێکی کیشوەربڕ بوو.

ئایا لە یادمان کردووە ساڵانە 8 ملیۆن کەس بە هۆی پیسبوونی کەشوهەواو چەند ملیۆنێك بەهۆی نەبوونی ئاوی پاکژەوە گیانیان لەدەست دەدا؟

لە بیرمان چووەتەوە لە هەرێمی کوردستان مانگانە نزیک بە دوو سەد کەس بەهۆی ڕووداوی هاتوچۆوە گیانیان لەدەست دەدا و پێنج بەرانبەری ئەم ڕێژەیەش دەبوونه‌ کەسانی خاوەن پێداویستی تایبەت؟

ئایا لە بیرمان چووەتەوە ساڵانە بەهۆی گەرمبوونی زەوی و لەناوبردنی دارستانەکان هەزاران جۆر گیا و ئاژەڵی جۆراوجۆر لە ناو دەبران؟

ئێمە لە ناو جەهەننەمێکی حەقیقیدا، چووینەتە ناو دۆزەخێکی مێژووییەوە، تا دەرفەتێکمان هەبێت بیر لەسەروەری و ئایین و مێژووی خۆمان بکەینەوە.

جیهانی پاش کۆرۆنا، جیهانی ئەو مرۆڤانەیە وازیان لە خورافیات و پەڕگیری ئایینی و نەتەوەیی و مەزهەبی هێناوە. دەبێت قەدری سرووشت، لەئامێزگرتن، خۆشەویستی بزانین.

کۆرۆنا، کۆتایی بەسەرجەم خورافیاتی ئایینی و کۆی سیستەمی سیاسی و ئابووری و تەندروستی و سەرجەم ئەو چەمکانەی ئاوەژوو کردەوە کە باس لە مافی مرۆڤ و عەدالەتی کۆمەڵایەتی و سیاسی دەکەن.

مرۆڤی پۆست کۆرۆنا، مرۆڤێکی ترسنۆك و شکۆ شکاوە وەیلانی شووناسێکی نوێ دەبێت.