ئەردەڵان دۆسکی
نووسەر
لەم هەڵبژاردنەدا بۆچی تیری نەیارانی كورد زیاتر ڕوو لە مەسرور بارزانییە؟
مێژووی كورد پڕیەتی لەو هێرش و دوژمنكارییانەی كە دەرهەق بە سەركردە و سیمبول و رابەرەكانی ئەنجام دراوە ، تاوەكو لەو ڕێگایەوە زیان بەم گەلە ستەملێكراوە و مەزڵومە بگەیەنن. نەیارانی كورد لەڕێگەی نانەوەی دووبەرەكی و ئاژاوەو پشێوییەوە هاوكاریی ئەو هێزو لایەنانەیان كردووە كە دژی رێبازی پیرۆزی بارزانی و نەتەوەی كوردە لەم پێناوەشدا هەموو ئەو كەسایەتی و سەركردانەشیان كردووەتە ئامانج كە لەسەر ئەم رێبازە پیرۆزە بەردەوامیان بەهزری نەتەوەیی داوە، تادوێنێ بوو سەرۆك بارزانی لەبەرەكانی شەڕ بەرگریی لە شكۆی كورد و كەرامەتی نەتەوەكەی دەكرد كەچی ئەوان هاتن و فیتنەو دووبەرەكیان نایەوە ، بەخەیاڵی خاویان وایاندەزانی لەشكۆی پێشمەرگە و سەرۆكەكەی كەم دەكەنەوە، لەریفراندۆمدا دژی نەتەوەیەك راوەستانەوەو زیانی گەورەیان بە ئاوات و خواستی زۆرینەی خەڵك گەیاند، ئەوەتا لە هەڵمەتی بانگەشەكردنی ئەم هەڵبژاردنەشدا هەندێك لەو هێز و لایەنە بەناو سیاسییانە هاتوون و بەپێی ئەجیندەی دەرەكی و دوور لە كلتوورو ئەخلاقیەتی كوردایەتی و ئاینی پیرۆزی ئیسلام كەوتوونەتە هەڕەشە و هێرشی ناڕەوا دژ بە سەرۆك مەسرور بارزانی ، ئەمە دووبارە كردنەوەی لاپەرە ڕەشەكانی مێژووی ئەم میللەتە ستەملێكراوەیە و دواكەوتەیی پیلان و مەرامی دوژمنانی كوردە، ئەو دوژمنانەی بڕیاریان داوە دژ بەگەلی كورد هێرش بكەنە سەر هەموو جوانییەكانی كورد و بە عەقڵی نەزانیان وادەزانن دەتوانن لە رەمزی بەرخودان و خۆراگری و خزمەتكردنی خەڵك بدەن، لە دەستكەوتەكاندا شەریكن و لە رۆژە سەخت و دوژوارەكاندا نەیارو دوژمنن ، ئەوان باش دەزانن لە كۆڕۆنا و قەیرانی دارایی و بڕینی مووچە و بوودجە كێ فریادڕەسی كورد بوو ، لە رووبەرووبوونەوەی تیرۆرو پاراستنی سەروماڵی هاوڵاتیان كێ رەمزی مقاوەمەیە، لە دانوستان و گفتوگۆو بەهێزكردنەوەی پەیوەندییەكان لەگەڵ بەغدا كێ مووچە و قووتی خەڵكی گەڕاندەوە ، ئەو موچە و قوتی خەڵكەی كە كاریان بۆ بڕینی كرد .. هەموو ئەوانەی ئەمڕۆ لە گۆڕەپانی سیاسی قومار لەسەر شكستی كورد دەكەن هەموو ئەوانەن كار بۆ لەباربردنی قەوارەی هەرێم دەكەن تاوەكو رۆژانی دزی و تاڵانی و بڕینی مووچە و قووتی خەڵك بگەڕێننەوە، ئەوان هەرگیز گوێ بەوە نادەن چی ئامڕازێك بەكار دەهێنن و چۆن خۆڵ بەچاوی ئەم نەتەوە داماوەدا دەكەن، وەكو ئەوەی موشەك و هێرش و تیرۆر و تۆقاندن و برسیكردنی میللەتەكەیان لا بەس نەبێت.
سەیرە بەندو عیبرەتیان لەمێژوو وەرنەگرتووە هێشتا نازانن هزرو عەقیدەی بارزان و خزمەتكردنی مییلەت چی واتایەك دەگەیەنێت، ئەی ئەوە نییە لە وشكەساڵی و گەرماو سەرماو كۆرۆنا و نەبوونی سیولەی نەختینەیی و ئازارو مەینەتی نەتەوەكەمان خۆیان دەدزنەوەو هیچ پێشكەش ناكەن، تەنیا چاویان لە مەسرور بارزانی سەرۆكی حكومەت بوو شانی بداتە بەرو كورد بگەیەنێتە كەناری ئارامی ، ئەوانە نەك هەر هاوارو پاڵپشت نەبوون بۆ جێبەجێكردنی داواكاری و خواستەكانی كورد بەڵكو پیلانگێڕ و نەیاریش بوون ، ئەوەتا لەبانگەشەی هەڵبژاردنەكانیاندا هێرش دەكەنە سەر ئەو حكومەتەی لەكابینەی نۆیەمدا كاریان بۆ رووخانی دەكرد، چونكە ئاغاكانیان و ئەجیندە دەرەكی و سیاسییەكانیان و بەرژەوەندیخوازییەكانیان وا دەخوازێت پشت و پەنای خەڵك و فەرمانبەران و ئومێدی خۆشگوزەرانی و ئاوەدانی نەبن، بەدرێژایی تەمەنی كابینەی نۆیەمی حكومەتی هەرێمی كوردستان سەرۆكەكەی مەسرور بارزانی خۆڕاگر بوو لە بەردەم پیلان و مەرامەكانیاندا، ئەو بەپاڵپشتی خودای گەورەو میهرەبان و خەڵكی رووبەرووی عەقڵە داخراوەكان و بێ عەقڵ و نەزانەكان بووەوە ، نە كۆڕۆنا و نە بڕینی بودجە و موچە و نە دوو كەرتكردنی كوردستان رێگای نەدا لە جێبەجێكردنی بەڵێن و ئەنجامدانی بەرنامە وەزارییەكەی ، لە شەوە تاریكەكان و رۆژە سەختەكاندا ئومێدی دروست كرد و سەركەوتنی خوڵقاند، هەموو شوێن و دەڤەرێكی ئەم كوردستانە چیرۆكی پرۆژە و ئاوەدانی تێدا دروست كرد ، سەرۆكێك گەورەیی و كاریزمایی بارزانی لەپشتی بێت هەرگیز ناترسێت و بەبڕوابوون بەخودا و خەڵكی كوردستان رێگای نادا كوردستان بگەڕێتەوە ئەو رۆژانەی كە دزی و تاڵانی و پیاوكوشتن و فڕاندنی تێدا ئەنجام دەدرا، ئەو هێزە تاریك و دواكەوتوویانە , ناتوانن, ناتوانن ئیرادەی نەتەوەو كاروانی ئاوەدانی بووەستێنن ، ناتوانن ئاشتی و تەبایی و یەكڕیزی نێوماڵی كورد تێك بدەن ، ناتوانن ئەو قەوارەیەی كوردی لەناو ئەم جەنگەڵستانەی ناوچەكەدا پاراستووە تێكی بدەن و برسی و قاتوقڕی بگەڕێننەوە نێوماڵی كورد ، ناتوانن ,شەڕی نێوخۆ و براكان زیندووبكەنەوە ، هەروەكو چۆن ئێستا رێگایان نەدا كاروانی ئاوەدانی و پرۆژە خزمەتگوزارییەكان و داستانی خۆشگوزەرانی بكاتە خەڵكی خۆشەویستی سلێمانی و هەڵەبجە و گەرمیان هەرئاواش ئیرەیی بە خەڵكی هەولێر دەبەن و دەیانەوێت سەرانی تیرۆر بۆ پەردەپۆش كردنی شكست و تاڵانییەكانیان خۆڵ بگەنە چاوی خەڵكەوە ئەوەیان لەبیر كردووە (( پارتی بزووتنەوەیەكە بووەتە چرای رۆشنایی گەلی كوردستان بەهەموو پێكهاتەكانییەوە ..)) ، ئەوان مەسرور بارزانی سەرۆكی حكومەت و كابینەكەیان كردووەتە ئامانج دەیانەوێت بەری رۆژ بە بێژەنگ بگرن و كاروانی ئاوەدانی و باشتركردنی ژیان و گوزەرانی خەڵك رابوەستێنن ، تەنیا لەپێناو ئەوەی دەنگدەری بێ فریو بدەن و چەند كورسییەكی زیادە لەناو ئەو پەرلەمانەدا بەدەست بهێنن كە رەنجی خوێنی شەهیدان و كورد و كوردستانییەكانە ، لیستی 190ی پارتی دیموكراتی كوردستان لیستی كردار و بەڵێنە راستەقینەكانە، ئەو لیستەیە كە شكۆی نەتەوەیەك لەژێر چەتری سەرۆك بارزانی پشت و پەنای خەڵكی كوردستان رابەرایەتی دەكرێت ، مەسرور بارزانی خزمەتكاری میللەتی خۆیەتی بە پشت و بەنای خودای گەورەو میهرەبان و خەڵك هەر سەركەوتن بۆ شكۆی نەتەوەو لیستەكەیەتی.