
ئیسماعیل عەبدولعەزیز مستەفا
نووسەر
"ئەگەر لە پێناو سەروەری و شکۆدا سەرکێشیت کرد، بە کەمتر لەوەی ئامانجتە ڕازی مەبە"

سەرۆک مەسعوود بارزانی، کەسایەتییەکی دیاری مێژووی سیاسی کوردە، لای سەرۆک ئازادی بەهایەکی نەبراوەیە و بەنرخترینەکانی ژیانە. هەر لەسەر ئەم بنەمایەشە ناوەندی فەلسەفەی سیاسی و خەباتی درێژخایەنی لەشۆرشی کورد دارشت . بارزانی هەمیشە بە لێدوانەکانی شرۆڤەى زۆر ومشتومری جیاواز و لێکدانەوەی هەمەجۆر لەسەرئاستی ناوخۆیی و هەرێمایەتی دەنێتەوە. ئەم سەرۆکە حەکیمە، هەمیشە جەخت لە ئازادی دەکاتەوە، بەلای سەرۆک و مەرجەعی کورد ئازادی تەنیا چەمکێکی تیۆری نییە، بەڵکو مافێکی بنەڕەتییە کە دەبێت هەموو مرۆڤێک خەباتی بۆ بکات، بەتایبەتی لەبەر ڕۆشنایی ئەو هەلومەرجەی کە گەلی کوردستان بەدرێژایی دەیان ساڵە تێیدا ژیاوە.
بارزانی لای وایە ئازادی دیارییەک نییە کە کەسانی دیکە بیبەخشن، بەڵکو مافێکە کە لە ڕێگەی قوربانیدانەوە بەدی دەهێنرێت. لەدواین وتاری بەنرخیدا کە بەبۆنەی ساڵیادی ریفراندۆم پێشکەشی کرد سەرۆک دەڵێت “ئازادی بەنرخترین شتە لە بوون”دا ئاماژە بۆئەوەش دەکات کە ئەو کەسانەی ئاواتەخوازن بۆ بەدەستهێنانی تەواوی مافەکانیان دەبێت ئامادەبن باجەکەی بدەن، تەنانەت زۆرجار ئەم باج و قوربانی دانە هێندە گەورە و مەزنە، دەێ گیانى ئازادیخوازەکە خۆیشى بگرێتەوە. ئەم قوربانیدانەش لە ناو کوردان رەنگی داوەتەوە، کە بریتی بوە لە گیان فیدایی و شەهید بون و بێسەروشوین بونی هەزاران رۆلەی ئەم گەلە کە لە پێناوی ئازادی و بەدیهێنانی مافە رەواکانی کورد ئەم رێگە پیرۆزەیان گرتۆتە بەر .
ئەم پێداگریەى بارزانى دەرخەرى ئەو راستیەیە کە چەندێک کورد گرێدراوى بەدیهێنانى ئازادییەکان و دەستەبەرکردنى مافەکانیەتى و هەمیشە هەول بۆ بەدیهێنانیان دەدات. ئەم دیدەش لەسەر بنەمای مێژوویەکی دوورودرێژی پر لە ململانێ وبەرخۆدان بوو، کە تیایدا کورد لە بەرامبەر ستەم و پراکتیزەی پاوانخوازانەی ئەو دەسەڵاتانەدا وەستایەوە، ئەو رژێمانەى کە هەوڵی سڕینەوەی ناسنامەی گەلى کورد و سەرکوتکردنی ئازادییەکانیان دەدا.
دەبێ ئاماژە بۆ ئەوەش بکەین کە، وتەکەی جەنابى سەرۆک مەسعود بارزانى ڕەنگدانەوەی فەلسەفەی بارزانییە لەسەر گرنگی پاراستنی کەرامەتی مرۆڤ و هەروەها ئازادیش تەنها شتێکی لوکالی نییە، بەڵکو مەرجێکی بنەڕەتییە بۆ ژیانی مرۆڤ لەسەر ئاستی جیهانی. لێرەوە پێی وایە هەر هەوڵێک بۆ زەوت کردنی ئازادی پێویستی بە هەڵوێستێکی بوێرانە و بەردەوام هەیە، بەبێ گوێدانە رێگریەکان .بارزانی لە وتارەکەیداا جەخت لەوە دەکاتەوە کە خەبات بۆ ئازادی پێویستی بە یەکڕیزی و کردەوەی دەستەجەمعی هەیە، بەو پێیەی ئەو گەلانەی کە لە نێوان خۆیاندا دابەشبوون یان ململانێیان هەیە، توانای گەیشتن بە ئامانجەکانیان لەدەست دەدەن. هەر بەو هۆیەشەوە هەمیشە داوای یەکخستنی ڕیزەکان و تەرکیزکردن لەسەر ئامانجی کۆتایی، کە گەیشتن بە ئازادی و دادپەروەرییە دەکاتەوە.