
ئەردەڵان دۆسکی
نووسەر
هەڵبژاردنی ئەم جارە ریفراندۆمێكە لەناو ریفراندۆمە گەورەكەدا

لەگەڵ نزیكبوونەوەی رۆژی دەنگدان لەم هەڵبژاردنەدا ، میللەتی كورد بە دوو قۆناغی مێژوویی گرنگی نەتەوەیی خۆیدا تێپەڕ دەبێت ( خیانەتی 16 ئۆكتۆبەر و نەبەردی داستانی پردێ و سوحێلا)، خۆ ئەگەر رۆژی رەشی 16ی ئۆكتۆبەر دووبارەكردنەوەی مێژووی خیانەتكاریی و فیتنە و جاشایەتی بووبێت دژی سەرخۆەبوون و دژی دەنگی لە93%ی كورد و كوردستانییان، ئەوا نەبەردیی هێزی پێشمەرگەی كوردستان بە رابەرایەتی سەرۆك بارزانی لە داستانی پردێ و سحێلا رەتكردنەوەی هەڕاجكردنی خاكی پیرۆزی كوردستان بووە، لەم دوو داستانەدا پێشمەرگە قارەمانەكانی كوردستان بەرابەرایەتی سەرۆك بارزانی رووبەرووی خۆفرۆشی و نەیارانی كورد بوونەوە، ئەو خۆفرۆشانەی پێشڕەویی گروپە تیرۆرست و میلیشیاتەكان بوون و نیوەی خاكی پیرۆزی كوردستانیان بە نرخێكی كەم هەرزانفرۆش و هەڕاج كرد. بەداخەوە نەیارانی ریفراندۆم پەندوعیبرەتیان لەمێژوو وەرنەگرتووە و ئەمڕۆشی لەگەڵدا بێت هێشتا كار لەسەر ناشرینكردنی گەورەترین ئاوات و ئومێدی خەڵكی كوردستان دەكەنەوە كە ئەویش ریفراندۆم بوو ، ئەمەش تەنیا لەپێناو شاردنەوەی خیانەت و خۆفرۆشیی و جاشایەتی یە.
دەنگدەری كورد كاتێك پاڵپشتی سەرۆك بارزانی و بیروباوەڕو عەقیدەی نیشتمانپەروەری و كوردایەتی كردوو دەنگی بە سەربەخۆیی لە ریفراندۆم دا ، بۆ ئەوە بوو لەخاكی خۆیدا بەشەرەف و كەرامەتەوە خۆی و منداڵەكانی بژین ، بۆ ئەوە بوو تیرۆرست و داگیركەری كورد ماڵ و موڵكی لێ زەوت نەكەن و بۆ دەیان جار دەربەدەری نەكەنەوە، رەتكردنەوەی تەرحیل و تەعریب و كۆمەڵكوژی بوو كە دەرهەق بە گەرمیانیی و بارزانیی و بادینی و هەڵەبجەییەكان و فەیلی و ئێزیدییەكان و هەموو پێكهاتەكانی دیكە ئەنجام دراوە ، دەنگدەری كورد دەنگ بەو لایەنە نەتەوەیی و نیشتمانپەروەرییە دەدات كە ژیانێكی ئارام و خۆشگوزەران و ئاشتی بۆ زامن دەكات و لەبەرپرسیارێتی هەڵنایەت، لەرۆژە سەختەكاندا میللەتەكەی خۆی جێناهێڵێت ، كاتێك میللەتی كورد بەدەستی نەیارانی كورد و جاشەكانی نێوخۆ نان و بژێوی دەبڕدرێت و هێزگەلێكی نانیشتمانی و هەڵتۆقیو هاندەرو هاوكاری ئەم نانبڕینە دەكەن، مووچەكانیان دەبڕن و بودجە و مافەكانیان لێ زەوت دەكەن ، تەنیا لەپێناو ئەوەی كورد برسی بكەن و جاش و خۆفرۆشەكانیان دەجالانە فرمێسكی تیمساحانەیان بۆ بڕێژن و دەنگدەری كورد فریو بدەن. پارێزەری كورد و كوردستانییان و دابینكردنی ماف و شایستە داراییەكانیان تەنیا بارزانی یە هەربۆیە نەیارانی حزبەكەی بارزانیش لەگەڵ ویست و خواستەكانی دوژمنانی كورد یەك دەگرنەوەو بەهەمان ئاوازو یەك دەنگ دژایەتی سەرۆك بارزانی دەكەن ، ئەمڕۆ لەهەموو كات زیاتر دوژمن و نەیارانی كورد باش دەزانن ئەوا بارزانی یە دژی براكوژی و دووبەرەكی و فیتنە و ئاشووبە و كار بۆ یەكڕیزی و تەبایی و خۆشگوزەرانی و ئاوەدانی گەلەكەی دەكات.
سەرۆك بارزانی یە رەسەنایەتی ئاینی پیرۆزی ئیسلام و پێكەوەژیانی ئاینی لەكوردستان پاراستووە، لەپێناو دابینكردنی مووچە و ماف و شایستە داراییەكانی گەلی كوردستان لەبەغدا لەناو هاوپەیمانێتی بەڕێوەبردنی دەوڵەت و ئینتاڕی تەنسیقی زامنی مافەكانی مووچەخۆران و خەڵكی كوردستان دەكات.
كاتی ئەوە هاتووە هەموو كوردێكی بەشەرەف لەم هەڵبژاردنەدا دەنگی بۆ ریفراندۆمچی یەكان بێت هەروەكو چۆن لە 93% كورد لە ریفراندۆمدا دەنگی بەسەربەخۆیی دا، ریفراندۆمچی بوو خیانەت و ناپاكی رەتكردەوە و شكۆو كەرامەتی كوردی پاراست، ریفراندۆمچی ئەو سەرۆكی هەرێم و سەرۆكی حكومەتەیە كە لەناو وڵاتانی ناوچەكە و جیهان رێزو پایەی گەورەیان هەیە و كوردیان لە قەتڵوعام و ماڵوێرانی پاراستووە، مەسرور بارزانی سەرۆكی كابینەی نۆیەمی حكومەتی هەرێمی كوردستان بوو ساڵانێكی پڕ لەتەحەددان و قەیرانی تێپەڕاندووهەرگیز لەبەرپرسیارێتی هەڵنەهاتووە، بۆیە هەرچی لێقەوماو مەزڵوم و كارەساتبارێك هەیە هەر ڕووی لەوە، برای جەرك سوتاوی سێ شەهید و كاسبكاری قەیسەری و بازاڕی بەئەنقەست سووتاو و هاوڵاتیەكی بێ ئاوو كارەبا هەیە هەر چاوی لەسەرۆكی حكومەتە فریای بكەوێت نەبێت ، كاتێك پەتای كۆرۆنا و وشكەساڵی و هێرشی تیرۆرستان و داگیركەران دێتە سەر كوردستان هەر مەسرور بارزانی یە قۆڵی لێ هەڵدەماڵێت و فریای گەلەكەی دەكەوێت، ئەم سەرۆكە لەتاریكایی شەودا ئەو تروسكاییە كە ئومێدی بۆ هەمووان گەڕاندۆتەوە ، لەو دیوەوە كەسان و گروپ و چەتەیەك هەن لەدەستكەوتەكاندا هاوبەشن و لەرۆژە سەخت و ڕەشەكاندا ئۆپۆزسیۆنن و جنیوفرۆشن، ئەمەیە حزب و ئۆپۆزسیۆنی ساختە و دەجال بەئاین و مێژووەوە، لەناو حكومەتن كەچی لەنزیك هەڵبژاردندا خۆڵ بەچاوی خەڵكدا دەكەن و گوایە "دەیڕوخێنن " دوای هەڵبژاردنیش شەریكە بەشن، بەفریودانی خەڵك چاوەڕێی دەنگن بۆ ئەوەی بخزێنە ناو حكومەت و بەگەندەڵی موڵك و ماڵ و دەستكەوتەكانیان زەبەلاحتر بكەن..
وەڵامدانەوەی هەموو ئەم درۆو دەجالی و ساختەكاری و خۆڵكردنە چاوی خەڵكە تەنیا ریفراندۆمێكە لەناو ریفراندۆمێكی تردا كە گرنگی لەداستانی پارێزگاریكردنی قەوارەی كوردستان لە پردێ و سحێلا كەمتر نەبێت و، دەنگدەرانی ریفراندۆم دەنگ بەو حزبەی سەرۆك بارزانی رابەرو پێشمەرگە و گیانفیدای كوردستان بدەن، تاوەكو گەلەكەی بباتە كەناری ئارامی و بەشانازییەوە درێژەپێدەری خزمەتكارەكەی میللەتی خۆی بێت.