قبووڵنەکردنی هەقیقەت، یان باوەڕنەبوون بە دیموکراسی
هەرێمی کوردستان لە ماوەی ڕابردوودا بە پرۆسەیەکی چارەنووسسازدا تێپهڕی، وێنە گەورەکە هەڵبژاردنی نوێنەرایەتی چوار ساڵی داهاتوو بوو، بێگومان ئەم ئەزموونە نوێ نەبوو، شەشەم جارە لە شەش بارودۆخ و سەردەمی جیادا، بە یاسا و تەکنیکی جیاجیا بەرێوە چووە. لە هەر پرۆسەیەکی وەهادا هەموو کات شرۆڤە و پێشبینی پێشوەختە هەبووە، هەروەها لە هەموو سەردەمەکاندا پێشبینی و هەڵسەنگاندنەکان، هەمان ئەنجامی حەقیقەت و واقیعی نەبووە و گەلێك جار زۆر جیاواز بووە، لە سەرەتا و پێش پرۆسەکاندا ئەم هەڵسەنگاندن و شرۆڤانە بە شرۆڤەی دروست و نزیکە له ڕاستی، پیشانی خەڵك دراون و ڕای گشتی تا ڕادەیەك خستووهتە خزمەتی خۆی، بەڵام هەر زوو دوای ماوەیەك هەمان شرۆڤەکاران، قسە و باس و گۆتی، گۆتی دیکەیان هێناوەتە ڕۆژەڤ، بەبێ پێشکەشکردنی هۆکارە دروستەکانی باوەرپێهێنان کە داتا و زانیاریی ورد و پشتراستکراوەیە.
ئەم تێگەیشتنەی بەشێك لە کەسانی دەسترۆیشتووی نێو حزب و لایەنەکان بە بۆ چوونی ئێمه، دوو مهبهستیان دهخاته ڕوو، ئهوانیش:
1-هەڵخەڵەتاندنی کۆمەڵگه و بەکەمزانی هۆشیاری و ڕۆشنبیری خەڵك.
2-باوەڕنەبوون بە دیموکراسی و بەکارهێنانی ئەم چەمکە وەکوو کەرەستەی کۆزمەتیك بۆ بانگەشە و ڕۆتینی کاری حزبی.
هەروەها توانای ڕاستەقینەی سیاسیبوونی ئەو کاراکتەرانە نیشان دەدات کە سودفە و ملبەملانێ و یەکتر ڕەشکردنەوە گەورەی کردوون و بوون بە کەسی یەکەمی حزب و ڕەوتەکان، نەك تەجرەبەی زۆر و ژێرخانی پتەوی فکری و تێگەیشتوویی لە زانستی سیاسی و بەڕێوەبردن و تایبەتمەندییە گرنگەکانی سەرکردەبوون.
هەڵبژاردنی خولی شەشەمی پهرلهمانی كوردستان جگە لە نیشاندانی ئاستی خراپ و کەمی لێهاتوویی بە ناو سەرکردەی کۆمەڵێك لایەن، نادروستی و موزەیەفبوونی کۆمەڵێك بە ناو دەزگاشی دووپات کردەوە کە ڕۆژانە و بەردەوام بە ناوی دامەزراوەی ئەکادیمییەوە، خەریکی تەحلیلی ڕوئیای سەرۆکەکانیان بوون و، بە توێژینەوە و ڕووپێوی زانستی بە خەڵکیان دەفرۆشتەوە!، خۆ ئەگەر ڕەخنەیەکیشت لێیان بگرتایه، چەندین ئەکاونت و دەزگا و ناوی سێبەر و ساختەی بە قاچاغ دروستکراو، خەریکی قسەی نزم و ناوزڕاندنت دەبوون.
ڕاستییهكهی ئەم هەوڵە نەزۆك و کرچوکاڵانەی کۆمەڵێك لە سیاسییەکان، دەرخەری بێتوانایی یان ڕاستگۆنەبوونی هەموو ئەوانەیە کە خەریکی هۆنینەوەی قسەی بێبنەما و کار و کردەوەی لاوەکین، هەروەها نیشاندەری ئاستی نزمی مامەڵە و ڕەفتاری ئەو بەڕێزانەیە کە ساڵانێکە بە ناوی جیاجیا و لەسەر حیسابی ماندوبوونی توێژەکانی کۆمەڵگه و هاووڵاتییان، خەریکی بەجێهێنانی خواست و ئامانجە کەسییەکانیانن. گومانی تێدانیە بۆ درێژەپێدانی ئەم یارییەشیان هەموو کات بەشێکی کۆمەڵگهیان کردووهتە کەرەستەی ململانێکانیان و خستوویانەتە خزمەتی ئامانجە کورتمەوداکانیان، لە هەر بارودۆخێکیشدا کە هاتبێتە بەردەم هەنگاوە ناتهندروست و نابەرپرسەکانیان، بە دوو قسەی شیرین و بەگێڕانەوەی دوو خەون و سێ چوار دانە چیرۆك، لە بەرزەکی بانان بۆی دەرچوون، وەك ئەوەی نەبایان دیبێ و نەبۆران.
هەڵبژاردن پرۆسەیەکی وردی زانستییە، یاساو رێنمایی و تیۆری بەرێوەبردنەکەی کۆمەڵێك میکانیزم و تەکنیکی پێویستە، هەر لایەن و گرووپێکیش لەم چوارچێوە زانستی و هونەرییەدا بەشدار بێت، پێویستە بە دروستی و بە تەواوی خۆی ئامادە کردبێت، جگە لە پلان و بەرنامەی دروست، گرنگە لایەنی بەشدار خوێندنەوەی وردی بۆ یاسا و تاکتیك و شێوازی بەڕێوەچوونی پرۆسەکە هەبێت، هەروەها سەرکەوتن لە وەها پرۆسەیەکدا پێویستی بە ئۆرگانی تایبەتمەند و کەسانی لێهاتووی خاوەن توانا و پسپۆرییە، پێویستی بە دەستە و ئۆرگان و ناوەندیی ئەکادیمی وردبین و خاوەن پلان و کەسی ئەزمووندار هەیە، کە بتوانێت ستراکتۆری حزب ئاوێتەی پلانی ئینتیخابی بکات و بەرنامەی بۆ دابنێت، لەگەڵ هەموو ئەوانەشدا پرۆسەکە پێویستی بە فیگەری بەهێز و کەسایەتی کارێزمای ڕاستگۆ و واقیعبین هەیە، کە سەرمەشقی کارەکانی کاروانەکەی بێت و لە جێی ڕەزامەندی کۆمەڵگه و متمانەی هاووڵاتییان دابێت و، گوتار و گوفتارەکانی یەکانگیر و هاوتەریبی کردارەکانی بێت، لە پێشی پرۆسەکە و لەدواتریشدا بەڵێن و پرۆژەکانی بە شێوەیەك بێت کە لە ئاستی جێبەجێبووندابێت نەك تەنیا مەرەکەبی سەر کاخەز.
تۆ !، کە هیچ کام لەم پێویستی و کەرستانەت نیەو لەئاستی پرۆسەیەکی وەهادانیت، ناچاری دوای شکست و دۆرانی گەورە، بۆ ڕازیکردن و ڕاکێشانی سۆزی دەنگدەرانت خەریکی نەرمەگلەیی و فاڵگرتنەوە و شەرعیەت بۆ هەڵبەستنی گومانە بێبنەماکانت بیت. بۆچوونی من و دڵنیام زۆرینەی کۆمەڵگهش وەك شاعیر دەفەرمووێت "شکوور هۆشیارە" و دەزانێت کە ئەم نمایش و خۆنواندنە ناڕێك و نادروستانە تا ڕادەیەکی زۆر ناپەسند و نادیدن، باشتر وایە ژیری بکەرانی لە ئاستێکی بەرزتردا بێت، کە ڕەنگدانەوەی هەنگاوی دواتر و خۆرێکخستنەوە و بەخۆداچوونەوە بێت، نەك بەخشینەوەی تۆمەت و هۆنینەوەی گومان و فڵان وای کرد و فیسار گوتی وا بوو.
ڕابردوو کۆمەڵێك وانەی گرنگ و ئەزمووندارە، دەبێت سوودی لێ وەربگیرێت، هەموو ئەوانەی لە بەردەمی ئاوێنەکە وەستاون و حاڵیان حاڵی کاریکاتێری پڵنگ و پشیلەکەیە، تا لەوەهمی وێنەی پڵنگبوون دەرنەچن و ڕەزامەندی وێنە ڕاستەقینەکەی ئێستهیان نەبن، ناتوانن هەنگاوی دروست بهاوێن و بەرەو پێش بچن، ئەم ڕێنوێنسیە بەخۆڕاییە و هەموو کات نییە، وا باشە سوودی لێ ببینن، خۆ ئەگەر وا نەکەن و هەر خەریکی کاری لاوەکی بن و نەیەنەوە سەر ئەسڵی بابەتەکە، گومانی تێدا نییە لە خولی داهاتوودا دەبێ خەریکی کڕاندنەوەی بنیبنەوە بن بۆ دەستخستنی کورسییەکی تاقانە، بەو سیستمی باقییەی هەر لە شکڵی خێر و صەدەقە لە چوارچێوەی هەڵبژاردندا یاسای بۆ داڕێژراوە، نموونەی نزیکیش بەردەستە و پێویست ناکات زۆر بگەڕێینەوە دواوه. چەند ساڵێك پێشتر بوو ئەوانەی شەڕی ڕووخاندنی حکوومەت و شەڕی بەدەستهێنانی سەدان هەزار دەنگیان دەکرد، ئێسته بە سیستمی ماوەی بەهێزیش بە ئاستەم کورسییەك بەدەست دێنن، هەروەها لایەنە سیاسییەکان ئەگەر لە ڕابردوودا بە بیانووی هەبوونی تەزویر و دەنگی دووبارە و پاکنەکردنەوەی لیستی دەنگدەران دوو قسەیان هەبوو بۆ جەماوەرەکەیان بیکەن و باوەڕیان پێ بێنن، دەبێ لە مەودوا دان بەو ڕاستییە حاشاهەڵنەگرە بنێن و لەوە تێبگەن کە قهبارهی ڕاستەقینەی ئەوان و پارتی هەروەها سەنگ و خۆشەویستی پارتی و جەنابی سەرۆك بارزانی بەراورد بە ئەوان چەندە و چلۆن ڕەگی لەنێو ناخی خەڵك داکوتاوە، ئەم ڕێز و تەقدیر و خۆشەویستییە ڕەهەندی قووڵ و مێژوویی دەیان ساڵەی هەیە، سەرچاوەی گرتووە لە "پەیوەندیی پتەوی نێوان پارتی و خاك و خەڵك، فەلسەفەی ڕێبازی پیرۆزی بارزان و بیری نەتەوەیی و نیشتیمانپەروەری بارزانی نەمر، هەبوونی سەرکردە و ڕابەرێکی شۆڕشگێر و لەخۆبردووی وەك جەنابی سەرۆك، قوربانیدانی بەردەوام و ڕابەرایەتی دوو شۆرشی بەرهەمدار، گیانی پێشمەرگەئاسای تەواوی کادران و سەرکردایەتی پارتی، گونجانی پارتی لەگەڵ پێشکەوتن و گۆرانکارییە خێراکان، هەبوونی قاعیدەیەکی فراوان و خۆبەخاوەنزانی ماندوونەناسی بەهێز" و کۆمەڵێك فاکتەری دیکە، هەموو ئەوانە شتێك نییە لە خۆڕا هاتبێتە بوون تا بە فکری کورتینانە و نیازی دوژمندارانە قسەی لە بارەوە بکرێت، خۆ ئەگەر ئەم ڕاستیە ڕەهایە تێکهەڵکێشی پرۆسەی هەڵبژاردنیش بکرێتەوە، ئەوەی قابیل بێت گلەیی بکات و داوای هەبێت و داوای گۆڕانکاری لە کۆمەڵێك یاسا و ڕێنمایی نابەرانبەر بکات، بەر لە هەموو لایەنەکان دەبێ پارتی بێت، چونکە ناحەقییەکی گەورەیە حزبێك بە تەنیا و بەبێ هیچ هاوپەیمانێك سەرەڕای کەموکووڕی تەکنیکی لە پرۆسەکەدا کە هەزاران کەسی دەنگدەری پارتی بێبەش کرد لە بەشداربوون و متمانەدان ب ەلیستەکەیان، خاوەنی ڕێژەی نزیکەی (44%) متمانەی کۆی دەنگدەران و بەشداریکەرانی پرۆسەی هەڵبژاردن بێت، بەڵام بەهۆی یاسای ئینتیخابی نادروست، (39) کورسی ببێتە بەشی، کە دەکاتە ڕێژهی (39%) نوێنەرایەتیکردنی حهقیقی خەڵك لە پەرلەمان.
ئێسته حەقە ئێمە بپرسین و ئێوەش لۆژیکییانە و دوور لە دهمارگیری و سۆز وەڵام بدەنەوە، کێ ئەم مافەی دەیان هەزار دەنگدەری پارتی دەگێڕێتەوە کە بێبەش کران لە بەشداربوون، هەروەها کێ و کام لایەن بەرپرسیارە لە بهفیڕۆچوونی زیاتر له (6) کورسی پارتی بەهۆی هەبوونی سیستمی فرەبازنەییەوه؟، بە کام یاسا و بە کام مۆدێلی دیمکراسی ڕەوایە (626) هەزار دەنگدەر (36) نوێنەری هەبێت و (669) هەزار دەنگدەر (32) نوێنەر و (548) هەزار دەنگدەر (24) نوێنەری هەبێت!