ئەحمەد ڕەقیب
نووسەر
هاوبەشی، هاوسەنگی، سازان بنەمای بەشداریی یەکسان و پێکەوەژیانی ئاشتیانەیە
بۆ ئەوەی داهاتوی گەل و نیشتمان مسۆگەر بێت، بەر بە لێشاوی ئەو ئەنفالە مۆدێرنە بگیرێت کە دەسەڵاتی تائیفی بەغداد، ساڵانێکە لەبەرانبەرماندا بێباکانە پەیڕەوی دەکات و بەمەنەتقی هێز فەرزی دەکات، بۆ ئەوەی خاکی کوردستان چیدیکە تەعریب نەکرێ، بۆئەوەی دوای سەدەیەك بەرخۆدان، زمانی شیرینی دایك لە قوتابیەکانمان قەدەغە نەکرێت، بۆ ئەوەی خاوەن داهاتوێکی مسۆگەر و نیشتیمانێکی سەربەخۆو ئازاد بین، دەبێت بەدووربین لەپشتگیری و متمانەدان بەو لایەن و هێزە نانیشتیمانیانەی کە لەپێناو دەسەڵات و بەرژەوەندی تەسکی حزبییان، هاوبەشی و هاوسەنگی و سازان تێک دەدەن و سڵ لەهەر بەهایەك ناکەنەوە و ئامادەن هەمو پیرۆزیەکان و مۆراڵی مرۆڤبوونیشیان بخەنە خزمەتی ئەجێندای دوژمن.
بەرزڕاگرتنی شکۆی نەتەوە، شەڕی چەسپاندنی یاسا، بنیاتنانی پەیوەندیی سیاسی و بازرگانی لەگەڵ دەوڵەتان، دروستکردنی لۆبی لە ئاستی وڵاتانی هەرێمی و نێودەوڵەتی بۆ پاراستن و بەهێزکردنی زیاتری قەوارەی دەستووری هەرێم لەناوەندە کاریگەر و جیاوازەکان. بەدامەزراوەیی بوون، بە ئەلیکترۆنیکردنی دامەزراوەکانی حکوومەت، کەمکردنەوەی ڕۆتین، نەهێشتنی بەهەدەردان و کەمبوونەوەی گەندەڵی تا ئاستی نزیکە سفر، کەمکردنەوەی خەرجیەکان و زیادکردنی بودجەی پرۆژە جۆراوجۆرەکان، خزمەتگوزاری بەردەوام و بێجیاوازی بۆ هاونیشتیمانیان، پرۆژە ستراتیژیەکانی ڕێگاوبان، کارەبا و ئاوی ٢٤ کاتژمێری، کردنەوەی دەیان کارگەی پیشەسازی، بایەخدان بە کەرتی کشتوکاڵ و دەیان پرۆژەی جۆراوجۆر بۆ پاراستن و زیادکردنی بەرهەمەکانی جوتیاران و بازاڕسازیی بۆیان، هەوڵە بەردەوامەکان بۆ زیادکردنی ڕێژەی سەوزایی و دەیان پرۆژە بۆ پاراستنی ژینگە، دەیان پۆند و بەنداو لە پێناو پاراستنی سامانی ئاو، فرەچەشن کردنی سەرچاوەکانی داهات و ڕەخساندنی هەلی کاری بەردەوام، زیادکردنی ڕێژەی دەستی کاری ناوخۆیی لەکۆمپانیاو سێکتەرە جیاجیاکان بۆسەرووی ٧٥ لەسەد، بیمەی کۆمەڵایەتی و تۆماری کرێکاران و فەرمانبەرانی دامەزراوە ناحکوومییەکان، سەدان هەوڵ و پلانی تری بەردەوام بۆخزمەتکردن، پلانی موستەقبەلی پارتی و دنیابینی فراوانی سەرکردایەتی و کادرانی لەپێناو ئاشتی کۆمەڵایەتی و پێشکەوتن و نیشتیمانی بوون دوپات دەکاتەوە، هەروەها ئێستای کاتی بەرێوەچوونی بانگەشەی هەڵبژاردن، کاتێك هەولێرو دهۆك بەراورد دەکەی بەهەر شار و ناوچەیەکی تر، دووبارە باوەری پتەوی پارتی، بەفرەیی و هاوبەشی و یەکتر قەبوڵکردن و هاوسەنگی دووپاتدەبێتەوە، کە چەسپاندنی دیموکراسیەتی حەقیقی و فەلسەفەی شارستانی بوونە.
لە پێناو سەربەخۆیی، بۆ لەگۆڕنانی خەونی دوژمنان، بەردەوامی خزمەتگوزارییەکان، فرەیی نەتەوەیی و سیاسی، جیاوازی ئاینی و فکری، چەسپاندنی دادی کۆمەڵایەتی، پێشکەوتنی بەردەوام لەکایە جۆراوجۆرەکان، دەنگمان کە دەرهاوێشتەی تێگەیشتنی بابەتی و ویژدانیمانە، دەخەینە پاڵ دەنگی جەنابی سەرۆك و تەواوی نیشتیمانپەروەر و ئازادیخوازان، هەروەها بێماندوبوون کاربۆسەرخستنی دەکەین، دڵنیا و بێگومانین هەر نوێنەرێکی پەروەردەبووی نێو کۆڕی ئەم بزاڤە عەریق و بێهاوتایە، قەڵایەکی خۆڕاگری و نەچەمان دەبێت، پێشمەرگە ئاسا داکۆکی لەمافەکانمان دەکا و ئەم سەکۆیە دەکاتە سەنگەری داکۆکیکردن لەمافەکانی خەڵکی کوردستان.
سەردەکەوێ ئیرادەی بەرزی کوردبوون، سەرکەوتن بۆ لیستی "275" لیستی پارتی دیموکراتی کوردستان.