سیاسەتی برسیكردن و ئایدیۆلۆژی لەناوبردن

دادگای فیدراڵی
دادگای فیدراڵی

   برسیكردن و گەمارۆی كورد مێژوویەكی كۆنی هەیە، هەر ئەمەشە وایكردووە بووەتە ئایدیۆلۆژییەتێك لای دوژمن و نەیارانی ئەم گەلە ستەملێكراوە. ئەم بیروباوەڕە شۆڤێنی و داتاشراوەی برسیكردن كە داتاشراوە لەهەموو بەهایەكی ئەخلاقی و ئاینی و مرۆیی لەسەردەم و قۆناغە جۆراوجۆرەكاندا زیانی گەورەی بە قووت و بژێوی خەڵقی سیڤلی كوردستان گەیاندووە، زۆربەی جار فیتنەو ئاشوپ و دووبەرەكیشی لەگەڵ خۆیدا هێناوە، هەروەكو چۆن رژێمی بەعس لە شۆڕشی ئەیلوول بۆ زیانگەیاندن بەشۆڕشەكەی مەلا مستەفا بارزانی گەمارۆی ناوچە ئازادكراوەكانی دەداو خەڵكەكەی برسی دەكردن، ئەم بیروباوەڕە شەڕانگێزییە لە شۆڕشی گوڵانیش هەر بەردەوام بوو بەڕادەیەك دوژمن سیاسەتی خاكی سوتاوی لەدژی گوندنشینەكان بەكاردەهێنا و كۆتاجار  4500 گوندی وێرانكرد،  ئێ خۆ لە راپەرینەكەی بەهاری 1991یشدا  ئەم بیروباوەڕە بەكردار جێبەجێ كرایەوە و لەلایەن رژێمی بەعسەوە گەمارۆیەكی توند خرایە سەر هەرێمی كوردستان، ئەمڕۆش لە 2014ەوە وا زیاتر بۆ 10 ساڵ دەچێت ئەڤ بیروباوڕێت شۆفێنی كو هاتیە تراشین كە دوورە لەهەمی بەهایەكی مرۆڤی و بەعەقڵیەتی ئاخنراو لە شۆڤێنی و خواست و ویستی ئەجندەی دەرەكی رووبەرووی خەڵكی كوردستان كراوەتەوە. ئایدیۆلۆژیای برسیكردن جۆرێكە لە كۆمەڵكوژی و دەچێتە خانەی تاوانی جینۆسایدی نێودەوڵەتییەوە، چونكە ئامانج لێی برسیكردن و داڕمانی بژێوی و ئابووری نەتەوەیەكە و دژی هەموو پیرۆزییەكانی ئاینی پیرۆزی ئیسلام و رێكەوتن و یاسا نێودەوڵەتییەكانیشە، كاتی ئەوە هاتووە دۆسێی برسیكردن لەسەر ئاستی نێوخۆیی عێراق لە فەزایەكی فراوانتردا ڕووبەرووی ببینەوەو  بخرێتە چوارچێوەیەكی نێودەوڵەتییەوە، هەرچی هاوپەیمانەكان و كۆمەڵگەی نێودەوڵەتی و  دادگاو رێكخراوە جیهانییەكان هەیە باشتر ئەم كردەوە قێزەوەنەیان بۆ روون بكەینەوە ، تەنانەت لەسەر ئاستی ئەو وڵاتانەشی كە هێزگەل و گروپەكانی نەیارانی دژ بەكورد هەیە گفتوگۆیەكی قووڵتریان لەگەڵدا بكەین و هێزە میانڕەوەكانی نێوخۆی ئەو وڵاتانەش لەمەترسییەكانی ئەم جۆرە هەڵسوكەوتە دراوسێیانە ئاگاداربكەینەوە كە حەتمەن زیانەكانی دووسەرەیە بۆ ئەوانیش هەیە. هەرچی پەیوەندیی بەنێوخۆی كوردستانیشەوە هەیە بەكارهێنان و هاوكاریكردنی ئەمجۆرە سیاسەتانە بكرێتە پرسێكی تاوان و لە تاوانی خیانەتكردن كەمتر نەبێت و لەلایەن دەستەبژێرەكانی نێوكۆمەڵگە ئیدانە بكرێت ، تەنانەت حزبە كوردستانییەكان رووبەرووی ئەم جۆرە رەفتارانە لەبەغدا ببنەوەو پرسەكە بەلاڕێدا نەبن بەوەی پاساوو بیانووەكانی ئەو هێزو لایەنانەی لەپشت وەزیری داراییەوەیە لەجێگای خۆیدایە.. ئاخر بەچی هەق و دەستوور و یاسایەك ئەم هەموو بیانوو پاساوە دەهێننەوە بۆ ئەوەی پێكهاتەیەكی رەسەن و سەرەكی لەم عێراقە بەناو نوێیەدا لەهەموو ماف و شایستە داراییەكانی بێبەش بكەن. حزب و لایەنی سیاسی و كەسانێكی هەڵتۆقیو دروست بوون بەئاشكرا هاندەری جێبەجێكردنی ئەم سیاسەتەن و هیچ بەرنامەو كارێكی دیكەیان نییە تەنیا لەناو ئازاردانی خەڵكی بەشمەینەتی ئەم كوردە داماوەتە هاتوهوژی راگەیاندنەكان دەكەن و وەكو فرمێسكی تیمساح كار لەسەر فریودانی مووچەخۆران دەكەن و لەبری ئەوەی بەئاراستەی بەرزكردنەوەی دەنگەكان بەڕووی ئەوانەی برسییان دەكەن لەبەغدا بەئاراستەیەكی پێچەوانەیان دەكەنەوە وەكو ئەوەی نمایشی ئەكتەرانەی خۆیان لەناو شانۆگەرییە گەورەكەی برسیكردنی خەڵكدا باش جێبەجێ بكەن و ئەمانیش وەكو نەیارانی كورد چاویان بە سەقامگیریی و ئارامی ئەم هەرێمەدا هەڵنایەت كە لەناوچەكەدا بووەتە پێگەیەكی ئارام و پێكەوەژیان و لەئامێزگرتنی لێقەوماوان .   

باشە ئەمە چی ستەم و زوڵمێكە تۆ لەكاتێكدا یەك ماددەی دەستوور كە لەبەرژەوەندی خەڵكی كوردستانە جێبەجێی ناكەیت، كەچی بەهەزارو یەك فرتوفێڵ و بیانوو پاساو قووتی زیاتر لە ملیۆنێك مووچەخۆر و فەرمانبەر ببڕیت ، پێشتر بیانووەكانی هەناردەكردنی نەوت بوو ئەمڕۆ بیانووی پروبووچ و بێ مانا ، خۆیان پارەو پولی عێراقیان بەخشان و تەخشان كردووە و  بە ملیۆنەها بەرمیل نەوت ئاودیودەكەن و هەر هێزگەل و میلیشیاتێك كێڵگەیەكی نەوتی هەیە و دراوی گرانبەهای دۆلاریان لە وڵاتدا نەهێشتووە ئاودیوی سنوورەكانی دەرەوەی نەكەن و لەقەرزی نێودەوڵەتی و كۆمەك و هاوكاری و خەرجی سیادی و حاكیمە زوڵم لەگەلی كورد دەكرێت،  كەچی دانیشتوون بە بیانوو پاساوی نادەستووری و نایاسایی مووچە و بودجەی كوردستان دەبڕن،  باشە بۆ قەرەبووی قوربانییانی رژێم لەئەنفال و كۆمەڵكوژی و وێرانكردنی گوندەكان و كیمیابارانی هەڵەبجە نادەنەوە ، .. بۆ ماددەی 140ی دەستوور جێبەجێ ناكەن بۆ پارە دزراوەكانی ماف و شایستە داراییەكانی ئەو هەموو ساڵە نادەنەوە.. بۆ لە ریفراندۆمدا گەلێكتان گەمارۆ داو برسیكردوو سزایەكی نائەخلاقی و نائاینیدان بەسەریانتدا سەپاند ، ئەم عێراقە هێشتا تێری نەخواردووە لەكوشتن و تاڵانكردنی ماڵ و حاڵی كوردان،  وا هێشتا سەرقافڵەی برسیكردن و تەعریب و تەرحیل و ئەنفالێكی تری خەڵكی كوردستانن .. نەیارانی كورد سوودیان لەمێژوو وەرنەگرتووە نازانن كورد تا خاوەنی بارزانی و پێشمەرگە بێت سازش لەسەر مافی نەتەوەیەك ناكەن.. رەنگە بەم بیروباوەڕو رەفتارە قێزەوەنە زیانمان پێ بگەیەنن بەڵام هەرگیز ناتوانن و نەیانتوانیوە ئیرادە و كەرامەتی نەتەوەیەك بڕوخێنن، بۆیە كاتی ئەوە هاتووە فەرمانبەرانی هەرێمی كوردستان چیتر بێدەنگ نەبن لەبەردەم ئەم زوڵم و ستەمەی شۆڤێنییەكان و برسیكردنی خەڵكی هەرێمی كوردستان و بڕژێنە سەر شەقامەكان و بەبەیاننامە و خۆپیشاندان بەدنیای دەرەوەو هاوپەیمانەكانمان بڵێن ئەوە بەغدایە خەون بەرووخانی دوا قەڵای پۆڵاینی دیموكراتی و پێشكەوتن و گەشەكردن و پێكەوەژیان لە عێراق و ناوچەكەدا دەبینێت، چۆن دەبێت حكومەتی ئیتحادی دژی هەرێمێكی بێت و ئیرەیی بێ ببات و هەوڵ بدات بەدەیان كاری دوژمنكارانە هەر لە ڕاگرتنی هەناردەی نەوت و دانانی بازگەی نایاسایی و ڕێگرتن لەهەناردەكردنی بەرهەمەكانی و بڕینی قووتی خەڵكەكە و دزینی بودجەكەی و نەناردنی پشكەكەی لە نەوت و بەنزین و غاز و دەیان مافی دیكە ناوی خۆی بنێت وڵاتێكی ئیتحادی .