سیاسی
مەلا عه‌بدوڵڵا شێرکاوەیی
مەلا عه‌بدوڵڵا شێرکاوەیی

نووسەر

هاتنی شاندی گەورە زانایانی میسر پەیوەندیی نێوان زانایانی کوردستان و ئەزهەری شەریف قوڵتر دەکاتەوە

هاتنی شاندی گەورە زانایانی میسر پەیوەندیی نێوان زانایانی کوردستان و ئەزهەری شەریف قوڵتر دەکاتەوە
هاتنی شاندی گەورە زانایانی میسر پەیوەندیی نێوان زانایانی کوردستان و ئەزهەری شەریف قوڵتر دەکاتەوە

یەکێتیی زانایان پەیوەندییەکی باشی لە گەڵ جیهانی ئیسلامی و ناوەندە ئەکادیمی و ئایینیەکان پەیدا کردووە، بەتایبەت لەگەڵ وڵاتێکی وەک میسرو ناوەندێکی گەورەی ئەکادیمی وەک مەشیخەی ئەزهەری شەریف، تا ڕادەیەک پەیوەندیی هەردوولا گەیشتۆتە ئاستی ئالوگۆڕی زانستی و ڕۆشنبیری و کردنەوەی خولی ئەکادیمی و پەرەپێدانی تواناکان و هاتنی شاندی فەرمی لە مەشیخەی ئەزهەر بۆ کوردستان و بە پێچەوانەشەوە چوونی شاندی فەرمیی هەرێم بۆ ئەزهەر، کە ئەمە دەرخەری ئەو ڕاستییە ئاستی پەیوەندی و زانستی مەلای کورد و مێژووی پڕ شکۆی گەورە زانایانی کورد کاریگەریی زۆریان لەسەر جیهانی ئیسلامی هەبووە و فاکتەری پەیوەندیی مێژوویی نێوانیان لە طووی میراتی زانستی و پابەندبوون بە ڕێڕەوی مەزهەبی ئیمامی شافیعی، ڕاگرتووە.
لە ساڵی 2009 و تا ئێستا بە شێوەی پرۆتۆکۆلی ئەو پەیوەندییە جێگیر کراوە و هەر بەردەوام بووە، لەمیانەی ئەو ڕێککەوتنەی لە نێوان یەکێتیی زانایان و ئەزهەردا هەبووە، چەندین خولی شیاندن و ئاڵوگۆڕی مەعریفی و گەشەپێدانی توانای مرۆیی لەمەڕ پرسە هاوچەرخەکان بەڕێوە چووە. سەدان مەلای کورد بەشدارییان تێدا کردووە و کاریگەری باشی لەسەر ئاستی پەیوەندی و بە تایبەت لە ڕووبەڕوبوونەوەی بیری توندڕەوی و بڵاوکردنەوەی پەیامی میانڕەوی و مرۆڤدۆستی و گەشەپێدانی تێگەیشتنی دروست لە چەمکە ئایینیەکان ڕوونکردنەوەی بابەتی هاوچەرخ و بەرەو پێشبردنی بواری فەتوا و پاراستنی فەرهەنگ وکەلەپووری زانستیی ڕێبازی گەورە زانایانی ئۆممەتی ئیسلامی ناوەتەوە.
ئەمجا،رە شاندێکی باڵای ئەزهەر کە پێک هاتبوو لە بەڕێزان دکتۆر عەباس شومان، ئەمینداری گشتیی دەستەی گەورە زانایانی ئەزهەر و بەڕێز دکتۆر سەلامە جمعە داوود، سەرۆکی زانکۆی ئەزهەر و بەڕێز وائل بەخیت، جێگری سەرۆکی ڕێکخراوی جیهانیی دەرچوانی زانکۆی ئەزهەر و بەڕێز ئەحمەد فەوزی، بەڕێوەبەری کاروباری دەرەوە لە زانکۆی ئەزهەر؛ بەمەبەستی بەشداریی لە دیداری زەڵمی و دانیشتن و بەسەرکردنەوەی دەزگا و ناوەندە ئیداری و پیشەیی و ئەکادیمییە ئایینیەکان و سەرکردایەتی سیاسیی کورد، مایەی خۆشحاڵییەکی زۆر بوو؛ چونکە، حزووری ئەم شاندە باڵایەی ئەزهەر لە کوردستان هێمایەکی گرنگە لە قوڵترکردنەوەی پەیوەندی نێوان زانایانی کورد و زانایانی ئەزهەری شەریف لە لایەک و، پاڵپشتیەکی گەورەشە بۆ درێژکردنەوەی نەهجی مەلای کوردو ناساندنی پتری مێژووی کەڵە زانایانی کوردستان بەڕووی دەرەوە لەلایەکی ترەوە. هەروەک هێزێکی تر لە ئاستی ناوەندێکی باڵای ئەکادیمی وەک ئەزهەر، دەداتە گوتاری ئایینی لە هەرێم بۆ بەرەنگاربوونەوەی هزری توندڕەوی و قوڵکردنەوەی پەیامی ئاشتی و پێکەوەژیان و میانڕەوی و یەکتر قەبوڵکردن و ئاڵوگۆڕی ڕۆشنبیری و دەرخستنی ڕۆڵی کوردستان لە پارێزگاریی لە ئایین و مەزهەب و کلتورو بەها نەتەوەییەکانی خۆی وەک گەلێکی موسڵمان.
بەرێوەچوونی چالاکیەکی وا گەورە – دیداری زەڵمی - لە هەولێری پایتەخت و بە بەشداری راستەوخۆی سەرۆکی هەرێم رێزدار نێچیرڤان بارزانی؛ ئاماژەیە بەوەی کوردستان شوێنێکی ئارامەو بایەخ بە چالاکی رۆشنبیر و برایەتی و ئاشتی دەدات و ئەزموونی هەڵکەوتووانی خۆی بەرز رادەگرێت، نوێکردنەوەی ئەو پەیوەندیە لەگەڵ زانکۆی ئەزهەرو مەشیخەی ئەزهەر داڕشتنەوە و نوێکردنەوەی ئەو هێڵە گرنگەیە کە لە ئایندەدا زانایانی کوردو نووسە و ڕۆشنبیرانی گەلەکەمان سوودی لێ وەردەگرن، کردنەوەی دەرگایەکی گرنگە بۆ لێک نزیککردنەوەی تەجرەبە و تەوزیفکردنی چەمکە ئایینیەکان و گەشەپێدانی زانستی و فکری و فەرهەنگی و پەیڕەوانی دینداری و بەتایبەت وتاربێژانی کوردستان، بۆ ئەوەی بە سوود وەرگرتن لە ناوەندێکی باڵای وەک ئەزهەر هزرو تێڕوانینیان فراوان و دووربینانەتر خۆی ببینێتەوە لە گەیاندنی پەیامی ئایینی و مرۆڤدۆستی و پارێزگاریکردن لە ڕێبازی زانستی زانایانی سەروەرمان.
بۆیە، شاندی ناوبراو کە هاتە یەکێتیی زانایانی ئایینی ئیسلامی کوردستان و لە دیداری نێوان هەردوولا زۆر ڕاشکاوانە پەیوەندیی نێوان هەردوو دامەزراوەکە بە گرنگ وەسف کرا و بە یەکێ لە شانازییەکانی هەردوولا لە بواری خزمەت بە ئیسلام و مرۆڤایەتی ناوبرا. تەئکید لەوە کرایەوە کە حوزوری ئەزهەر لە گەڵ زانایانی کورد گرنگە، چونکە ئەزهەر پێگەیەکی تایبەتی هەیە لەناو کورددا، هەم بە حوکمی مێژووی پەیوەندی و هەمیش لە کاریگەریی ئەزهەر بە سەر جیهانی ئیسلامیدا، گرنگیی ئەم پەیوەندییە بۆ کوردستان لەپێناو پارێزگاری لە میانڕەوی و نەهێشتنی هەڵەتێگەیشتنی ئایین و بە زانستی لێکدانەوەی دەقەکان و ئاڵوگۆڕی زانستی و هەماهەنگی لە پرسە نوێیەکان زۆر گرنگە، ئەمەش وا دەکات زەمینەی شیاندن و پێگەی هەرێم لە سەر ئاستی وڵاتانی ئیسلامی زیندووتر بکەوێتە بەرچاو.
هەر لەم سەردانەیان بۆ یەکێتی زانایان، بە دەرفەتم زانی بە تایبەت، چەند پرسیارێک ئاراستە فەزیلەتی دکتۆر عەباس شومان، ئەمینداری گشتیی دەستەی گەورە زانایانی ئەزهەر بکەم، سەبارەت بە سەردانیان بۆ هەرێم و تێڕوانینیان لە هەمبەر کوردستان و ڕۆڵی زانایانی کورد و پەیوەندیی نێوان یەکێتیی زانایان و مەشیخەی ئەزهەر و بەشداریان لە دیداری زەڵمی و دامەزراوەی ئەکادیمی و پیشەیی و حکوومی و تەنانەت دیداریان لەگەڵ سەرکردایەتیی کورد، خۆشبەختانە بەم شێوە تێڕوانینی خۆی لەسەر کۆی سەردانەکە و بەشداری چالاکی و دیدارەکان دەربڕی: 
 "ئێمە زۆر خۆشحاڵین لە کوردستانین و کۆمەڵێک دیدارمان هەبوو، دەبینین پێشکەوتنی گەورە لە هەموو بوارەکاندا هەیە و ئاوەدانی و خزمەتگوزاری زۆر و باش هەیە. کە سەردانی قەڵای هەولێر و پەیمانگای ئەزهەر و کۆمەڵێک دامەزراوەی حکوومەتی و فەرمیمان کرد و گفتوگۆی تێرو تەسەلمان لەبارەی هەندێ پرس لە بەرژەوەندیی گشتی و هەردوولا دا، کرد؛ بەتایبەت لە بواری پەیوەندی و هەماهەنگیی نێوان ئەزهەرو زانایانی کوردستان، بۆیە ئەمڕۆ کە لە یەکێتی زانایانین و دیداری گرنگمان هەبوو گفتوگۆی باش کراو وێنایەکی باشمان بەرچاو کەوت لەوەی زانایانی کوردستان لە ئاستێکی باشی پێشکەوتندان و بە ئاستێکی بەرزی زانستی هەنگاو دەنێن.
بە تەئکید ڕۆڵی زانایانی کوردستان ڕۆڵێکی گرنگ و ئەرێنیە، ئەوەی ئێمە بینیمان، بە تایبەت کە بۆمانیان باس کرد. یەکێتیی زانایان لەوەتەی دامەزراوە هەوڵی ئەوەی داوە کاری بە کۆمەڵ بکەن، بەتایبەت لە بواری فەتوا، کە ئەمە هەنگاوێکی خوازراوە لەم سەردەمەو پێویستیەکی حەتمیی گرنگە بۆ ڕەوشی فەتواو دۆزینەوەی چارەی شەرعی بۆ پرسەکان. دەرکردنی ئەو هەموو بڵاوکراوە کە ئێمە بینیمان لە کتێبخانەی یەکێتیی زانایان بەڵگەی ئەو ڕاستیەیە کە یەکێتیی زانایان خزمەتی کردووەو توانای خۆگونجاندنی لەگەڵ شتە نوێ و بابەتە هاوچەرخەکان هەیە.
ئێمە لە کوردستان دیدارێکمان هەبوو لەگەڵ بەڕێز سەرۆک مەسعود بارزانی؛ ئەو پیاوێکی خاوەن ئەزموونی زۆرو و کەسایەتیەکی مێژوویی گەورەیە، دەرفەتێکی گرنگ بوو لە نزیکەوە پێکەوە دانیشتین و گفتوگۆی باشمان کرد، بەتایبەت ئەزمون و خوێندنەوەی ئەو بۆ ئەو ئەزمەو ئاڵنگاری و گۆڕانکارییانەی لە ناوچەکە ڕوو دەدەن، گرنگە؛ بۆیە دیدارەکەمان دیدارێکی بەرهەمدار و مێژوویی بوو، باسی پەیوەندیی نێوان گەلی میسرو گەلی کورد کرا، کە خالی هاوبەش و دۆستایەتی دێرین هەیەو جەخت لە پاراستن و پێشخستنی کرا، کۆمەڵێک بابەتی تری پەیوەست بە رۆژهەڵاتی ناوەراست و جیهانی ئیسلامی بە گشتی و ئەو ئەزمون و ئارامی و پێکەوەژیان و هەوڵی بەرەنگاری بیری توندڕەوی بەتایبەتی تیشکی خرایە سەر.
کوردو گەلی میسر پەیوەندیی دێرین و مێژوویی گرنگیان هەیە، کەس نیە ناوی سەرکردەی دیار سەلاحەددینیی ئەیوبی نەبیستبێت، کە فەزڵی بەسەر هەموو ئۆممەتی ئیسلامیی بەگشتی و گەلی میسر بەتایبەتی هەیە، پەیوەندیی ئەزهەری شەریف و گەلی میسر بەو سەرکردەیە شتێکی دانەبڕاوە؛ چونکە سەلاحەددین بوو مەزهەبی ئیمامی شافیعی گەیاندە میسرو بلأوی کردەوە، ئەوەش دەزانین یەکەمین ڕۆژنامە بەناوی (کوردستان) لە قاهیرەوە دەرچووە، بۆیە پەیوەندی نێوان گەلی میسر و گەلی کورد شتێکی کەم و تازە نییە، بگرە ئەمە پێویستی قسە لەسەر کردن ناکات، چونکە هەر کەس بڕێک شارەزایی و مەعریفەی هەبێت دەزانێت ئەم پەیوەندییە کۆن و لە ئاستێکی بەرز بووە، لێرەوە تەئکید لە پەیوەندیی نێوان هەردوولا دەکەینەوە و بە دڵنیاییەوە ئەو پەیامەی لێرە وەرمان گرت دەگەینینە شوێنی خۆی و لەگەڵ شێخی ئەزهەریش باسی لێوە دەکەن".
ماوەتە بڵێم؛ ئەم سەردانەی شاندی ناوبراو بۆ کوردستان سەردانێکی ئەرێنی و گرنگ بوو، لەهەمان کات ڕۆڵی گەورە دەبینێت لە گەیاندنی وێنایەکی جوانی دۆخی هەرێم لە ڕووی ئایینی و زانستی و جیهانبینی و پێکەوەژیان و میانڕەوی و پەیامی ئاشیتیخوازی، لەهەمان کاتدا ڕایەڵەی پەیوەندییەکان نوێ دەکاتەوە و دواجار بە قازانجی زۆر بۆ کوردستان و زانایانی ئایینی تەواو دەبێت و بەرهەمی تایبەتی بۆ میراتی زانستی و ڕۆشنبیری و ئاڵوگۆڕی تێگەیشتنەکان لە ئایندە دەبێت."

د. عەبدوڵلا شێرکاوەیی، ئەندامی مەکتەبی تەنفیزی و بەرپرسی ڕاگەیاندنی یەکێتیی زانایانی ئایینی ئیسلامیی کوردستان.