پرسی کورد لە گۆڕانکارییەکانی ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاستدا
ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست، پێی ناوەتە قۆناغێکی گۆڕانکارییەوە، بە لەناوبردنی کەسایەتییە گەورەکانی ئێران و هاوپەیمانەکانی لە ناوچە جیاوازەکان بە حزبوڵلای لوبنانیشەوە بگرە، تا پەرتبوونی هیلالی شیعە و دواجار هەست بە کەمیی هەژموونی ئێران دەکرێت لەناوچەکە، بەتایبەت پاش ڕووخانی ڕژێمی ئەسەد لە سووریا.
پێناچێت ئەم گۆڕانکارییە خێرایانە خۆڕسک بن، بەڵکو پێدەچێت لە دیزاینە ستراتیژییە درێژخایەنەکانی زلهێزە جیهانی و ناوچەییەکان سەرچاوەی گرتبێت. لەگەڵ پەرەسەندنی ئەم گۆڕانکارییانە، دەرفەت بۆ هەندێک کارەکتەری وڵاتان دێنە پێش، لە هەمانکاتدا تەحەددا بۆ هەندێکیتر دێتە پێش، ئەمەش وا دەکات تێڕوانینی سیاسییەکان لە دیدگای جۆراوجۆرەوە لێی بڕوانرێت.
گرنگترین بابەتەکان، پرسی یەکڕیزیی کوردە لە ڕۆژئاوا بەهزرێکی نەتەوەیی و نیشتمانی بڕواننە پرسی کورد، لە ناوچەیەکدا کە ئایندەی سیاسییان بە نادڵنیایی و ململانێیەکی قووڵەوە ماوەتەوە.
ڕووخانی ڕژێمی ئەسەد و کاریگەرییە ناوچەییەکان:
لاوازبوونی حکوومەتی بەشار ئەسەد کە سەردەمانێک بەردی بناغەی کاریگەری ئێران بوو لە ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست، کاریگەری قووڵی لەسەر ناوچەکە هەیە. ڕژێمی ئەسەد، کە ساڵانێکە بە پشتیوانیی ئێران و ڕووسیا بەردەوام بوو، بەهۆی داڕمانی بەردەوامی ئابووری و کەمبوونەوەی پشتیوانیی گشتی و بێتوانایی لە وەرگرتنەوەی کۆنترۆڵی تەواوی خاکی وڵات، تادەهات گۆشەگیرتر و بەرەو پووکانەوەی سیاسی دەچوو بە لە ناوچوونی کۆتایی هات.
ڕووخانی ڕژێمی ئەسەد، هاوکاتە لەگەڵ فراوانبوونی خواستە ناوچەییەکانی ئیسرائیل، بە تایبەتی لە لکاندنی بەرزاییەکانی جۆلان بە ئیسرائیل. لە کاتێکدا ئەم هەنگاوە ڕەگ و ڕیشەی مێژوویی هەیە و لەگەڵ ئەولەویەتەکانی ئەمنیی ئیسرائیلدا هاوتەریبە، بەڵام ڕەنگدانەوەی ستراتیژییە فراوانترەکانی ئەمەریکایە بۆ دووبارە داڕشتنەوەی گۆڕانکاریی ناوچەکە، بەتایبەتی لە ژێر ئیدارەی ترەمپ و گونجاندن لەگەڵ ئامانجەکانی ئیسرائیل. بەڵام ئەم خواستی گۆڕانکارییە بێ کێبڕکێی سیاسی نابێت و زیاتری دەکات؛ جگە لە زلهێزە نێودەوڵەتییەکان لە نێوان زلهێزە ناوچەییەکانی وەک تورکیا، ئێران و دەوڵەتانی کەنداو.
گەلی کورد کە لە سەرانسەری عێراق، سووریا، تورکیا و ئێراندا بڵاو بووەتەوە، لەمێژە بە دوای دەوڵەتی سەربەخۆیە، بەڵام هەموو دەمێک بووەتە قوربانی بەرژەوەندیی وڵاتە زلهێزەکان. سەرەڕای ئەوەش هەرێمی کوردستان، توانی ڕووبەڕووی تەحەدیاتەکان ببێتەوە و هەرێمێکی سەربەخۆ لە عێراق ببێتە ئەمرێکی واقع لە ناوچەکە. بەهەبوونی دژایەتی بەردەوام، بەڵام ئەم حوکمڕانییە بووە مۆدێلێکی سەرکەوتوو، بەهەبوونی سەقامگیریی سیاسیی و ئارامی و ئاوەدانی.
ڕەجەب تەیب ئەردۆغان، سەرۆککۆماری تورکیا و هاکان فیدان وەزیری دەرەوەی تورکیا، بە توندی دژی بەشداریی سیاسی هێزی سووریای دیموکراتن لەسووریای نوێ، لایان وایە پاشگری پەکەکەن و هەڕەشەیەکی جددین بۆ خاکی تورکیا.
ئەم هەڵوێستەی تورکیا لەگەڵ گۆڕانی ئەولەویەتەکانی ئەمریکا، کوردەکانی سووریا دەخاتە دۆخێکی ناجێگیرەوە. لە کاتێکدا واشنتۆن چەکداری هێزەکانی سووریای دیموکراتی کردووە و پشتگیری لە کردوون، بەڵام پابەندبوونی بەهاوکاری بەردەوامی تا ئێستا نادیارە، بەتایبەتی لەگەڵ پەرەسەندنی بەرژەوەندییەکانی ئەمریکا لە ناوچەکەدا. ئەم نادڵنیاییە جەخت لەسەر گرنگیی یەکگرتوویی نێو کورد و هاوکاری لەگەڵ ئەکتەرە عەرەبییەکان لە سووریا دەکاتەوە، هەروەک لەم دواییانەدا سەرۆک بارزانی جەختی لەسەر کردەوە.
ڕۆڵی یەکگرتوویی کورد و عەرەب:
بانگەوازی یەکگرتوویی کورد و عەرەب لە سووریا هەم لە کاتی خۆیدایە و هەم ستراتیژییە. هەڵوەشاندنەوەی ڕژێمی ئەسەد دەرفەتێکی دەگمەنە بۆ کورد و عەرەب بۆ پێکهێنانی هاوپەیمانی کە بتوانێت دینامیکی دەسەڵات لە سووریای دوای جەنگدا پێناسە بکاتەوە. ئەم جۆرە هاوکارییە، دەتوانێت ئاسانکاری بۆ دامەزراندنی مۆدێلی حوکمڕانی فرەیی و لامەرکەزی بکات، کە سوودی بۆ هەردوو پێکهاتەکە هەبێت و مەترسی هەژموونی بەرژەوەندی خوازانە بۆ ناوچە کوردنشینەکان کەم بکاتەوە.
لە ڕووی مێژووییەوە دووبەرەکی لە نێوان خودی کورددا ئاواتە بەرفراوانەکانی تێک داوە. ڕکابەرییە ناوخۆییەکان کە زۆرجار لەلایەن ئەکتەرە دەرەکییەکانەوە سووتەمەنییان پێدەدرێت، وای کردووە کە پێشکەشکردنی بەرەیەکی یەکگرتوو قورس بێت. کوردەکان بە سیاسەتێکی نوێ و ڕۆحیەتی هاوپەیمانی لەگەڵ کوتلە عەرەبییەکانی سووریا، دەتوانن پێگەی موزایەدەی خۆیان لە هەر دانوستانێکی داهاتوودا سەبارەت بە داهاتووی سیاسی سووریا بەهێزتر بکەن.
بەرزاییەکانی جۆلان:
لکاندنی بەرزاییەکانی جۆلان بە ئیسرائیلەوە، بە ڕەزامەندیی بێدەنگیی ئەمریکا، هاوکێشەیەکی بی وەڵامە لە ناوچەکەدا. لە کاتێکدا ئەم هەنگاوە ئاسایشی ئیسرائیل بەهێز دەکات، بەڵام ئاماژەیە بۆ گۆڕانکارییەکی فراوانتر. ئەم نموونەی ئیسرائیل ئەوە دەردەخات، کە چۆن پشتیوانی دەرەکی دەتوانێت باگەشەی شەرعیەتدان بدات بەخاک، هەرچەندە لە ژێر بارودۆخێکی مشتومڕاویدایە سووریا، بەلام هەنگاوێکی ژیرانە بوو بۆ پاراستنی بەژەوەندییەکانی خودی ئیسرائیل، کە چەندین ساڵە تامەزرۆی بەدەستهێنانی بەرزاییەکانی جۆلانە. چونکە لای وایە شوێنێکی ستراتیژییە بۆ پاراستنی ئارامی و سەقامگیریی زیاتر بۆ ولاتی ئیسرائیل، لە ڕاستیشدا وایە چونکە زۆر بە بەرفراوانی لە وڵاتەکە دەڕوانێت.
ئاڵۆزی پەیوەندییەکانی ئەمریکا و تورکیا:
پەیوەندی نێوان ئەمریکا و تورکیا چینێکی دیکەی ئاڵۆزی زیاد دەکات. لە کاتێکدا واشنتۆن وەک هاوبەشێک لە دژی داعش پاڵپشتی لە هێزی سووریای دیموکرات کردووە، لە هەمان کاتدا هەوڵی پاراستنی پەیوەندی ستراتیژی لەگەڵ تورکیای هاوپەیمانی ناتۆی داوە. دژایەتیی توندی ئەردۆغان لەم هێزە لە سووریا هەوڵەکانی ئەمریکا بۆ پاراستنی ئەم هاوسەنگییە، بەرژەوەندییە کێبڕکێکارانەیان ئاڵۆز دەکات، ئەگەر هەردولا نەگەنە تێگەیشتن، ڕەنگیشە هەر حاڵەتێکی بەرژەوەندی دوولایەنە بێتە پێش، هەڵوێستیان بەرامبەر بە هاوڵاتیانی کوردی ڕۆژئاوای کوردستان تەنها بێدەنگی بێت، ئەمەش ئەو کارەساتەیە کە تەنها خەڵکی کوری زولم لێکراوی سووریا ڕوبەڕووی دەبنەوە.
لەکۆتاییدا:
بەهۆی ڕووخانی ڕژێمی ئەسەد، بۆ کورد ئەم ساتە دەرفەتێکی مێژوویی دەڕەخسێنێت، بۆ پێناسەکردنەوەی ڕۆڵی خۆی لە ناوچەکەدا.
پرسیارێک هەر لە مێشکمان دەزرنگێتەوە: ئایا کورد ئەم دەرفەتە دەقۆزێتەوە بۆ پێشخستنی خواستەکانی، یان گۆڕانی ناوچەیی و نێودەوڵەتی جارێکی دیکە کورد دەخاتە پەراوێزی مێژووەوە؟ ئەمە تەنها کات دەزانێت، بەڵام ئەگەرەکان زۆرن و باش مامەڵەکردن لەگەڵ بارودۆخە سیاسییەکان زیاتر شتەکان ڕوون دەکەنەوە.