
ئەردەڵان دۆسکی
نووسەر
لە گۆڕەپانی سیاسەتدا، یاریكەر بین یاخود تەماشاكار؟

(بەمافی خۆمانی دەزانین هوشیار و ئاگاداربین چونكە قسە بەتەنیا بەس نییە ، پێویستی بەكردەوە هەیە..) ئەمە گوتەی سەرۆك بارزانی، مەرجەعی نەتەوەیی و نیشتمانیی كورد و كوردستانییەكانە كە هەموو تەمەنی لە پێشمەرگایەتی و خەبات و سیاسەتدا بەڕێكردووە، ئەمڕۆ وتەكانی داستانێكە لە ناو گۆڕەپانی سیاسەتدا، سەردەمانێكی زۆرە ئەو سیاسەتە حەكیمانەیەی سەرۆك بارزانی كوردی لەناو گێژاوی بارگرژی و شەڕەكانی رۆژهەڵاتی ناوەڕاست و پیلان و مەرامی دوژمنان و نەیاران پاراستووە . سیاسەت لای سەرۆك بارزانی هونەری راستگۆیی و دیبلۆماسی یە بۆ بەدیهێنانی مافەكانی گەلێكی مەزڵوم تاوەكو نەك تەنیا لە كۆمەڵكوژی و لەناوچوون بیپارێزێت بەڵكو بەرەو ژیانێكی ئاسوودە و سەقامگیر و پارێزراو بیكەیەنێتە كەناری ئارامی . سەرۆك كۆكەرەوەی دەنگە جیاوازەكان و پێكهاتەكان و ئایدیۆلۆژیاكانە، لەلای سەرۆك بارزانی سیاسەت سوڕانەوە نییە لەناو بازنەیەكی بەتاڵی داخراودا ، هەروەكو چۆن لە ئێستادا زۆر حزب و لایەنی سیاسی ئەنجامی دەدەن و ئومێدو خەونی هاوڵاتیان بۆ ژیانێكی خۆشتر لەناو دەبەن، یاخود سیاسەتكردنی ئەو حزب و دەسەڵاتدارانەی عێراق كە سیاسەتیان كردووەتە گاڵتەجارییەك بۆ برسیكردن و سزادانی گەلێكی موسڵمان كە ساڵانێكی كۆمەڵكوژ و جینۆسایدی دەكەن و ئێستاشی لەگەڵ بێت هەر رۆژەو بەبیانوو پاساوێك دژایەتی كورد دەكەن، بۆ ئەمەش هێرش دەكەنە سەر سیمبولی نەتەوەیی و نیشتمانییەكەی كە سەرۆك بارزانی یە ، هەروەكو چۆن كار بۆ برسیكردن و لێكترازان و ناكۆكی نێوماڵی كورد دەبەن.
لە ساڵانی ڕابردوودا حیكمەتی سەرۆك بارزانی بوو گەلی كوردی لە شەڕی ناوخۆ و شەڕی دوژمن و نەیارانی كوردی لە بەغدا پاراست، هێرشی ئێران و پەكەكەی لە كورد دوورخستەوە. بەسەر هەموو ئەوانەشدا سەركەوت كە بەناوی سیاسەتەوە هەموو مەبەست و مەرامیان ڕووخان و تێكدان بوو. سەرۆك بارزانی لەناو هەموو ئەم پشێوی و بێسەروبەرییەدا ئەو سەركردە نەتەوەییە بوو كە كوردستانی بەرووی جیهانی دەرەوە واڵاكردووە هونەری دیبلۆماسیەتی بۆ كورد گەڕاندەوە، كاتێك لەدیدارەكەیدا لەگەڵ مەزڵوم عەبدی پێی گوت (هەرگیز بێ ئومێد نەبیت لە گفتوگۆ) ئەزموونی دەوڵەمەندی خۆی بۆ سەركردەیەكی كوردی رۆژئاوا گەیاند كە سەردەمێك بوو دوژمن و نەیارەكانی كورد دژی هەرێمی كوردستان و خەباتی دوورودرێژی كورد لەدەرەوەو لەنێوخۆشدا ناهەقیەكی گەورەیان دەرهەق كردووە، بەڵام سەرۆك بارزانی هەر بەزمانی دیالۆگ و ئاشتی وەڵامی داینەوە. هەمووانی گەڕاندەوە سەر ڕێچكە راست و دروستەكەی سیاسەت كە هونەری بەدەستهێنانی مافەكانی تاك و كۆمەڵگا و نەتەوەكەیەتی. ئەمڕۆ لەگۆڕەبانی سیاسەت پێویستیمان بەسەرۆك و سەركردەیەكی وا هەیە كە وتەكانی سەرۆك بارزانی بەكردار جێبەجێ بكات ، هەروەكوو چۆن سەرۆكی حكوومەتی هەرێمی كوردستان لە ماڵی كوردستان لە داڤۆس كار بۆ ئەوە دەكات ( هەرێمی كوردستان بكاتە دەروازەیەك بۆ عێراق و ناوچەكە تاوەكو پێشكەوتنی ئابووری لە ناوچەكەدا پەرەپێبدەن)، بەشێكی وتەكانی رێزدار سەرۆكی حكومەت لە پەنجاو پێنچەمین كۆڕبەندی ئابووری جیهانی لەداڤۆس ئەوە بوو تیشكی خستە سەر ئەو گۆڕانكارییە خێراییانەی ناوچەكەی كردووەتەوە بەتایبەتی دوای شەڕی حەماس و ئیسرائیل و دواتر تەشەنەكردنی بۆ شەڕی حزبوڵای لوبنانی و ئیسرائیل و هێرشەكانی حووسییەكانی یەمەن و تا رووخانە خێراكەی بەشار ئەسەد و رژێمەكەی و ئەگەری گواستنەوەی شەڕەكە بۆ نێوان هەندێك لە میلیشیاتە شیعەكانی عێراق و ئیسرائیل و دەستپێكردنی بارگرژییەكانی نێوان سوپای توركیا و دەست و دارەكەی لەسوریا لەگەڵ هێزەكانی سوریای دیموكرات لەناوچە كورد نشینەكان ، ئەمە هەمووی ئەوەمان پێ دەڵێت كەنابێت لەم یارییە نێودەوڵەتی و ئیقلیمییەدا تەنیا دەستەوەستان و تەماشاكار بین، بەڵكو دەبێت رۆڵ و پێگەی هەرێمی كوردستان لەناو رۆژهەڵاتی ناوەڕاست بەهێز بكەین تاوەكو مافە دەستووری و یاساییەكانی خەڵكی كوردستان بپارێزرێت ، بۆ ئەمەش هەروەكو رێزدار مەسرور بارزانی لەداڤۆس ئاماژەی پێدا (( هیچ شتێك لەوە باشتر نییە كە ئێمە لەكوردستان یەكهەڵوێست و یەك دەنگ و یەكڕیز بین). بۆیە سەركردایەتی كورد لەسەر ئاستی كورت مەوداو دوورمەودا كار بۆ مامەڵەكردن لەگەڵ ئەم گۆڕانكارییە نوێیانەدا دەكات و تەماشاكار راناوەستێت لەبەردەم هەموو ئەو مەترسییە جیهانی و ئیقلیمی و نێوخۆییانەی روو لە هەرێمی كوردستان دەكات لە رۆژهەڵاتی ناوەڕاست و هەندێك لەو هێزە شۆڤێنییانەی بەهەموو شێوازێك دژایەتی گەلی كوردستان دەكەن لەرێگەی دژایەتیكردنی حكومەتەكەیەوە ، بۆ ئەمەش هەوڵەكانی دیبلۆماسی و دیالۆگی راستگۆیانە لەگەڵ هەموو لایەنە سیاسییەكان و حكومەتەكان دەستی پێكردووە ، یەك دەنگی و یەكڕیزی كورد لەم بارودۆخەدا زۆر گرنگە بۆ ئەوەی لەناو گێژاوی لێكترازان و ناكۆكییەكان چیتر كورد پەرتەوازە نەبێت و تەنیا تەماشاكار بێت ئەو تەماشاكارییەی لە سیاسەتدا نەك هەر لەگۆڕانكارییەكان بەرژەوەندییەكانت بەدەست ناهێنیت، بەڵكو ئەگەرێكی زۆرە مافەكانی گەلی كوردیش پارێزراو نەبێت و دەستكەوتەكانی خەباتی چەند ساڵەی شەهید و قوربانییەكانیشمان لەدەست بدەین.