لە بەرانبەر پیلانەکانی بەغدا بێ هەڵوێست مەبن

لە بەرانبەر پیلانەکانی بەغدا بێ هەڵوێست مەبن
لە بەرانبەر پیلانەکانی بەغدا بێ هەڵوێست مەبن

پاش سەردانی سوودانی بۆ بەریتانیا و واژۆکردنی ڕێککەوتننامەیەکی نوێ لەگەڵ بەریتانیا بۆ بەرهەمهێنانی نەوت لە کەرکووک، دیسان بەغدا هەوڵ دەدات پێگەی هەرێمی کوردستان لاواز بکات. ئێستا شیعەکان بە هەموو شێوەیەک کارتی ئابووری بەکار دەهێنن دژ بە هەرێمی کوردستان. بابەتی مووچەی کارمەندانی هەرێمی کوردستان و هەروەها کۆسپەکانی بەردەم ناردنی نەوتی هەرێمی کوردستان، هەمووی شەڕی هێزە شیعەکانە دژ بە هەرێمی کوردستان.

ئەوان ئێستا ناتوانن بە چەک هێرش بکەنە سەر هەرێمی کوردستان، بەڵام کارتی ئابووری بە باشی بەکاردەهێنن دژی هەرێمی کوردستان. بە داخەوە هەندێک هێزی سیاسی لە هەرێمی کوردستان هێشتا وای دەبینن کە بەغدا مافدارە و هەرێمی کوردستان تاوانبار دەکەن.

زیاتر لە 10 ساڵە هێزە شیعەکان ڕێگر دەبن لەوەی بودجەی هەرێمی کوردستان لە بەغدا وەربگیرێت. کابینەی نوێ بە هەموو شێوەیەک هەوڵی داوە لەگەڵ بەغدا بگاتە ڕێککەوتنێکی نوێ بۆ چارەکردنی کێشەکان. زۆرینەی داواکارییەکانی بەغدا لەلایەن هەولێرەوە جێبەجێ کراون، بەڵام بیانووەکانی بەغدا هەرگیز کۆتایی نایەن.

زۆر سەیرە کە تا ئێستا سیاسەتمەدارە کوردەکان لە بەغدا، بەتایبەتی پەرلەمانتارەکان، نەیانتوانیوە لێکدانەوەیەکی ڕاست بۆ سیاسەتی بەغدا دژ بە خەڵکی کوردستان بکەن. جێگەی داخە کە هەندێک پەرلەمانتاری کورد هێشتا لەسەر شاشەکان دەڵێن هەرێمی کوردستان کێشە بۆ بەغدا دروست دەکات. دەبێت پێش هەر شتێک ئەو کەسانە ڕیسوا بکەین کە هێشتا نازانن دوژمنی گەلی کوردستان چ سیاسەتێک بەکاردەهێنێت بۆ برسیکردنی خەڵکی کوردستان.

سوودانی پاش سەردانی بەریتانیا، ئێستا گۆڕانکارییەکی دیکەی لە پرۆژەی پێشنیازکراو بۆ بودجە کردووە، بە تایبەتی بەشی هەرێمی کوردستان. ئاشکرایە ئامانجی سوودانی ئەوەیە لە ڕێگەی زیادکردنی بەرهەمهێنانی نەوت لە کەرکووک وا بکات کە عێراق پێویستی بە نەوتی هەرێمی کوردستان نەمێنێت. ئەوان دەیانەوێت کارتی نەوت لە دەستی هەرێمی کوردستان دەربهێنن. لەبەر ئەمە، دەبێت هەموو هێزە سیاسییەکانی کوردستان هەست بە پیلانی مەترسیداری بەغدا بکەن و پێکەوە دژی ئەو سیاسەتە بوەستنەوە.

شەڕ دژ بە بەغدا تەنیا ئەرکی پارتی نییە. سیاسەتی برسیکردنی خەڵکی کوردستان تەنیا دژی پارتی نییە. فەرمانبەرانی هەرێمی کوردستان قوربانی سیاسەتی شۆڤینیستی شیعەکان بوون، و فەرمانبەران تەنیا ئەندامانی پارتی نین، واتا بە گشتی خەڵکی کوردستان قوربانی سیاسەتی نوێی بەغدا بوون. لەبەر ئەمە، دەبێت هەموو هێزە سیاسییەکانی کوردستان بە ئەرکی خۆیان هەستن و پێکەوە دژی سیاسەتی نادروست و دوور لە ئەخلاقی بەغدا بوەستنەوە.

گۆڕانکارییەکانی ئێستا لە ناوچەکە تا ڕادەیەکی بەرچاو پێگەی عێراق و هێزەکانی سەر بەو لە ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست لاواز کردووە. بە هاتنی ترەمپ، گرووپە چەکدارە شیعەکان لە بەغدا نایانەوێت هیچ هەنگاوێک بنێن. ئەمە دەرفەتێکی زۆر باش بۆ کورد

با تەنیا جارێک هەموو فراکسیۆنە کوردستانییەکان لە پەرلەمانی عێراق پێکەوە بڵێن: "بەسە! ئیتر ئێمە ئەم سیاسەتەی بەغدا قبووڵ ناکەین. ئەگەر بەغدا بەردەوام بێت لە سیاسەتی برسیکردنی خەڵکی ئێمە، ئێمە دەکشێینەوە لە پرۆسەی سیاسی لە بەغدا."

باوەڕم وایە ئەگەر هێزە کوردەکان کارێکی وا بکەن، بەغدا ناچار دەبێت دەستبەرداری ئەم سیاسەتە بێت. بەڵام بەداخەوە، هەتا هێزە کوردەکان بەردەوام بن لەسەر سیاسەتی ئێستایان و بە جێی ئەوەی بەغدا تۆمەتبار بکەن، هەولێر تۆمەتبار بکەن، سیاسەتی هێزە شیعەکان دژ بە خەڵکی کوردستان بەردەوام دەبێت.