لە ئەمەریکا دەرفەتی کار بۆ خاوەن بڕوانامەکان دەڕەخسێندرێت

لە رێگەی بەرنامەیەکەوە کار بۆ خاوەن بڕوانامەکان دەدۆزرێتەوە

https://k24mediaservice.streaming.mediaservices.windows.net/c8a66385-70af-4c00-9520-3b69b5be9acf/12345.ism/manifest

 

K24 - هەولێر

لە ئەمریكا لەرێگەی بەرنامەیەكی نوێ، کە ترەمپ و ئیڤانکای کچی واژۆیان لەسەر کرد، هەوڵی رەخساندنی ھەلی كار بۆ دەرچووانی كۆلێژ و پەیمانگەكان دەدات، بەرنامەکەش زیاتر ئەو كەسانە دەگرێتەوە، كە بڕوانامەیان بەدەستھێناوە و خاوەن توانا و بەھرەن لە بوارەكەیاندا.

دۆناڵد ترەمپ، سەرۆكی ئەمریكا رایگەیاند "ھەموو شتێك دەگەڕێتەوە دۆخی جاران و دەرفەتی كار دەڕەخسێنینەوە، ھەموو ھەوڵێكی خۆمان دەدەین بۆ ئەنجامدانی چاكسازی لە دامەزراوەكانی حكومەت و رەخساندنی ھەلی كار. پرۆژەیاساكە پێشكەشی حكومەت دەكەم و لەو ماوەیەشدا دەبێت لەسەر بنەمای نمرەی بەرز و شارەزاییەوە خەڵك لەسەر كار دابمەزرێ. حكومەت كار لەسەر بەھرە و توانا دەكات".

حكومەتی فیدراڵی ئەمریكا بەم ھەنگاوەی دەیەوێ رووبەڕووی زیانەكانی كۆرۆنا و کاریگەرییەکانی لەسەر ئابوورییەكەی ببێتەوە، بەتایبەتی لەماوەی سێ مانگی رابردوودا، بەھۆی بڵاوبوونەوەی ڤایرۆسی كۆرۆنا، زۆربەی بازاڕەكانی جیھان داخراون، ئەمەش دەیان ملیۆن كەسی لە ئەمریكا بێكار كردووە.

ئیڤانکا، کچە گەورەی دۆناڵد ترەمپ و راوێژکاری لەبارەی سوودمەندانی بەرنامەکە دەڵێ "لەماوەی بەڵێنەکانی ئێمە بۆ ھاووڵاتیانمان لەبارەی دۆزینەوەی كار، ھەماهەنگییەكان لەگەڵ كەرتی تایبەت بەردەوامن بۆ راھێنان و فێركردنی قوتابیان، بۆ ئەم مەبەستەش 16 ملیۆن قوتابیی دەرچوو و كرێكار سوودمەند دەبن لەو پرۆژەیە، ئەم پرۆژەیەش بەردەوام دەبێت تاوەکو مەترسییەکانی ڤایرۆسەکە كەم دەبنەوە".

ھەفتەی رابردوو وەزارەتی كاری ئەمریكا رایگەیاند، سەرەڕای زیانەكانی كۆرۆنا و داخرانی بازاڕەكان، بەڵام زیاتر لە ملیۆنێك و 400 ھەزار قوتابی دەرچووی نوێ داوای دامەزراندنیان كردووە، بەگوێرەی ئامارەكانیش لەسەرەتای مانگی ئاداری ئەمساڵەوە تاوەكو ئێستا؛ زیاتر لە شەش ملیۆن قوتابی دەرچوو كاریان دەست نەكەوتووە.

 

 

هـ.ر.