جۆ ویڵسن: دادگای باڵای عێراق نادەستوورییە

سیاسەتمەدار و پارێزەرێکی ئەمریکی دەڵێت: دادگای باڵای عێراق نادەستوورییە و بووەتە ئامرازێکی وڵاتانی هەرێمی، گوتی: سیستەمی دادوەری عێراق دەبێت سزای بەسەردا بسەپێنرێت یان بەتەواوی چاکسازی تێدا بکرێت."
جۆ ویڵسن سیاسەتمەدار و پارێزەرێکی ئەمریکییە و لە ساڵی 2001ەوە ئەندامی کۆنگریسی ئەمریکییە ونوێنەرایەتی ویلایەتی کارۆلینای باشوور دەکات، ئەندامی پارتی کۆمارییە.
دادگای باڵای عێراق ڕووبەڕووی ڕەخنەی زیاتر بووەتەوە بەهۆی بڕیارەکانییەوە، بەتایبەتی ئەوانەی کاریگەرییان لەسەر وزە و بەرژەوەندییە ئابوورییەکانی هەرێمی کوردستان هەیە، لە ساڵانی ڕابردوودا ئەو بڕیارانەی دادگای فیدراڵی دەریکردووە،کاریگەری لەسەر هەناردەکردنی نەوتی کوردستان و ئابوورییەکەی هەبووە، ئەو هەوڵەی دادگای فیدراڵیش هاوتەریبە لەگەڵ هەوڵەکانی بەغدا بۆ کۆنترۆڵکردنی کەرتی وزەی هەرێمی کوردستان، بەرپرسانی کورد و چاودێرانی نێودەوڵەتی دەڵێن: ئەم بڕیارانە مافە دەستوورییەکانی هەرێم و سەقامگیری ئابووریی تێکدەدەن.
هەروەها چاودێران ئاماژە بە نەبوونی شەرعیەتی دەستووری دادگاکە دەکەن، چونکە بەبێ ڕەزامەندی پەرلەمان دامەزراوە، دوایین سەرکۆنەکردنیش لەلایەن ویڵسن ئەندامی کۆنگرێسی ئەمریکاوە دێت کە دادگا بە خزمەتکردنی بەرژەوەندییەکانی وڵاتانی هەرێمی تۆمەتبار دەکات و داوای سزا یان چاکسازی سیستماتیکی لە دەسەڵاتی دادوەری عێراق دەکات.
ویڵسن ئەندامی باڵای لیژنەی کاروباری دەرەوەی ئەنجوومەنی نوێنەرانی ئەمەریکایە، هاوکات سەرۆکی لیژنەی لاوەکی ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست و باکووری ئەفریقا و ئاسیای ناوەڕاست و ئەندامی لیژنەی لاوەکی ئەوروپایە.
ویڵسن ئێستا سەرۆکی دەستەی ئەرکی ئاسایشی نیشتمانی و کاروباری دەرەوەی کۆمیتەی لێکۆڵینەوەی کۆمارییەکانە بۆ کۆنگرەی 118.