ئازاد جندیانی
نووسەر
بۆ دەبێت سەربەخۆخوازانیش بەرگری لە هەرێم بکەن؟
لە رۆژگارە تاریکەکانی شەڕی براکوژیشدا، وێڕای هەڵە و پەڵەی زۆریش، کەس بوێریی ئەوەی نەبوو کە شاباش بۆ لەناوچوون و نەمانی پەرلەمان و حکوومەتی هەرێم لێ بدا، کە لەو سەردەمەوە هەمیشە دەستەواژەی (ئەزموونەکەمان) بە بەرفراوانی و لە هەموو ئاستەکاندا بەکار ئەهێنرا و خەڵکی حزبی و ناحزبی لە ناوخۆ و لە دیاسپۆراشدا بە شێوەیەکی گشتگیر لایەنگر و بەرگریکاری پاراستنی هەرێم بوون، ئەمەش لەبەر سێ هۆکاری سەرەکی:
یەکەم: کورد، نەک هەر لە باشووری کوردستان، بەڵکوو لە هەموو پارچەکانی تر و لە هەموو جیهان، هەرێمیان بە بەرهەمی خەبات و خوێنی خۆیان دەزانی.
دووەم: هەبوونی هەرێم و پاراستنی وەک دەستکەوتی ناوازە و مەزنی نەتەوەیی، لە هەر دۆخێک و بە هەر بیانوویەک سازش هەڵنەگر بوو، چونکە بە توندی بە بوونی نەتەوەییمانەوە بەسترابووەوە.
سێیەم: زۆرینەیەکمان لەودیوی فیدراڵیدا ئاسۆی سەربەخۆییمان ئەبینی و پێمان وابوو لە هەلومەرجی ئەو سەردەمەدا رازیبوون بە فیدراڵی هەنگاوێکی باش و مومکینە، بەڵام ئەوەشمان دەزانی کە فیدراڵی کۆتایی داستانی کوردایەتی نییە.
لێرەدا پێویست دەکات چەمکی پاراستنی هەرێم وردتر و روونتر بکەینەوە، چونکە میکانیزمێکی هەڵوەشانەوەی تریشی هەیە کە لە پارچەکردنیدا بەرجەستە دەبێت، کە ئەویش پانزە ساڵ دەبێت زەمینەسازیی فیکری و سیاسی بۆ دەکرێت، بەتایبەت لە دوای ریفراندۆمەوە هەنگاوی پراکتیکی بۆ هەڵێنرا، کە سەرکەوتوو نەبوو، بەڵام ئێستاش لەم چەند رۆژەدا جارێکی تر بە پشتیوانییەکی ئاشکراوە هەوڵەکانی کەرتکردنی هەرێمە یەکگرتووەکەمان دەستی پێ کردووەتەوە.
گومانم لەوەدا نییە کە ئێستا زۆرێک لەوانەی هەر لە بنەڕەتەوە لەگەڵ تیۆری سەربەخۆییدا ناکۆک و دژ بوون، واتا ئەوانەی بە دەربڕین و فەلسەفەسازی و بیانووی جیاجیاوە دژی رەوتی سەربەخۆیی کوردستان بوون، پڕوپاگەندەی ئەوەمان بۆ دەکەن کە بەرگریکردن لە قەوارەی هەرێم بە مانای پاشگەزبوونەوە و دەستبەرداربوونە لە ستراتیژیی سەربەخۆیی کوردستان. بۆیە پێویستە هەموو ئەوانەی بڕوای نەگۆڕمان بە سەربەخۆیی کوردستان هەیە، روونی بکەینەوە کە ئێمە هەر لە ریفراندۆمی سەربەخۆییەوە (25ی ئەیلوولی 2017) ئەمانزانی داگیرکەران بە هەموو تواناکانیان و بێسڵەمینەوە دەکەونە خۆیان و بە کردەوە ئەوەی بە سەربازی و سیاسی و ئابووری و دیپلۆماسییەوە لە دەستیان بێ پراکتیزەی ئەکەن، هاوکات زۆر لە دۆستانیشمان لە نیوەڕێدا جێمان دێڵن، بەڵام ئەو وەختە کە سەراپای باشووری کوردستان کەوتە بەر شاڵاوێکی سەربازیی ناهاوسەنگ و قەوارەی هەرێمیش رووبەڕووی مەترسیی لەناوبردن بووەوە، پێشمەرگە بەرگرییەکی نموونەیی کرد. ئەو بەرخۆدانە دەربڕینێکی کردارەکیی مەزن بوو لە پاراستنی بەها و ماناکانی سەربەخۆیی، وەک چۆن بەرگریش بوو لە پاراستنی قەوارەی هەرێم وەک پشتەوەی جەنگی سەربەخۆیی. ئەو ڕۆژگارە کە لە ئۆکتۆبەردا خیانەت لە سەربەخۆیی کرا، رەوتی سەربەخۆیی کوردستان نەک هەر بەرخۆدانی کرد، بەڵکوو دەستی لە ستراتیژیی سەربەخۆیی بەرنەدا، بۆیە نەیارانی شۆک کرد و خەونی سڕینەوەی کورد و قەوارەی هەرێمیشی پووچەڵ کردەوە، بەڵام دیارە هەموو ئەوانەی ئەوێ رۆژێ ئاهەنگی گۆشتخواردنیان بۆ داگیرکردنەوەی کەرکووک ئەگێڕا، هێشتا دەستبەرداری خەونی لەناوبردنی کوردایەتی نین، بەڵام ئەوەی دەبێت لێرەدا و لەم کاتەدا بەراوردکاریی بۆ بکەین، جۆری خودی خەونەکەیە؛ داخۆ خەونی شاعیرانەیە یان خەونی حوشتر؟