
ئەردەڵان دۆسکی
نووسەر
رۆڵی سەرۆك بارزانی لە پاراستنی مافەكانی گەلی كورد لەناو گۆڕانكاریی و وەرچەرخانە مێژووییەكاندا
سەرۆك بارزانی وەكو مەرجەعی گەلی كورد و كەسایەتییەكی بەناوبانگی جیهانی دەردەكەوێتەوە

گۆڕانكارییە بەردەوامەكان لە رۆژهەڵاتی ناوەڕاست دا بەخێراییەكی پێشبینی نەكراو روویاندا، بەكتوبڕی هاوكێشە سیاسی و سەربازییەكان گۆڕانكاریی ڕیشەییان بەسەردا هاتوو، ناوچەكە ڕووی لە داڕشتنەوەی نەخشەیەكی سیاسی و مەزهەبی نوێ كرد، بگرە جیهان لەبەردەم لەدایكبوونی نەخشەیەكی سیاسی و مەزهەبی تازەدایە لە تەواویی رۆژهەڵاتی ناوەڕاست. ئەم گۆڕانكارییانە نوێیە لەگەڵ خۆیدا نەخشەی هەژموونی وڵاتانی زلهێزی ناوچەكەشی گۆڕیوە، ئەوەتا هەژموونی ئێران و میلیشیاتەكانی كە ناوی خۆیان ناوە محوەری موقاوەكە ئەوانیش رۆڵ و هەژموونیان لە پاشاكشەی بەرەوامدایە، بەپێچەوانەی توركیاوە كە لە نەخشە نوێیەكەدا رۆڵی سەرەكی بۆ زیندووبووەتەوە، بەتایبەتی دوای كۆنترۆڵكردنی دیمەشق لەلایەن هێزو گروپە جیاجیاكانی ناو هەیئەی تەحریر شام، لەعێراقیش هێزەكانی ناو میحوەری موقاوەمە لەچاوەڕوانی گورزی سەربازی و مەترسی كشانەوەی نفوزی مەزهەبی شیعەن كە لەلایەن خودی سەركردە شیعەكانەوە ئەم مەترسییەیان نەشاردۆتەوە.
لەناو هەموو ئەم ئاڵۆزی و كێشمەكێشەی رۆژهەڵاتی ناوەڕاستدا سەرۆك بارزانی وەكو مەرجەعی گەلی كورد و كەسایەتییەكی بەناوبانگی جیهانی دەردەكەوێتەوە، هەروەكو چۆن ئەم پێشمەرگە و سەركردەیە لە رۆژە سەخت و پڕ لەكێشمەكێشەكاندا وەكو سیمبول و مەرجەعێكی كورد رۆڵ و پێگەی دیاربووە بەتایبەتی لە وێستگە مێژووییەكانی وەرچەرخانەكاندا ( لە راپەرینی بەهاری 1991 , لە رووخانی رژێمی بەعس لە 2003 , شەڕی داعش تێكشكانی ئەفسانەی دڕندەترین هێزی تیرۆرست و داستانی پاراستنی قەوارەی هەرێمی كوردستان..)، خۆ لەمەش گرنگتر سەرۆك بارزانی بووەتە هەوێنی یەكڕیزی و بەهێزی پێگەی گەلی كورد و كوردستانییەكان ، ئەوەتا كاتێك پێشوازی لە مەزڵوم عەبدی كردوو جەختی لەسەر یەكڕیزی و هێزی كورد لە سوریای نوێ كردەوە، ئەم سەركردە مێژووییەی هەڵگری بیروباوەڕی بارزان هەموو ئومێدی ئەوەیە لەم پارچەیەی كوردستاندا گەلی كورد بەلۆژیكانە مامەڵە بكات و یەكڕیزی و تەبایی نێوان هێزە كوردییەكان لەمپەر هەموو ئەو مەترسییانە بپارێزێت كە گۆڕانكارییە خێراكان لەگەڵ خۆیاندا دەیهێنێت.
ئەو پرسیارە گرنگەی لە زهنیەتی شارەزایاندایە سەرۆك بارزانی چۆن لۆژیكی پاراستنی مافەكانی گەلی كورد و ڕاگرتنی هاوسەنگی نێوان خواست و ویستی زلهێزەكانی جیهان و هێزە ئیقلیمییەكان ڕادەگرێت، هێزگەلێك ساڵانێكی زۆرە بەئاگرو ئاسن رووبەرووی خەباتی گەلی كورد بوونەتەوە ، بۆ ئەمەش هەموو هێزو لایەنە سیاسییەكان و لە پێشەنگیانەوە گەلی كورد سوود لە تێڕوانینی قووڵ و حەكیمانەی سەرۆك بازرانی وەردەگرێت ، شەڕی 7ی ئۆكتۆبەرو دەرهاویشتەكانی لە هەرێمی كوردستان دوورخستەوە، بەشانازییەوە ئەم سەركردەیە وێڕای هەموو هێرش و پیلانەكان توانی گەلی كورد لەشەڕی براكوژی دووربخاتەوە و لە ئێستاشدا شەڕی گەڕانەوەی پێگەی گەلی كورد بەڕێوەدەبات بۆ ئەوەی چیتر وەكو هاوڵاتیی پلە دوو لەعێراقدا مامەڵەی لەگەڵ نەكرێت كە زیاتر لە 50 ماددەو بڕگەی دەستووری هەیە تایبەتە بەمافەكانی گەلی كورد كەچی لە رووی واقیعەوە جێبەجێ ناكرێت .
ئەمڕۆ دەرفەتێكی زێڕین بۆ گەلی كورد لەهەرچوار پارچەی كوردستان هەڵكەوتووە ئەگەر بێتوو بەلۆژیكی سەرۆك بارزانی و شارەزایی ئەم مەرجەعەی كورد مامەڵە بكرێت ، بەتایبەتی لە ئێستادا كوردەكانی رۆژئاواو باكوریش بەمتمانەوە دەڕواننە رۆڵ و پێگەی بارزانی.