پڕۆژەیەک بۆ وەرگرتنی تەماتەی جووتیاران راگەیەندرا
جووتیاران ئاگادار دەکرێنەوە
K24- هەولێر:
کوێستان محەمەد، قایمقامی قەزای خەبات بە کوردستان24ـی راگەیاند، شێخ باز بەرزنجی، سەرمایەدار، بە هەماهەنگی لەگەڵ قایمقامیەتی قەزای خەبات و پارێزگای هەولێر، پرۆژەیەکی بۆ کڕینی تەماتەی جووتیارانی قەزاکە راگەیاندووە کە لەسبەینێوە دەستپێدەکات.
قایمقامی قەزای خەبات گووتی، 500 دۆنم تەماتە لەو سنوورە هەیە، بڕیارە لە سبەینێوە لە چوارڕیانی کەورگۆسک تەماتەی ئەو جووتیارانە بکڕدرێت و پاشان تەماتەکە بەسەر کەمپی ئاوارەکان و خەڵکانی کەم دەرامەت دابەش بکرێت.
ئاماژەی بەوەشکرد، رەنگە دوو رۆژی دواتر، تەماتەی جووتیارانی ناوچەی شەمامک و چەند ناوچەیەکی دیکە وەربگیرێت، بەڵام سبەی و دوو سبەی تایبەت دەبێت بە جووتیارانی خەبات.
لە ماوەی چەند رۆژی رابردوو، جووتیارانی هەرێمی کوردستان ناڕەزایی زۆریان دەربڕی بەوەی بەرهەمی تەماتەکەیان، پارە ناکات و خواستی لەسەر نەبووە ئەمەش بەهۆی هاوردەکردنی تەماتەی وڵاتانی دراوسێ.
هەر لەو بارەوە، لیژنەی کشتوکاڵی پەرلەمانی کوردستان لە کۆنفرانسێکی رۆژنامەوانی داوای لە هاووڵاتیان کرد، تەنها بەرهەمی ناوخۆ بکڕن و پشتگیریی لە جووتیاران بکەن.