هەواڵی كوشتن و دەرهاویشتە دەروونییەكانی لەسەر كۆمەڵگە

نەخۆشیی دەروونی زمانی هەبوایە هاواری دەكرد

هەواڵی كوشتن و دەرهاویشتە دەروونییەكانی لەسەر كۆمەڵگە
هەواڵی كوشتن و دەرهاویشتە دەروونییەكانی لەسەر كۆمەڵگە

كوشتن و خۆكوشتن كردەیەكی مرۆڤەكانە و بابەتێكی جیهانیی و ڕێژەییە، لە شوێنێك بۆ شوێنێكی دیكە دەگۆڕێت. بەڵام ئەوەی لە كوردستان ڕوو دەدات مایەی هەڵویستە، بەتایبەت مامەڵەی میدیا و فاكتەرەكان و ڕەنگدانەوەی لەسەر كۆمەڵگە.

مامەڵەی میدیا بەو شێوەی ئێستا لەگەڵ هەواڵی كوشتن و خۆكوشتن، بەدڵنیاییەوە یەكێكە لە فاكتەرەكان لەپاڵ دەیان هۆکاری دیكەی كۆمەڵایەتی و ئابووری و دۆخە خودییەكان و نەخۆشی و گرفتەكان.

میدیا چۆن دەبێت هەنگاو بە هەنگاو پرۆسەكان بگوازێتەوە لە كاتێكدا لەوە گرنگرتر هۆكانی ڕوودانی كارەساتەكانن؟ بۆ نموونە،  زۆربوونی چەك، نەبوونی هۆشیاری، تێبینی لەسەر سەروەریی یاسا، مامەڵەكردن لەگەڵ بكوژ و بە پاڵەوانكردنی!  شەریعەت و یاسا و دەیان پرسی دیكە كە باس ناكرێن و تەنیا فۆكسەكە  لەسەر كردارەكەیە.

بەشێكی زۆر لەوانەی بیرۆكەی كوشتن و خۆكوژییان هەیە، بە كۆمەڵێك ئاماژەی زارەكی و نازارەكی دەناسرێنەوە، دەی چی دەبێت لەو كاتانە با هاوكار بین دەستیان بگاتە شوێنێکی کلینیک بۆ چارەسەر و هۆشیاری نەك بۆ نوشتە و شێخ و مەلاو فڵان و فڵان تا كارەسات ڕوو دەدات!

هەواڵی كارەسات و كوشتن دەبێتە هۆی زەبری دەروونی بۆ خەڵك، چونكە مەرج نییە ڕووداوی زەبراوی تەنیا بەسەر كەسەكەدا هاتبێت، هەندێك جار بە بینین و گێڕانەوە، مروڤ تووشی ترۆما دەبێت و پێویستی بەچارەسەرە و دەبێت وریا بین ئەو هەموو دیمەنە خەمناكە كار دەكاتە سەر بیرو هەستەكان و دواجار تاك و كۆمەڵگە زەرەرمەند دەبێت و چالاكییە باش و خۆشبەخشەكان بەهایان نامێنێت، چونكە باس ناكرێن.

هەمیشە دەڵێم نەخۆشی دەروونی زمانی هەبوایە هاواری دەكرد ، چونكە هەرچی هۆكاری كوشتنە دەدرێتە پاڵ نەخۆشی دەروونی لە كاتێكا بەو جۆرە نییە و بۆ پەردەپۆشی ڕووداوەكانە و زۆر جار خێزانەكان بۆ ئەوەی نەبێتە ستیگما و پەڵەیەکی كۆمەڵایەتی بۆیان، دەڵین بكوژ نەخۆشی دەروونی هەبوو، میدیاش هەروا شوێنی دەكەوێت بێ بەدواداچوون لە ڕاستی فاكتەرەكان..

بۆ نابێت ئێمە چاومان لە شتە جوان و باش و بەهێزەكانی خۆمان و دەوروبەر بێت ، بۆچی ئەوەندە شكاندن و تاوان و لەكەداركردن بۆڵت بكرێت، كە دواجار هەر ئەوەی زۆر باس بكرێت و لەبەرچاو بێت، ئەوانە دەبنە ڕەفتار، ئیدی كاتی هەڵویستەیەكی جددی نییە بۆ میدیا و تاك و ڕێكخراو و سەندیكاكان تا پرۆژەی جددی چارەسەر پێشكەش بكرێت؟!