
یادگار ئیسماعیل
توێژەر و چارەسەركاری دەروونی
كاریگەریی جەنگ لەسەر تەندروستیی دەروونی مرۆڤ

جەنگ، یەكێكە لە كاریگەرترین ڕووداوە زەبراوییەكان و مرۆڤ تووشی زەبری دەروونی و دەیان گرفتی جیاواز دەكات، ئەوانەی ڕاستەوخۆ بەشداریی له پرۆسەكەدا دهكهن، زیاتر نیشانەكانیان لێ دەردەكەوێت و ئەوانەش شایەتحاڵ و بینەری ڕووداوەكانن، پشكیان بەردەكەوێت گەر بە وریاییەوە مامەڵە نەكرێت بۆیە ئێمەش پێویستە سنوورمان هەبێت و بزانین چۆن مامەڵە بكەین؟ ناكرێت بەردەوام چاودێریی دیمەنە تراژیدیەكان بین و بێئاگا لەوەی دۆخی دەروونیمان تێك دەچێت.
سادەترین پێناسەی تەندروستیی بریتییە لە، هاوسەنگی نێوان هەموو لایەنەكانی مرۆڤ لە ڕووی دەروونی، كۆمەڵایەتی، جەستەیی، سۆزداری. تەندروستی دەروونیش وەكوو بەشێكی سەرەكی لە تەندروستیی مرۆڤ تەماشا دەكرێت كە ئەو بارە باشەیە كاتێك تواناكانی خۆت بزانی و بەرهەمت هەبێت و لەگەڵ تەنگەژەكان بگونجێیت.
ئەم پێشەكیەم خستە ڕوو تا ڕوونتر ببێتەوە و بزانین تەندروستیی دەروونیمان بەهۆی جەنگ و دۆخی ئێستا و قەیران و ململانێ و فشارەكان، چی بەسەر هاتوە و چی بكەین و چۆن لەگەڵ بارودۆخەكە بگونجێین و چۆن یارمەتی خۆمان و دەوروبەرمان بدەین؟
كەم نین ئەو ڕووداوانەی كاریگەریان هەیە لەسەر تەندروستیی دەروونی مرۆڤ هەر لە قەیرانەكانی ژیانی ڕۆژانەوە تا دەگاتە قورسترینیان كە پێی دەوترێت ڕووداوی زەبراوی و لە ئەنجامدا مرۆڤ تووشی زەبری دەروونی دەبێت.
كۆمەڵێك ڕووداوی زەبراوی هەن وەك "جەنگ، توندوتیژی، ئەشكەنجەدان، لەدەستدانی كەسی ئازیز، جیابوونەوەی هاوسەران، نەخۆشیی درێژخایەن، ڕووداوی سروشتی ..هتد"، دەبنە هۆی زەبر و بهر دهروونی مرۆڤ دهكهون.
دەگونجێت مرۆڤ بە هۆی كاریگەری و لێكەوتەكانی جەنگ و دۆخی ئێستاوە لە ئابووری، سیاسی، كۆمەڵایەتیی خێزانی ..هتد، نیشانە و كاردانەوەی بۆ دروست بێت لە ڕووی دەرونییەوه، لهوانهش: هەڵچوون، تووڕەبوون، ترس، خەمۆكی و دڵەڕاوكێ ...هتد. یان نیشانەكان لە ڕوی ڕەفتارییەوە بێت وەك؛ دابەزینی ئاستی چالاكییەكان و نەسرەوتن و ماخۆلان یان گرفتی خەو ..هتد. یان نیشانەكان جەستەیی بن بۆ نموونه، شەكەتی، ماندوێتی و ئازار..هتد. یان نیشانە و كاریگەرییەكان هزریی بن وەك؛ نەمانی ئاگایی و زەحمەتی لە بڕیاردان و فكری و دوودڵی و ڕاڕایی ..هتد، كە ئەمانە هەمووی نیشانەی ئاسایین و چاك دەبنەوە ئەوەی نائاساییە ڕوداوەكەیە.
گرنگە چۆن بتوانین بە كەمترین زیان و قوربانی دەرباز بین لەم دۆخانە و چۆن یارمەتی خۆمان و دەوروبەر بدەین؟ لێرهدا بە كورتی ئاماژەیان پێدەكەم:
1ـ دیاریكردنی كاتیی تایبەت بۆ ئەنجامدانی ئەو شتانەی خۆشی بەخشن وەكوو؛ گوێگرتن لە مۆسیقا و گۆرانی، خوێندنەوە، پیاسەكردن، وێنەكێشان، خواردن دروستكردن ..هتد.
2ـ یادكردنەوەی یادەوەرییە خۆشەكانی ژیانت كە بێگومان هەر یەكێك لە ئێمە كۆمەڵێك یادەوەری و ڕووداوی خۆش هەیە لە ژیانی و چاومان با تەنیا ئەم بەشەی ژیان نەبینێت لە ناخۆشی و نەخۆشكەوتن.
3ـ گرنگیدان بە پەیوەندییەكان و دانەبڕان لە دەوروبەر و خەڵكانی ترو پسپۆران.
4ـ كات دابنێ بۆ پشوو وەرگرتن و خاوبوونەوە، وەكوو خەوتن و پشوودانی تەواو لە شەو و خواردنی ژەمەكانت لە كاتیی ئاسایی خۆی و گرنگیدان به خود، بهتایبهتی؛ خۆشۆردن و خۆگۆڕین و پاكوخاوێنی.
5ـ لایەنی ئایین و باوەڕداری خاڵێكی گرنگە بۆ نموونە ئێمە؛ كە كوردین و مسوڵمانین، دەبێت باوەڕمان بە قەزاو قەدەر و ڕۆژی دوایی هەبێت و ئەو كات و ساتەی بۆمان دیاری كراوە لە لەدایكبوون و مردن لە توانای مرۆڤدا نییە گۆڕانكارییان تێدا بكات .
6ـ وەرزشكردن ئەگەرچی لە چوارچێوەی ماڵەوەش بێت كۆمەڵێك یاری و وەرزشی ئاسان هەیە كە دەتوانین ئەنجامی بدەین.
7ـ دەكرێت لەگەڵ كەسێكی نزیكت یان هاورێیەك یانیش خزمێك گفتوگۆ بكەیت و دەردەدڵی خۆتی بۆ بكەیت كە سوودی زۆری هەیە دواتر هەست بە بارسووكی دهروونی دەكەیت.
8ـ دەكرێت پەیوەندیی بە پزیشك و توێژەر و كەسانی پسپۆرەوە بكەیت و داوای یارمەتی بكەیت، كه ئهمه له ڕووی تهندروستی و پزیشكییهوه، سوودی ههیه و هیچ نهنگی و كێماسییهكی تێدا نییه.