ئەو گرووپانەی کە هۆکاری فشاری ئەمەریکان بۆ سەر عێراق لەسەر كارەكانیان بەردەوامن

ئەو گرووپانەی کە هۆکاری فشاری ئەمەریکان بۆ سەر عێراق لەسەر كارەكانیان بەردەوامن
ئەو گرووپانەی کە هۆکاری فشاری ئەمەریکان بۆ سەر عێراق لەسەر كارەكانیان بەردەوامن

لە ساڵانی رابردوودا بەهۆی باڵادەستبوونی هەژموونی هێزێكی دیاریكراوی هەرێمی بەسەر عێراق و بەشێك لە وڵاتانی ناوچەی ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست، كۆمەڵێك گرووپی چەكدار پەیدا بوون كە ئەو گرووپانە خۆیان خزاندە نێو گرووپەكانی حەشدی شەعبییەوە، بەڵام بە هیچ شێوەیەك گوێ بە بەرژەوەندیی عێراق و خەڵكەكەی نادەن و هەموو ئامانجیان خزمەتكردنە بەو وڵاتەی كە هەژموونی بەسەریاندا هەیە.

ئەو گرووپانە لە رابردوودا بە پارەی دەوڵەتی عێراق، بەو مووچەیەی كە حكوومەتی عێراق بۆیان دابین دەكات، هەندێك كاریان كردووە كە بە تەواوی زیانی بە بەرژەوەندیی عێراق گەیاندووە، بۆتە هۆكارێك بۆ ئەوەی كۆمەڵگەی نێودەوڵەتی بە گومانەوە لە عێراق بڕوانێت و ئەمریكاش فشار بخاتە سەر عێراق، بە تایبەتیش كە بەهۆی ڕەفتاری ئەم گرووپانەوەیە كە ئەمریكا ڕۆژ لە دوای ڕۆژ بڕیاری توندتر دەربكات، وەك ئەو بڕیارەی لەم دواییانە دەریكرد بە هەڵوەشاندنەوەی لێخۆشبوون بۆ هاوردەكردنی غازی ئێران لە لایەن عێراقەوە كە بەهۆی ئەم بڕیارەی ئەمریكا، ئەگەر هەیە لە هاوینی ئەمساڵدا كێشەی گەورەی كارەبا لە عێراق دروست ببێ و حكوومەتی فیدڕاڵی نەتوانێت كارەبایەكی ئەوتۆ بۆ هاووڵاتیان دابین بكات.

ئەوەی جێی تێبینییە، هەرچەندە عێراق بە ڕوون و ڕاشكاوی هۆشداریی جددی پێگەیشتووە لە لایەن ئەمریكاوە لەبارەی رەفتاری ئەو گرووپە چەكدارانە، بەڵام هەست بەوە ناكرێت كە حكوومەتی فیدڕاڵی توانای بەسەر گرووپەكاندا بشكێ و هێشتا ئەو گرووپانە لە ڕەفتارەكانی خۆیان بەردەوامن، ئەمە جگە لەوەی چەند راپۆرتێكی میدیایی ئەمریكی باس لەوە دەكەن كە تا بەو گرووپانە ڕادەگات، حوسییەكانی یەمەنیش لە عێراقدا مەشق و ڕاهێنان دەكەن و نووسینگەیان كردۆتەوە!

بە كورتی، سەرئەنجامی ئەم فشارانەی ئەمریكا و ئەم گوێپێنەدانەی گرووپە چەكدارەكانی دەرەوەی یاسا هەروا ئاسان نابێت، دوور نییە لە ئاییندەیەكی نزیكدا هەم فشاری راستەوخۆی ئەمریكا ببینین لە ڕێگەی هێرش و ئۆپەراسیۆنی جۆراوجۆرەوە، هەم فشاری ناڕاستەوخۆی ئەمریكا ببینین كە بریتین لە فشاری ئابووری و زەرەرگەیاندن بە ئابووریی عێراق، لە هەردوو بارەكەشیدا خەڵكی وڵاتەكە بە گشتی تووشی زەرەر و زیان دەبن. 

پرسیارەكە ئەوەیە، ئایا حكوومەتی فیدڕاڵی لە نێوان بەرژەوەندیی خەڵكەكە و بەرژەوەندیی ئەو گرووپە چەكدارانە، كامەی هەڵدەبژێرێت؟ ئایا ئەگەر بەرژەوەندیی خەڵكەكەی هەڵبژارد، حكوومەتی فیدڕاڵی لە توانایدا هەیە بە تەواوی ئەو گرووپانە بخاتە ژێر ڕكێفی خۆیەوە؟ ڕووداوەكانی داهاتوو وەڵامی ئەم پرسیارانە و زۆری دیكەش دەدەنەوە.