سەربەخۆیی بانکە ناوەندییەکان و لێکەوتە ئابووری و داراییەکانی سیناریۆی دوورخستنەوەی سەرۆکی یەدەگی فیدراڵی ئەمه‌ریکی لەلایەن ترەمپەوە

سەربەخۆیی بانکە ناوەندییەکان و  لێکەوتە ئابووری و داراییەکانی سیناریۆی دوورخستنەوەی سەرۆکی یەدەگی فیدراڵی ئەمه‌ریکی لەلایەن ترەمپەوە
سەربەخۆیی بانکە ناوەندییەکان و لێکەوتە ئابووری و داراییەکانی سیناریۆی دوورخستنەوەی سەرۆکی یەدەگی فیدراڵی ئەمه‌ریکی لەلایەن ترەمپەوە

بانکە ناوەندییەکان دامەزراوەی گرنگ و کاراکتەری سەرەکین لە سیستەمی دارایی و ئابووریی وڵاتاندا، کە بەرپرسیارن لە داڕشتن و جێبەجێکردنی سیاسەتی دراو (نەختینەیی)، پاراستنی سەقامگیری نرخەکان، و دڵنیابوون لە سەقامگیریی گشتیی سیستەمی دارایی. ئەرکە سەرەکییەکانیان بریتین لە دەرکردنی دراو، ڕێکخستنی بڕی پارەی خراوەڕوو لە بازاڕ و ڕێژەی سوود، بەڕێوەبردنی یەدەگی دراوی بیانی، و کارکردن وەک دوا سەرچاوە یاخود دوا پەناگە بۆ قەرزکردن بۆ بانکە بازرگانییەکان لە کاتی قەیرانە داراییەکان. هەروەها، بانکە ناوەندییەکان ڕۆڵێکی گرنگ لە چاودێریکردن و ڕێکخستنی کەرتی بانکی دەگێڕن بۆ دڵنیابوون لە سەلامەتی و بەهێزی سیستەمی دارایی. ئەم میکانیزمانە یارمەتی گەشەپێدانی ئابووریی بەردەوام، کەمکردنەوەی هەڵاوسان، و پاراستنی متمانەی گشتی بە کەرتی دارایی دەدەن.

سەربەخۆیی بانکی ناوەندی بەردی بنەڕەتی سیاسەتی نەختینەیی مۆدێرنە، کە ڕێگە بەم دامەزراوانە دەدات بەبێ دەستێوەردانی سیاسی و بەبێ کەوتنە ژێر کاریگەری هەژموونی هیچ لایەنێک بەشێوەیەکی ڕاستەوخۆ بۆ پاراستنی بەرژەوەندیی گشتی وڵات کار بکەن. ئەم سەربەخۆییە ئاستی متمانەی نێوخۆیی و نێودەوڵەتیش بە سیستەمی دارایی وڵات بەرز دەکاتەوە و بانکە ناوەندییەکان دەتوانن ئامانجە ئابوورییە درێژخایەنەکان—وەک کۆنترۆڵکردنی هەڵاوسان—دەستەبەر بکەن بەبێ کاریگەری بەرژەوەندییە سیاسییە کورتخایەنەکان. توێژینەوە زانستییەکان لەم بارەوە پشتگیریی ئەوە دەکەن کە سەربەخۆیی بانکی ناوەندیی پەیوەندییەکی ئەرێنی لەگەڵ دابەزاندنی ئاستی هەڵاوسان و سەقامگیریی ئابووری هەیە.  هەروەها سندووقی دراوی نێودەوڵەتی (IMF) جەخت لەسەر ئەوە دەکاتەوە کە ئەو بانکە ناوەندییانەی کە بەشێوەیەکی سەربەخۆ و بێ لایەن کار دەکەن بەشێوەیەکی کاریگەرتر و باشتر دەتوانن هەڵاوسان کۆنتڕۆڵ بکەن و گەشەی ئابووری درێژخایەن بۆ وڵاتەکانیان دەستەبەر بکەن. دەستتێوەردانی لایەن و کارەکتەرە سیاسییەکان و پارتەکان لە کاروباری بانکی ناوەندی وڵاتەکانیان ، دەرئەنجامی نەرێنی وەکوو لەدەستدانی متمانە بۆ بازاڕەکان و ناسەقامگیریی ئابووریشی لێ دەکەوێتەوە. لەگەڵ ئەوەشدا، ئاستی سەربەخۆیی ئەو دامەزراوانە (کە بە بانکی دایک یان بانکی دەوڵەت و بانکی بانکەکان) ناو دەبردرێت لە وڵاتێکەوە بۆ یەکێکی تر جیاوازە و زۆرجار لەگەڵ میکانیزمەکانی لێپرسینەوە و شەفافیەت هەماهەنگ و هاوتەریب دەکرێت بۆ دڵنیابوون لە هاوسەنگی سیاسەتی نەختینەیی لەگەڵ ئامانجە گشتییە ئابوورییەکان.

بانکی فیدراڵی (بانکی ناوەندی ئەمریکا) ئەرکی بەڕێوەبردنی سیاسەتی نەختینەیی ئەمریکای لە ئەستۆیە، وەکو دیاریکردنی ڕێژەی سوود و کۆنترۆڵکردنی هەڵاوسان. سەربەخۆیی بانکەکە و بێ لایەنی لە کاریگەری سیاسی زۆر گرنگە بۆ بڕیاردان لەسەر بنەمای داتای ئابوورییەاکنو بەرژەوەندی گشتی وڵاتی ئەمریکا نەک ئامانجە سیاسی یە کورتخایەنەکانی لایەنێکی دیاریکراو. بەڵگە مێژووییەکان جەخت لەسەر گرنگی ئەم ئۆتۆنۆمییە دەکەنەوە. بۆ نموونە لە ساڵانی هەشتاکانی سەدەی ڕابردوودا، پێداگیری سەرۆکی پێشووی بانکی ناوەندی ئەمریکا پۆڵ ڤۆڵکەر بە بەرەنگاربوونەوەی هەڵاوسان، سەرەڕای فشارە سیاسییەکان، ڕۆڵی سەرەکی هەبوو لە سەقامگیرکردنی ئابووری ئەمریکا.

هەوڵەکانی دۆناڵد ترەمپ سەرۆکی ئەمریکا بۆ لەکارلابردنی جیرۆم پاول سەرۆکی یەدەگی فیدراڵی (Fed) دەتوانێت کاریگەری ئابووری و سیاسی و یاسایی دروست بکات و ڕووبەڕووی بەربەستی یاسایی بێتەوە و نادڵنیایی لە بازاڕەکاندا دروست بکات. ناسەقامگیری لە بازاڕەکانی ئەمریکا و سەرهەڵدانی قەیران لە ئەمریکا وەکو ئابووری یەکەمی جیهان و خاوەندی گەورەترین یەدەگی زێڕ و خاوەنی گەورەترین دراوی قورس، بە کاریگەری جیهانگیری و کۆمپانیا فرەڕەگەزەکان و پێکەوە گرێدراوییبازرگانی جیهانی کاریگەری نەرێنی زۆر گەورە لە ئەوڕوپا و ئاسیا و هەموو جیهان دروست دەکات، هەروەکو چۆن بینیمان لە کاتی قەیرانی دارایی ساڵی 2008ـدا چۆن بووە هۆی تەقینەوەی قەیرانی دارایی و کێشەی ئابووری گەورە و قوڵ لە زۆربەی وڵاتانی جیهان و بەتایبەتی ئەوڕوپا. دەتوانین بەکورتی کاریگەرییەکانی دوورخستنەوەی جیرۆم پاوەڵ  لە چەند خاڵێکدا ڕوون بکەینەوە.

یەکەم: سەرهەڵدانی ناڕوونی و ناسەقامگیری بازاڕی سەرمایە؛ لادانی پاول متمانەی وەبەرهێنەران بە سەربەخۆیی یەدەگی فیدڕاڵی (بانکی ناوەندی ئەمریکا) کەم دەکاتەوە و دەبێتە هۆی ناسەقامگیری و ناڕوونی لە بازاڕەکانی سەرمایە و سەرهەڵدانی ناسەقامگیری لە بەهای دۆلار. چونکە سەربەخۆیی بانکی ناوەندی گرنگییەکی زۆری هەیە بۆ کۆنترۆڵکردنی هەڵاوسان و پاراستنی ئاسایشی ئابووری ئەمریکا. گۆڕینی پاول بە کەسێکی نزیک لە سیاسەتەکانی ترەمپ دەیسەلمێنێت کە یەدەگی فیدڕاڵی لەژێر کۆنترۆڵی سیاسیدایە و بێ لایەنانە و بەشێوەیەکی سەربەخۆ بۆ پاراستنی بەرژەوەندییە باڵاکانی وڵات و هاوڵاتیان و وەبەرهێنەران کار ناکات و پێشینە بۆ ئەو بۆچوونە دروست دەبێت کە لە هەر کات و ساتێکدا ئەگەری دەرکردنی بڕیاری دژبە بەرژەوەندی ئەوان لە ئارادایە کە دواجار مەترسی بۆ سەر سامان و بزنسەکانیان دروست دەکات، ئەمەش متمانەی نێودەوڵەتی بە ئابووری ئەمریکا کەمدەکاتەوە . هەروەک چۆن لە ساڵانی حەفتاکانی سەدەی ڕابردوودا ئارسەر بێرنزی سەرۆکی پێشووی بانکی ناوەندی ئەمریکا ملکەچی فشارە سیاسییەکان بوو لە مامەڵەکردن لەگەڵ هەڵئاوسان و بەهۆی پەیوەندی و نزیکی لە سەرۆکی ئەوکاتی ئەمریکا ڕیچارد نیکسۆن، لەبەرژەوەندی ئامانجەکانی نیکسۆن بڕیاری دەدا  و دواجار بووە هۆی بەرزبوونەوەی هەڵاوسان. ئەم نموونە مێژووییە ئەوە دەردەخات کە لەدەستدانی سەربەخۆیی بانکی ناوەندی دەتوانێت ببێتە هۆی زیانێکی ئابووری درێژخایەن کە تێچووەکەی دەکەوێتە ئەستۆی هاوڵاتیان و نەوەکانی داهاتووش.

بازاڕە داراییەکان بەوە ناسراون کە ڕادەی هەستیارییان زۆر بەرزە و خێرا کاردانەوە پیشان دەدەن بەتایبەتی لەهەمبەر پێشهاتە نا ئاسایی و لەناکاوەکان. شارەزایانی وەک جەیسۆن فورمان ئاماژەیان بەوە کردووە کە تەنانەت ئاماژەدان بە ئەم جۆرە بڕیار و ئەگەرە کاریگەری نەرێنی لەسەر ئاڕاستە و دۆخی بازاڕەکان دروست دەکات هەروەکو چۆن  لە ساڵی 2019ـدا دووبارە دەنگۆی لەکارلادانی پاوەڵ ببووە هۆی جوڵەییەکی نائاسایی و بەرزی بازاڕەکان. فۆڕمان،  لە ئەگەری هەستکردنی وەبەرهێنەران بە هەر جۆرە هەڕەشەیەک و مەترسییەک بۆ سەر سەربەخۆیی بانکی ناوەندی ئەمریکا، پێشبینی دابەزین و ناڕوونی و ناسەقامگیرییەکی زۆر دەکات لەبازاڕی پشکەکانی ئەمریکا. هەروەها سێناتۆری ئەمریکی ئێلیزابێت وارێن، بە تووندی تڕەمپی لە دەرئەنجامی دوورخستنەوەی پاوەڵ ئاگادارکردۆتەوە. وارێن لە نوێترین لێدوانیدا ڕایگەیاندووە کە هەرچەندە پشتگیری سیاسەتەکانی پاوەڵ ناکەم بەڵام دوورخستنەوەی کارێکی دروست نییە و دەبێتە هۆی داڕمانی بازاڕە داراییەکانی ئەریکا.

دووەم: کێشە یاساییەکان؛ بەپێی یاسای بانکی ناوەندی ئەمریکا، سەرۆکی ئەمریکا دەبێت هۆکارێکی دادپەروەرانە و لۆژیکی بخاتەڕوو بۆ لابردنی سەرۆکی بانکی ناوەندی. پاول لە مانگی نۆڤەمبەری 2024 لە بەیاننامەیەکدا ڕایگەیاند کە ترەمپ ناتوانێت لە پۆستەکەی دووریبخاتەوە و خۆشی دەست لەکارناکێشێتەوە. شارەزایانی یاسایی دەڵێن ئەگەر ترەمپ هەوڵی دوورخستنەوەی پاول بدات، ئەوا ئەو پرسە دەبرێتە دادگای باڵا و بڕیاری تایبەت بە پاراستنی سەربەخۆیی دەزگاکانی حکومەتی ناسراو بە "ئیرادەی هامفری ‌Humphrey’s Executor" ساڵی 1935 کە پێشینەیەک بۆ پاراستنی سەربەخۆیی یەدەگی فیدراڵی دادەنێت. ئەمەش دەتوانێت بە مانای شەڕێکی یاسایی درێژخایەن بێت بۆ تڕەمپ.

سێیەم: ناسەقامگیری لە سیاسەتی ئابووری؛ ترەمپ داوای دابەزاندنی ڕێژەی سوود بەشێوەیەکی زیاتر و خێراتر دەکات، لە کاتێکدا پاول هۆشداری داوە کە تاریفە گومرگیەکانی سەرۆکی ئەمریکا (tariffs) دەتوانن ڕێژەی هەڵاوسان لە ئەمریکا دووبارە بەرز بکەنەوە و ئەمەش پێویستە لە ڕێگەی ڕێژەی سوودی بەرزەوە ڕێگری لێ بکرێت و دووبارە کۆنترۆڵ بکرێتەوە. گۆڕینی پاول بە کەسێکی نزیک لە دۆناڵد ترەمپ (بۆ نموونە کەڤن وارش)، کە دەتوانێت سیاسەتی نەختینەیی سستتر و نەرمتر پەیڕەو بکات و ڕێژەی سوود کەم بکاتەوە، بەڵام ئەمە دەتوانێت کۆنتڕۆڵکردنی هەڵاوسان قورستر بکات و لە ماوەی درێژخایەندا ببێتە هۆی ناهاوسەنگی و نا سەقامگیری ئابووری.

چوارەم: کاریگەری لەسەر ئابووری جیهان (کاریگەرییە نێودەوڵەتییەکان)؛ بەو پێیەی ئەمریکا گەورەترین ئابووری جیهانە و دۆلار دراوی یەدەگییە، نادڵنیایی سەبارەت بە سیاسەتەکانی بانکی ناوەندی ئەمریکا دەتوانێت کاریگەری لەسەر بازاڕەکانی جیهانی دروست بکات. بە تایبەتی وڵاتانی تازەپێگەیشتووی جیهان ڕەنگە کاریگەری خراپی لەسەر بێت بەهۆی هەڵاوسانی بەهای دۆلارەوە. باجەکانی ترەمپ و دەرکردنی پاول دەتوانێت ببێتە هۆی پەککەوتنی ڕەوتی بازرگانی نێودەوڵەتی و وەبەرهێنان.

پێنجەم: بازاڕەکانی دراوی بیانی؛ دەرکردنی پاوەڵ پێشبینی دەکرێت دۆلاری ئەمریکی لاواز بکات بەهۆی بەرزبوونەوەی ئاستی بێ متمانەیی و نیگەرانی لەسەر سیاسەتی نەختینەیی بە سیاسیکراو لە بەرژەوەندی ئامانجەکانی لایەنێک یان پارتێکی دیاریکراو. کەمبوونی سەربەخۆیی بانکی فیدراڵی لە ئیستادا بۆ ئەوە دەگەڕێنرێتەوە کە تڕەمپ دەیەوێت ڕێژەی سوود دابەزێنرێت و سیاسەتێکی نەختینەیی نەرمتر پەیڕەو بکرێت و بەهۆیەوە گەشەی ئابووری بەرز بکرێتەوە کە ئەمەش خۆی لە خۆیدا بە مانای بەرزبوونەوەی ڕێژەی هەڵئاوسان دێت، کەمکردنەوەی ڕێژەی سوودی بانکیش بە مانای دابەزینی بەهای دراوی نیشتمانی دێت. ئەمەش دواجار پاڵ بە وەبەرهێنەران دەنێت تاکو سەرمایەکانیان بگوازنەوە بە دراوە سەلامەتەکان بگۆڕنەوە، وەک فرانکی سویسری یان یەنی ژاپۆنی، کە ئەمەش فشارەکانی سەر دۆلار زیاتر دەکات. دۆلارێکی لاواز دەتوانێت توانای هەناردەکردنی ئەمریکا بەرز بکاتەوە، بەڵام تێچووی هاوردە زیاد دەکات، دواجار هەم دیسان دەبێتەوە هۆی بەزبوونەوەی ڕێژەی هەڵاوسان.

شەشەم: نرخ زێڕ؛ زێڕ بە شێوەیەکی کلاسیکی و بەگشتی وەک بەندەرێکی سەلامەت سەیر دەکرێت لە کاتی ناسەقامگیری ئابووری و سیاسی و لە سەردەمی جەنگدا. دەرکردنی پاوەڵ پێشبینی دەکرێت نرخەکانی زێڕ بەرز بکاتەوە، چونکە وەبەرهێنەران لە ناجێگیری بازاڕەکان دەترسێن و ناچار دەبن بۆ پاراستنی خۆیان پەنا بۆ زێڕ بەرن و ئەمەش وا دەکات خواستی سەر زێڕ بەرز بێتەوە و نرخەکەی ئاستی نوێ ببینێت و ڕیکۆردی نوێ تۆمار بکات. داتا مێژوویی یەکانی بازاڕ ئەمە پشتڕاست دەکەنەوە، کە نرخەکانی زێڕ زۆرجار لە کاتی ناسەقامگیری گەورە یان گۆڕانکارییەکانی سیاسەتەکانی بانکی فیدراڵی بەرز بوونەتەوە. گۆڕانکاری لە پۆستی سەرۆکی بانکی ناوەندی ئەمریکا، بە تایبەتی کە بەهۆی فشار و ئامانجی سیاسییەوە بێت، نادڵنیایی لە بازاڕەکاندا زیاد دەکات و دووبارە وەبەرهێنەران بەرەو زێڕ ئاڕاستە دەکات.

حەوتەم: کریپتۆکەرەنسیەکان (پارە ڕەمزدارەکان)؛ بازاڕی دراوە رەمزدارەکان، وەک بیتکۆین و ئیثەریۆم، بە میکانیزمەکانی تایبەت بە خۆیان و هەستیاری بەرامبەر بە گۆڕانکارییە ئابووری و سیاسییەکان ناسراوە. دوورخستنەوەی جیرۆم پاول، سەرۆکی یەدەگی فیدراڵی، لەلایەن دۆناڵد ترەمپەوە دەتوانێت نادڵنیایی لە بازاڕە داراییەکاندا دروست بکات، کە ئەمەش کاریگەری لەسەر نرخەکانی دراوە رەمزدارەکان دەبێت. بەڵام لەبەر ناجێگیری زاتی بازاڕی کریپتۆ و کاریگەری فاکتەرە جۆراوجۆرەکان (وەک هەست و سۆزی وەبەرهێنەران، گۆڕانکاری یاسایی، و سیاسەتەکانی بانکی ناوەندی)، پێشبینی کردنی کاریگەرییەکان پێویستی بە وردبوونەوە هەیە.

هەرچەندە لایەنگرانی بیتکۆین زۆرجار وەکو "زێڕی دیجیتاڵی" سەیری بکۆینەکە دەکەن. بەڵام توێژینەوە زانستییەکان دەریدەخەن کە بیتکۆین، زیاتر وەک سامانێکی سپێکوڵەیتیڤ (الأصول المضاربة)  (speculative asset) ڕەفتار دەکات نەک وەک بەندەرێکی سەلامەت. بۆ نموونە، باوڕ و توێژەرە هاوکارەکانی لە ساڵی 2018  لە توێژینەوەکەیاندا  دەریانخستووە کە بیتکۆین لە کاتی ناسەقامگیری ئابووری یان سیاسی تەنها بە شێوەیەکی سنووردار وەک بەندەرێکی سەلامەت کاردەکات، و نرخەکانی زیاتر بە هەست و سۆزی وەبەرهێنەران و گۆڕانکاری یاساییەکان کاریگەر دەبن. لەم ڕوانگەیەوە، ئەگەر دوورخستنەوەی پاول ببێتە هۆی کەمبوونەوەی متمانە بە دۆلار و بازاڕە داراییەکان، ئەوا دەکرێت هەندێک وەبەرهێنەر بەرەو بیتکۆین و دراوە رەمزدارەکانی دیکە وەک ئامرازێکی جێگرەوە هەنگاو بنێن، کە ئەمەش دەتوانێت ببێتە هۆی بەرزبوونەوەی نرخەکان لەماوەی کورتخایەندا. بۆ نموونە، لە ماوەی قەیرانی کۆڤید-19  لە ساڵی 2020، نرخی بیتکۆین لە   5000 دۆلارەوە  بۆ 69000 دۆلار لە کۆتایی 2021 بەرز بووە. کە بەشێکی بەهۆی نادڵنیایی ئابووری و سیاسەتەکانی نەختینەیی نەرم بوو.

لەگەڵ ئەوەشدا، بازاڕی کریپتۆ بە ناجێگیری زۆرەوە ناسراوە، و کاریگەری نەرێنییەکانیش ئەگەرێکی زۆریان هەیە. ئەگەر دوورخستنەوەی پاول ببێتە هۆی ناسەقامگیری گەورە لە بازاڕە داراییەکان و کەمبوونەوەی متمانەی گشتی، دەکرێت وەبەرهێنەران سەرمایەکانیان لە سامانە پرسیارلێکراوەکان (وەک کریپتۆ) بکێشنەوە و بەرەو سامانە سەلامەتەکانی وەک زێڕ یان دراوە سەقامگیرەکان (وەک فرانکی سویسری) بڕۆن. هەروەهادایەربێرگ لە توێژینەوەیەکیدا لە ساڵێ 2016ـدا ئاماژە بەوە دەکات کە بیتکۆین هەندێک تایبەتمەندی زێڕی هەیە، بەڵام بە تەواوی وەک بەندەرێکی سەلامەت کارناکات. بۆیە، پێشبینییەکی لۆژیکی ئەوەیە کە نرخەکانی بیتکۆین لە سەرەتادا بەهۆی نادڵنیاییەوە بەرز بنەوە، بەڵام ئەگەر قەیرانەکە قووڵتر ببێت، دەکرێت دابەزینێکی خێرا و قورس ببینێت. 

نرخی نەوت

جگە لە بەهای دۆلار و نرخی زێڕ ئەوەی کە زۆرتر پەیوەندی بە عێراقەوە هەیە بریتی یە لە "نرخی نەوت". نرخی نەوت بە شێوەیەکی سەرەکی بە فاکتەرەکانی خواست و خستنەڕوو، سیاسەتەکانی رێکخراوی وڵاتانی هەناردەکەری نەوت (OPEC)، و بارودۆخی ئابووری جیهانی کاریگەر دەبێت. دوورخستنەوەی جیرۆم پاول و دەستنیشانکردنی سەرۆکێکی نوێ بۆ یەدەگی فیدراڵی کە نزیک بێت لە سیاسەتەکانی دۆناڵد ترەمپ، دەتوانێت بە شێوەیەکی ناڕاستەوخۆ کاریگەری لەسەر نرخی نەوت هەبێت، بەڵام ئەم کاریگەرییە بەندە بە چەندین فاکتەری جیاوازە. ئەگەر دوورخستنەوەی پاوەڵ کاردانەوە و ناڕەزایەتی و کیشەی یاسایی گەورەی لێ بکەوێتەوە ئەوا دەبێتەهۆی ئەوەی کە ترس و ناڕوونی و دڵەڕواکی باڵ بەسەر بازاڕەکاندا بکێشێت و لە ئەنجامدا خواست لەسەر نەوت کەم دەکاتەوە و نرخەکەشی دادەبەزێنێت.

لە کۆتاییدا، پێشبینییەکی لۆژیکی ئەوەیە کە دوورخستنەوەی پاول لە سەرەتادا دەتوانێت نادڵنیایی دروست بکات و فشار بۆ دابەزینی نرخی نەوت بەهۆی کەمبوونەوەی متمانەی بازاڕەکان. بەڵام، ئەگەر سیاسەتەکانی یەدەگی فیدراڵی بەرەو نەرمی بڕوات و گەشەی ئابووری بەرز بکاتەوە، دەکرێت نرخی نەوت لە درێژخایەندا بەرز ببێتەوە، بە تایبەتی ئەگەر خواستە جیهانییەکان زیاد بکەن. ئەم کاریگەرییە بەندە بە وەڵامی OPEC، ئاستی ناسەقامگیری بازاڕەکان، و گۆڕانکارییە سیاسییەکان لە وڵاتانی بەرهەمهێنەری نەوتە.