هەرێمى کوردستان؛ هاوسەنگ لەگەڵ هەمووان و دۆستایەتیى بەردەوام و بەرژەوەندىی هاوبەش

هەرێمى کوردستان؛ هاوسەنگ لەگەڵ هەمووان و دۆستایەتیى بەردەوام و بەرژەوەندىی هاوبەش
هەرێمى کوردستان؛ هاوسەنگ لەگەڵ هەمووان و دۆستایەتیى بەردەوام و بەرژەوەندىی هاوبەش

دوو هۆكاری سەرەکی هەیە بۆ پەیڕەوکردنی سیاسەتێکی دروست و واقیعبینانە؛ یەکەمییان چوون بەرەو بەدەستهێنانی بەرژەوەندییەکان و تێکەڵکردنى بەرژەوەندییەکان لەگەڵ بەرژەوەندیی زلهێزەکان. دووەم، پاراستنی هاوسەنگیی لە چوارچێوەی مامەڵەی هاوبەشدا لەگەڵ سەرجەم وڵاتان و لایەنەکان بۆ پاراستنی بەرژەوەندییەکان.

هەرێمی کوردستان بەم دوو ئاراستەیە زۆر ژیرانە مامەڵە دەکات، مامەڵەکردنێک کە بە دیوێکدا کار لەسەر پتەوکردنی پەیوەندییەکان و فراوانکردنی بەرژەوەندییەکان دەکات، بە دیوەکەی تریشدا زەمینەیەکی هاوبەش و هاوتەریبی دۆزیوەتەوە لەگەڵ هەموواندا بۆ ئەوەی بە لایه‌نی کەمەوە هەرێمی کوردستان بە دوور بێت لە دژایەتیی لایەنە بە یەکنەیارەکانی دیكه‌.

لە سیاسەتدا میانەیەک هەیە بۆ تێگەیشتن، لەسەر بنەمای پاراستنی بەرژەوەندییەکانی خۆت و نەبەزاندنی بەرژەوەندییەکانی بەرانبەر و پێدانی دڵنیایی بە هەمووان کە هەرگیز هەرێمی کوردستان نابێت بە هەڕەشە بۆ سەر هیچ لایەک و بەرژەوەندییەکانمان مەترسى نین بۆ بەرژەوەندییەکانى ئەوانى دیكه‌.

دروستکردنى ئەم تێگەیشتنە لاى بەرامبەر، پێویستى بە زەمینەى لەبار و پاشخانى دەوڵەمەند و هەڵوێستى نەگۆڕ هەیە، بۆ ئەوەى متمانە دروست بکەیت، پێویستە سەلماندبێتت کە پەیڕەوى سیاسەتى ئاشتییانە و بەرژەوەندیی هابەش دەکەیت، لەم بابەتەشدا هەرێمى کوردستان لە دۆخى تێگەیشتنەوە خۆى گواستووه‌تەوە بۆ دۆخى پێگەیشتن و لەسەر نەخشەى سیاسى ناوچەی و جیهانىی متمانە پێ کراوە و لە ناوەندە سیاسى و نێودەوڵەتییەکاندا بە قەوارەیەکى ئاشتیخواز و چارەسەرویست ناسراوە.

لەم جیهانە ئاڵۆزەدا کە ململانێى بەرژەوەندییەکان و کێشمەکێشمى زلهێزەکان لە ترۆپکدایە، ئاسان نییە بتوانیت هاوسەنگیی ڕابگریت و لایەنگیر نەبیت،بەڵام هەرێمى کوردستان لە ڕێگەى دابەشکردنى ئەرکە سیاسییەکان و پەیڕەوکردنى دیبلۆماسییەتى هاوسەنگەوە توانیویەتى دۆستى ئەمه‌ریکا و ڕۆژئاوا بێت و دژى ئێران و وڵاتانى خاوەن هەژموونى ناوچەکە نەبێت.

لەوەش زیاتر توانیویەتى فشارە ناوچەییەکانى سەر هەرێمى کوردستان کەمتر بکاتەوە و دەستکراوەش بێت لە بەهێزکردنى پەیوەندییە ئابوورى و سیاسییەکانى لەگەڵ ئەمه‌ریکا و وڵاتانى ڕۆژئاوا و وڵاتانى ناوچەکەدا، کە دواترین دیمەنى سەلمێنەرى ئەو سیاسەتە ڕاستە، چوونى سەرۆکى هەرێمى کوردستان بوو بۆ ئێران و دڵنیاکردنەوەیان لەوەى کە هەرێمى کوردستان هەرگیز نابێت بە هەڕەشە بۆ ئێران و وڵاتانى دراوسێ، هەروەها سەردان و ئامادەیی سەرۆکى حکوومەتى هەرێمى کوردستان بوو لە ئەمریکا، کە بۆ درێژەدان بە دوو گرێبەستى ستراتیژیى گەورە بۆ بەرژەوەندىی هەرێمى کوردستان لەو وڵاتەوە دەرکەوت، کە ئەمە نیشاندانى هێزى هاوسەنگیى هەرێمى کوردستان دەردەخات و بەرژەوەندییەکانمان دەپارێزێت و متمانەش دەبەخشێت بە هەموو لایەنەکان کە لەسەر ئاراستەیەکى ڕاست و بۆ ئامانجێکى هاوبەش کار دەکەین کە بنەماکەى بریتییە لە، (هاوسەنگیی لەگەڵ هەمووان و دۆستایەتیى بەردەوام و بەرژەوەندىی هاوبەش.)

ئەو دیبلۆماسییەتە لە سیاسەتدا ڕەنگدانەوەى بووە لەسەر سەرجەم بوارەکانى دیكه‌ی ژیانى سیاسیی لە ناوچەکەدا، بۆ نموونە: سەرپێکەوتنى پرۆسەى ئاشتىی لە تورکیا و دروستبوونى تێگەیشتنى هابەشىی کورد لەگەڵ دەسەڵاتدارانى ئێستاى سووریادا و کردنەوەى زەمینەى گفتوگۆ لە نێوان ئێران و پارتە ئۆپۆزسیۆنە کوردییەکان، ڕێگەخۆشکەر و زەمینە دروستکەرەکەى هەرێمى کوردستانە بە ڕابەرایەتیى سەرۆک بارزانى.

هەرێمى کوردستان قەوارەیەکى کاریگەرە لە نەخشەى جێوسیاسیى ناوچەکەدا و جوامێرانى دەوڵەتداریش کارەکتەرى سیاسى کاریگەرن لەسەر ئاستى جیهان و گوێلێگیراون لە ناوەندە سیاسییە بریاربەدەستەکانى جیهاندا.

ئەم سیاسەتە دروستە ڕەنگی داوەتەوە لەسەر ئاستى جیهان و ناوچەکە و تەنانەت عێراقیشدا، کە ئارامگرتنى هەرێمى کوردستان لە بەرانبەر هەموو فشار و گوشارەکاندا لە ڕەچاوکردنى سەقامگیریی کوردستان و کەمکردنەوەى کێشەکانى لەگەڵ عێراقدا سەرچاوەى گرتووە.

کێشەى هەرێمى کوردستان کێشەى جێبەجێنەکردنى دەستوور و پابەندنەبوونى عێراقە بە واژۆى خۆیان و ڕێککەوتنە سیاسییەکان و تەنانەت گوێنەدانیشە بە بڕیارەکانى دادگاى فیدراڵى تایبەت ئەوانەى لە بەرژەوەندىی هەرێمى کوردستاندایە، لە سەروویانەوە بابەتى مووچەى مووچەخۆرانى هەرێمى کوردستان, کە هەر مانگەى بە پاساوێکى سیاسى یان تەکنیکى دوای دەخەن بۆ ناڕەحەتکردنى مووچەخۆران و فشارخستنە سەر حکوومەتى هەرێمى کوردستان.

چونکە ڕوونە مامەڵەى عێراق لەگەڵ هەرێمى کوردستاندا مامەڵەیەکى فیدراڵى نییە و قۆناغەکانى تێگەیشتنییان بۆ فیدراڵییەتى هەرێمى کوردستان قورس دەڕواتە پێشەوە.

ئەم ئەزموونە تاڵەش لەگەڵ بەغدا لە ساڵى 2003ـوه‌ بەردەوامە و هەر سەرۆک وەزیرانێک بە بەڵێنى گەورە و تێگەیشتنى نوێوە هاتووه‌تە مەیدان لەگەڵ سەرکردایەتیى سیاسیى کوردستاندا، بەڵام هەمیشە و دواى خۆقایمکردنییان پشت لە هەرێمى کوردستان و ڕێککەوتن و بەڵێنەکانییان دەکەن و کورد وتەنى: خۆشەبوویین لەگەڵیاندا. و هەموویان خاوەنى یەک تێڕوانین و بیرکردنەوەن بەرانبەرمان، بەڵام بە فۆرمى جیاواز، هەمیشە هەرێمى کوردستانیش دەرفەتى زیاترى پێداون و پشوو درێژبووە لەگەڵیاندا.

ئێستا هەرێمى کوردستان لەسەر سیاسەتێکى ڕاست هەنگاو دەنێت، خوێندنەوەیەکى واقیعبینانەى هەیە بۆ دۆخى ئاڵۆزى جیهان و باش لە بەریەککەوتنى بەرژەوەندییەکان تێ گەیشتووە و پانتاییەکى ئارامیشى لەناو ئەو جەنجاڵییەدا بۆ خۆى دۆزیوەتەوە و کار دەکات بۆ داهاتوویەکى باشتر و سەقامگیرتر بۆ خەڵکى کوردستان.

گرنگ ئەوەیە لە ناوخۆى هەرێمى کوردستاندا و تایبەت پارت و لایەنە سیاسییەکانى دیكه‌ش پاڵپشتى و پشتگیرىی لەو سیاسەتە دروستە بکەن و ببن بە بەشێک لە چارەسەر، خۆ گەر ئەمەیان پێ ناکرێت ڕاستتر وایە نەبن بە بەشێک لە گرفت و ڕێگە بدەن با ئەم کاروانە بگاتە جێ، کە بێگومان سوودى گەورەى بۆ هەمووان تێدایە و هەرێمى کوردستان دەباتە قۆناغێکى دیكه‌ی سەرکەوتن.