ئەو گرێیەی مەسرور بارزانی لە ئەمەریکا کردییەوە

ئەو گرێیەی مەسرور بارزانی لە ئەمەریکا کردییەوە
ئەو گرێیەی مەسرور بارزانی لە ئەمەریکا کردییەوە

لە گرێبەستە قەبەکان و ئاستی پێشوازییەکەی گرنگتر، کردنەوەی گرێ کوێرەیەکی مێژوویی بوو، کە بەردەوام گرفتی بۆ بەرزبوونەوەی ئاستی پەیوەندییەکانی ئەمەریکا و کوردستان دروست کردووە. ئەویش تێڕوانین و ستراتیجیی وەزارەتی دەرەوەی ئەمەریکایە دەربارەی پرسی کورد وەک نەتەوە و کوردستان وەک نیشتیمان. بۆ یەکەم جارە وەزارەتی دەرەوە گەرمتر و توندتر لە دامەزراوە گرنگ و کاریگەرەکانی دیکەی ئەمەریکا، وەک پنتاگۆن و CIA، لە بەرامبەر مافەکانی کوردستان وەدەنگ بێت و خۆی لێ بکاتە خاوەن و بە ڕوون و ئاشکرایی گوتارێکی نوێ ڕابگەیەنێت.

لە ماوەی شەست ساڵی ڕابردوو، بەردەوام هەوڵ و داواکارییەکانی کورد لە ئەمەریکا، لە ستراتیجیی وەزارەتی دەرەوە گیر دەبوو و هەندێک جاریش پاشەکشەی پێ دەکرا، پیلانگێڕیی جەزائیر ڕەنگە دیارترینیان بووبێت. پێشبینی دەکرێت ئەو قۆناغە نوێیە، مایەی پاراستن و بە‌هێزکردنی پێگەی قەوارەی دەستوری کوردستان بێت، هەروەها ڕاستکردنەوەی ئەو هەڵانە بێت کە بوونەتە هۆی دروست بوونی لاسەنگیی لە پەیوەندییەکانی نێوان هەولێر و بەغدا.

ئەو کارەی مەسرور بارزانی کردی، پێی دەگوترێت 'وەچەرخانی مێژوویی'، ئەو وەچەرخانە، لە ئایندەیەکی نزیکدا لە سەر دوو ئاست ڕەنگ دەداتەوە:

- لە ئاستی ناوخۆیی کوردستاندا، هاندەر دەبێت، کە ئەو حیزب و لایەنانەی گرەویان لە سەر هێزی دەرەکی دەکرد، بەو گوتار و هەڵوێستە سیاسیانەی خۆیاندا بچنەوە و پەشیمانی گوتارە نەتەوەیی و نیشتیمان ببنەوە، کە هێشتا کوردستان پێویستی پێیەتی.

-  لە سەر ئاستی دەرەوەش، هاندەر دەبێت بۆ وڵاتانی ئیقلیمی و نێودەوڵەتی کە نیگەران و دوو دڵییان کەمتر بێتەوە لە مامەڵەکردنی ڕاستەوخۆ لەگەڵ قەوارەی دەستوری کوردستان و گەلەکەی.
لە دوا ڕۆژەکانی ئەو کابینەیەی مەسرور بارزانی بۆ ماوەی نزیکەی شەش ساڵە سەرۆکایەتیی دەکات، دەسکەوتەکانی گەیاندە ئاستێک، کە خەڵکی کوردستان بە ئومێد و خۆشحاڵیەوە چاوەڕوێن، کە سەرۆکایەتی کابینەیەکی بەهێزتر و پڕ دەسکەوتتری لێ بکەن.

لەو چەند ساڵەی ڕابردوو، مەسرور بارزانی و کابینەکەی ڕووبەڕووی ئالنگاری و فشار و هێرشی زۆر توند بوونەوە، بەڵام ئەوانە تەنها بوونە هێزێک بۆ ئەوەی دەستبەرداری ستراتیجیی بنیاتنان نەبێت، لە ڕێگای ڕاستکردنەوەی هێلی خواری حوکمڕانی و گرتنەبەری ڕێگای دروست بۆ گرێنتیکردنی ئایندەیەکی گەش بۆ کوردستان

یەکانگیریی جیهانبینی و ستراتیجیی مەسرور بارزانی، لەگەڵ گۆڕانکاری و ئەو هاوکێشە نوێیانەی، خەریکە نەخشە و واقیعی سەپێندراوی رۆژهەڵاتی ناوەراست دەگۆڕن، ڕێکەوت نییە، بەڵکو پلان بۆ داندراو بووە و بەشێک بووە لە خوێندەوە و پێشبینییەکانی مەسرور بارزانی بۆ ئایندەی ئەو ناوچەیە، ئەوەشی بە ڕوونی لە چەند گوتار و بۆنەیەک باس کردووە، بە تایبەتی لە گوتارە بەناوبانگ و مێژووییەکەی لە ناوەندی توێژینەوەی چاتام هاوس.

گۆڕانکاری لە ستراتیجیی و سیاسەتی دەرەوەی ئەمەریکا دەکرێ وەک چاوگی ئەو گۆڕانکاریانە دابندرێ، کە پێشبینی دەکرێت لەمەودوا شێوازێکی نوێی لە هاوپەیمانێتی و کاری هاوبەش دروست بکات، ئەویش لەگەڵ نەتەوە و پێکهاتەکان، نەوەک تەنها لە ڕێگای ئەو دەوڵەتانەی وەک ئەمری واقیع بەسەر گەلانی ئەو ناوچەیە سەپەێنراون.