ئاشنا بابان
نووسەر
کاریگەریی سەردانەکەی مەسرور بارزانی لەسەر پێگەی هەرێمی کوردستان
دیدار و کۆبوونەوەکانی چەند ڕۆژی ڕابردووی مەسرور بارزانی، سەرۆکی حکوومەتی هەرێمی کوردستان لە واشنتن لەگەڵ وەزیر و کۆنگرێسمان و سیناتۆر و بەرپرسانی باڵای ئەو وڵاتە، بناغەیەکی دیکەی پەیوەندییەکانی هەرێمی کوردستان و ئەمەریکای لەسەر ئاستی سیاسی، ئابووری، بازرگانی و وزە دانا، بێگومان کاریگەری و لێکەوتەکانی کۆبوونەوەکانی سەرۆک وەزیران مەسرور بارزانی لە ئەمەریکا بەشێکیان لەماوەیەکی کورتخایەن و بەشێکی دیکەیان لە دوورمەودا دەردەکەون. ئەوەی جێگەی سەرنج و خۆشحاڵیی هەمووان بوو، پشتیوانی و پاڵپشتیی بەهێزی بەرپرسانی ئەمەریکا لە دیدگا و پلانی مەسرور بارزانی بۆ حوکمڕانی بوو، هەروەها ئەمەریکا پێزانینی بۆ بەهێزکردنی ژێرخانی ئابووری و چاکسازییەکانی حکوومەتی هەرێمی کوردستان هەیە و پشتیوانی خۆشی بۆ پێگەی بەهێزی هەرێمی کوردستان دووپات کردەوە؛ بە تایبەت دوای سەردانی دۆناڵد ترەمپ، بۆ ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست، هەموو لایەکی لە گۆڕانەکانی ناوچەکە دڵنیا کردەوە. هەرێمی کوردستانیش بەشێکی سەرەکی گۆڕانەکانە و زۆرترین چاوی کۆمەڵگەی نێودەوڵەتی لەسەرە، کە دەتوانین بایەخدان بە پێگەی هەرێمی کوردستان لەسەر چەند ئاستێک پۆلین بکەین.
١- پشتیوانی سیاسی و ئاسایش ،لە کۆبوونەوەکانی مەسرور بارزانی لەگەڵ وەزیری ناوخۆی ئەمریکا ،پەیامێکی ڕوون ئاشکرا نیشان دراوە کە هەرێمی کوردستان هاوپەیمانێکی گرنگ و بەنرخە بۆ ئەمەریکا و جەخت لە هەماهەنگییەکان بە تایبەت لە بواری مەشق و ڕاهێنان و تیرۆر کرایەوە.
٢- پەیوەندییە ئابورییەکان و گرێبەستەکانی بواری وزە، لە چوارچێوەی ئەم سەردانەدا، مەسرور بارزانی سەرپەرشتیی ئیمزاکردنی دوو گرێبەستی گەورەی وزەی لەگەڵ دوو گەورە کۆمپانیای ئەمەریکایی کردووە، کە ئەمە دەتوانرێت بێت هەنگاوێکی گرنگ بۆ پەرەسەندنەوەی سەرمایە و پەرەسەندنەوەی کار لە هەرێمی کوردستان. هەروەها وەزیری وزە و بریکاری وەزارەتی گەنجینەی ئەمەریکا سووربوونی وڵاتەکەیان لەسەر هەناردەکردنەوەی نەوتی کوردستان پیشان دا. لەگەڵ ئەوەش مەسرور بارزانی چەند جارێک جەختی کردوەوە، کە نایانەوێت پەیوەندییەکانیان لەگەڵ ئەمریکا تەنیا بۆ ڕووبەڕووبوونەوەی تیرۆر بێت، بەڵکو دەیانەوێت لەسەر ئاستی وزە و وەبەرهێناندا فراوانی بکەن.
٣ـ پشتیوانی و هەماهەنگییەکان بۆ چآکسازی و بەهێزکردنی کەرتی بانکی، ئەو پشتیوانی و گەرەنتییەی ئەمریکاش وادەکات دەیان کۆمپانیای بیانی بێنە هەرێمی کوردستان و سەرمایەگوزاری بکەن.
٤ـ پێگەی سیاسی و دیپلۆماسی، تەواوی ئەو بەرپرسانەی سەرۆک وەزیران مەسرور بارزانی لەگەڵیان کۆبووەوە، پێداگیرییان لەسەر پاراستنی سەقامگیری و ئارامیی هەرێمی کوردستان کردەوە و تاڕادەیەک بە زمانی هەڕەشە دڵنییان دا لە ڕووبەڕووبونەوەی هەر مەترسییەک لەسەر هەرێمی کوردستان درووست بکرێت. بینیشمان دوای ئەو لێدوانانەی بەرپرسانی ئەمریکا، وەزارەتی نەوتی عێراق زمانی قسەکردنی لەسەر ڕێککەوتنەکانی هەرێمی کوردستان چۆن گۆڕی.
بەگشتی، سەردانە دیپلۆماسییەکەی مەسرور بارزانی بۆ واشنتن لە کاتە هەستیارەدا، بوومەلەرزەیەکی سیاسی بوو. چونکە هەمیشە توانی لەسەرجەم ئاستەکاندا پشتیوانیی ئیدارەی نوێی ترەمپ بۆ هەرێمی کوردستان بەدەست بێنێت و دواجار ئەو پشتیوانییانە دەبنە هۆی بەهێزکردنی ژێرخانی ئابووریی هەرێمی کوردستان کە هەر لەسەرەتای کابینەی نۆیەمەوە دیدگەی مەسرور بارزانی بووە. ئێستا دەتوانین بڵێین هەرێمی کوردستان بۆ هەر ئەگەر و گۆڕانێک لە ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست و ناوچەکە ئامادەیە.
بیرشمان نەچێت، مانگی شوباتی ساڵی ڕابردووش کاتێک حکوومەتی فیدڕاڵ دەستی لە بینەقاقای هەرێمی کوردستان نابوو، دوای سەردانی مەسرور بارزانی لە مانگی شوباتی ساڵی 2024 بۆ ئەمریکا هەموو شتێک پێچەوانەوە بووەوە و بەرپرسانی ئیدارەی پێشووی ئەمەریکا بە مەرجی باشکردنی پەیوەندی لەگەڵ هەرێمی کوردستان ئامادەبوون پێشوازیی لە محەممەد شیاع سوودانی بکەن.
هەروەها، دیدارەکان بەردەوامیی وەبەرهێنانی پەیوەندییەکانی نێوان هەرێمی کوردستان و ئەمەریکا لە بوارەکانی دیپلۆماسی، ئابووری و پاراستنی ئاسایشە، وەک پلەیەکی گرنگی تایبەتی بۆ هەرێم بوون، کە دەتوانێت لە داهاتوودا ڕۆڵی زیاتر لە نێوان هەردوولادا بەهێز و بەردەوام بیت، واتا کاریگەری ئەم سەردان و دیدارانە لە پەیوەندیی هەرێمی کوردستان و ئەمەریکا بە شێوەیەکی ڕوون و بەرزکردنەوەی هاوکاری و پشتیوانییەکان لە هەموو بوارەکاندا وەک چەسپاندنى سەقامگیری سیاسی و ئابووریی هەرێم لە ناوچەکەدا بەردەوام و بەهێز دەکات. هەریمى کوردستان لەم دۆخەى ئیستا دەگوازیتەوە بۆ دۆخێکى بەهێز و کاریگەر لە ناوچەکەدا، تایبەتمەندی و ستراتیجى زیاترى پێ دەبەخشێت بە دیاریکراویش دواى ئەو گۆڕانە خێرایانەى لە ڕۆژهەڵاتى ناوەڕاست ڕوویان داوە.