پەلهاوێشتنی سەرمایە و سەرهەڵدانەوەی دەمارگیرییەکی نوێ

پەلهاوێشتنی سەرمایە و سەرهەڵدانەوەی دەمارگیرییەکی نوێ
پەلهاوێشتنی سەرمایە و سەرهەڵدانەوەی دەمارگیرییەکی نوێ

لە سەردەمی جیهانگیری و پێشکەوتنی تەکنەلۆجیادا، لێک نزیکبوونەوەی هزری و تێکهەڵکێشبوونی بیری نەتەوەکان زیاد دەکەن و دەبنە هۆی سازبوونی بیری نوێ و هەبوونی کۆدەنگیی زیاتر لەسەر بیر و هزرە تازەکان. هەروەها، لە جیهانێکدا کە سیستەمی نێونەتەوەکان بە شێوەیەکی زۆر ڕێکوپێک ڕێکخراون و پێکەوە بەستراونەتەوە، مرۆڤ دەتوانێت بە ئاسانی دەستی بە زانیاری و هەواڵ و فکرە نوێیەکان بگات.

لە هەمان کاتیشدا و بە هەمان چەشن، ئابووریی جیهانی پێکەوە گرێدراون و دۆخێک دروست بووە کە مرۆڤ دەتوانێت بێ ماندووبوون دەستی بگات بە کاڵا و شتوومەکی دڵخوازی خۆی لە هەر شوێنێکدا بێت. بۆیە، لەگەڵ تێکەڵبوونی هزری و فکری بە هۆی سیستەمی جیهانگیری،  دەتوانین بڵێین کە تێکهەڵکێشبوونی سەرمایە و تێکەڵبوونی گیرفانی نەتەوەکایش یەکێکە لە نیشانەکانی نزیکبوونەوەی نەتەوەکان و سیستەمی دارایی جیهانی. هەرچی تایبەتیشە بە وەبەرهێنان و سەرمایەگوزاری، بژاردەکان پتربوونە و ئێستا پرۆژەکان کیشوەرەکان دەبڕن و دەرگای نوێ کراوەتەوە بۆ وەگەڕخستنی دەستمایە و قازانجی زیاتر، و کاریگەریەکەشی بە شێوازێکە، کە هەبوونی سەرمایەگوزاری نێودەوڵەتی بۆتە کارتێکی گەورە بەدەست هەر هێز و لایەنێک کە توانیویەتی کەشوهەوای گونجاو بڕەخسێنێت بۆ ڕاکێشانی سەرمایەی دەرەکی. 

عەبدولکەریم قاسم، نەبوونی دانایی و ڕۆشنایی سیاسی، یان لێکەوتەی هەستی خۆڕسکی دژە کۆلۆنیالیزم!

کاتێک کەسانێک بەراوردی سەردەمی پاشایەتی و کۆماری دەکەن لە عێراقدا، باسی سەردەمی پاشایەتی دەکەن بە جۆرێک کە دنیا پڕی بووە لە خێر و بەرەکەت و خۆشگوزارەنیی خەڵک، هەروها، بە شانازییەوە ئاماژە بە دیناری عێراقی دەکەن کە ئەو کات یەکێک بووە لە بە بەهاترین دراوەکانی جیهان. یاخود، وەسفی سیستەمی تەندروستی و سەربازی و دامودەزگاکانی میری دەکەن کە لە ئاستێکی بەرز و پلەیەکی نایابدا بووە. گوێشمان لێ دەبێت بە بەردەوامی کە دەڵێن بەداخەوە عەسکەر هات و بە سەرکردایەتیی عەبدولکەریم قاسم سیستەمی حوکمڕانیان گۆڕی و کردیانە کۆماری. لەو کاتەوە سەردەمی ناخۆشی و کوشتن و بەهەدەردانی سامانی وڵات بووە بە دیاردە. شیکردنەوەشیان بۆ بارودۆخەکە بە جۆرێکە کە ئەم گۆڕانکارییە بووە دەستپێکی ئاژاوە و بێسەروبەری، و دواتر شێرپەنجەئاسا لە عێراقی کۆماریدا بڵاو بۆوە.

پرسیاری ئایا کۆماری باشە یاخود پاشایەتی؟ لە دەروەی ناوەرۆکی ئەم وتارەیە، بەڵام دەپرسین چ بووە هاندەری بەرپاکردنی شۆڕش؟ فکری عەسکەر و کودەتاچی لە عێراقدا دەبێت چی بووبێت؟ قابیلە ئەوەندە ساویلکە و نزیکبین بووبن؟ دەبێت ئەو پاڵنەرە لە چییەوە سەرچاوەی گرتبێت کە وای لە هەمووان کرد هەوڵ بدەن بە جۆش و خرۆشەوە هاوار بکەن و بڵێن: وڵاتەکەمان وەردەگرینەوە و چیتر ناهێڵین خاکەکەمان ببێت بە کێڵگەیەکی بە پیت و بەرەکەت بۆ سەردارەکانی کۆلۆنیالیزم.

سەرمایەگوزاریی دەرەکی و درووستبوونی هەستی  دەمارگیری نەتەوەیی (التعصب القومي):

ئێمەی ڕۆژهەڵاتی (شرقي) ڕوانگەمان بۆ سەروەت و سامانی ناو سنووری وڵاتەکەمان بریتییە لە بە موڵککردنی  سەرجەم سەروەت و سامانی وڵات بەسەر گەلدا، ئەمە بەهۆی کاریگەرییەکانی بنەماکانی سۆسیالیزامە لەسەر هزر و تێفکرینی تاکی ڕۆژهەڵاتی. بۆیە بە تەواوی خاوەندارییەتی سامانی وڵاتمان دەگەڕێنینەوە بۆ گەل و بۆ ناو خەڵکی ئەو سنوورە جوگرافییە سیاسییەی کە تێیدا دەژین. کاتێک پرۆژەی ستراتیجی و بە دەستمایەی دەرەکی لە لایەن وەبەرهێنەرانی بیانی لە وڵاتێکی ڕۆژهەڵاتیدا ئەنجام دەدرێت، کارمەندی بیانی دێنە ناو وڵات بەهۆی شارەزایی و پسپۆڕییان و ڕادەکێشرێن بۆ وڵاتەکە بە پێدانی ئیمتیازاتی دارایی و پلەی بەرز و پۆستی هەستیار. لەم دۆخەدا  ئێمەی ڕۆژهەڵاتی تێڕوانینمان بە شێوازێک دەبێت کە کەسانی دەرەوەی سنوور و بەدەر لە خەڵکی وڵات هاتوون و قازانج دەکەن لە سامان و ژێرخانی وڵات کە تەنها مافی ئێمەیە سوودمەند بین و بەهۆیەوە خۆشگوزەران بین. دەرئەنجام دژییەک ساز دەبێت کە پاڵاوتەی بیری سۆشیالیزم سەرچاوەکەیەتی کە مرۆڤی رۆژهەڵاتی پێ بارگاوی کراوە.

ئەم حاڵەتە دەروونییە هەندێک جار لەلایەن کارمەندانی خۆماڵیش هەستی پێ دەکرێت، بە تایبەتی ئەو کارمەندانەی کە لەو دامەزراوانە کاردەکەن کە بە دەستمایەی دەرەکی لەسەر ژێرخانی وڵات بنیات دەنرێت و بە گوێرەی پێکهاتەی ڕێکخراوەیی (هیکل تنظیمی-  Organizational structure)، مووچە و بژێوی و بەرزکردنەوەی پۆستی کارمەندە خۆماڵییەکان پابەند دەبێت بە ڕەزامەندیی پسپۆرە دەرەکییەکان. لە کاتێکدا، ئەم پسۆڕانە خەڵکی وڵات نین و بێگانەن؛ بۆیەش لە هەندیک حاڵەتدا هەست بە پەنگخواردنەوەی دەمارگیرییەکی شارەوە دەکەین لە ناخی کارمەندە خۆماڵییەکان، کە هەست و ناخی شۆڕشگێڕانی دژ بە کۆلۆنیالیزمی پێوە دیارە. ئەم بەراورد کردنە، دەکرێت بەشێک بێت لە وەڵامی پشت هاندەر و پاساوەکانی بەرپاکردنی شۆڕشی عەبدولکەریم قاسم، چونکە لە سەردەمی پاشایەتیدا، عێراق و نەوتەکەی لە لایەن حکوومەتی بەریتانیاوە بەڕێوە دەبرا. 

پەلهاوێشتنی سەرمایە و تێکەڵبوونی گیرفانی نەتەوەکان لە جیهاندا بابەتێکی فرە رەهەندە و هەستیارە، لە هەمان کاتدا هێزێکی کاریگەریشە. لە کوردستاندا، مەرجی هەبوونی (80%) ی کارمەندی خۆماڵی لەسەر کۆمپانیاکان سەپێنراوە، ئەمە بووەتە هۆی پێشخستنی هەلی کار بۆ هاونیشتیمانیان. هەرچەندە کارکردن و سەپاندنی مەرجی باشتر بۆ ڕەخساندنی هەلی کار هەروا ئاسان نیە، بەڵام بە هەبوونی ئیرادەیەکی بەهێز و پێشخستنی زیاتری زانکۆ و دامەزراوە ئەکادیمییەکان، و بە ئامادەکردنی گەنجان بۆ پێویستییەکانی دنیای مۆدێرن و خواستی بازاڕە جیهانییەکان، دەتوانین سەرمایەگوزاری دەرەکی وەک کارتێکی بە نرخ و کاریگەر بەکار بهێنین و هەلی کاری زیاتر بۆ هاونیشتیمانیان فەراهەم بکەین. هەروەها لە بری پەنگخواردنەوەی دەمارگیری و هەڵچوونی بیری خۆیی بوون یاخود خۆیی نەبوون، سوود لە ئەزموونی بیانییەکان وەربگرین و پسپۆڕی و زانستەکەیان بەکار بهێین بۆ ئاراستەکردنی دۆخی ئێستای کوردستان بۆ داهاتووێکی پێشکەوتووتر.