نەوتی زۆر و بەڵای دەرهێنانی - نمونەی ڤەنزوێلا

نەوتی زۆر و بەڵای دەرهێنانی - نمونەی ڤەنزوێلا
نەوتی زۆر و بەڵای دەرهێنانی - نمونەی ڤەنزوێلا

زۆر باس هەیە دەربارەی جڵەو (کۆنترۆڵ) کردنی یەدەگی نەوتی ڤەنزوێلا لەلایەن ویلایەتە یەکگتووەکانی ئەمریکاوە، بەتایبەتی دوای هەڵگیرسانی جەنگی ئەمریکا و ئیسرائیل بەرانبەر بە کۆماری ئیسلامی ئێران شیکردنەوەکان بۆ ئەم بۆچوونە دەڕۆن کە دوای مسۆگەر کردنی نەوتی ڤەنزوێلا، جەنگ بەرپاکرا و هێرش بۆ سەرکۆماری ئیسلامی ئێران دەستی پێکرد. بەڵام ئایا هەروا بە ئاسانی نەوتی ڤەنزوێلا کۆنترۆڵ کراوە؟ دەپرسین کۆنترۆڵکردنی سامانی وڵاتێک چ دەگەیەنێت؟

لە رێکەوتی 3ی کانوونی دووەمی 2026، لە خەو هەستاین و سەرۆک کۆماری ڤەزوێلامان بە دەستبەسەر کراوی دیت، زۆر بە ئاسانی بە دیل گیرا و بردرا بۆ دادگا لە ئەمریکا، لێرەدا پرسیاری ئەوە ناکەین کە چۆن سەرۆکێک بەم شێوەیە و بەئاسانی راپێچرا بۆ وڵاتی نەیار و کۆتایی بە حوکمەکەی هات، لە کاتێکدا کە هەڕەشە و هاتوهاواری لە وڵاتدا بە گوێی گشت هاووڵاتیانی دەزرینگایەوە. لە وڵاتێکدا کە ئابورییەکەی داتەپیبێت و دراوی هیچ بەهایەکی نەمابێت، هەروەها بە گشت دامەزراوەکانیەوە نەتوانێ بەرگری بکات لە لوتکەی دەسەڵات کە هێمای وڵات و بەرێوەبردنە، باشە دەبێت سەرۆکی دەستبەسەر کراو (مادۆرا) ئەم هەموو سەماکردن و شەڕ فرۆشتنەی بۆچی بووبێت؟

دوای راپێچانی سەرۆکی ڤەنزوێلا، بابەتی نەوت و یەدەگە زەبەلاحەکەی هاتەوە ناو باسان و لەلایەن میدیا جیهانییەکانەوە لۆجیک و پاڵنەری دەرستبەسەر داگرتنی زێڕی رەشی ڤەنزوێلا باسکرا. بەڵام تەنها جڵەوی سیاسی (Political Control) دەبێتە هۆی کۆنترۆڵکردنی یەدەگی نەوتی ڤەنزوێلا کە یەکەمی جیهانە لە رووی قەبارە و بە گوێرەی ماڵپەڕی سەرەکی (OPEC) مەزندە دەکرێت بە (303.22) ملیۆن بەرمیل.

هەبوونی قەبارەیەکی زۆر لە نەوت تەنیا هەرگیز نابێتە هۆی ئەوەی نەوت بەرهەمبهێنرێت، چونکە وەک هەر کاڵایەکی دیکە دەبێت مۆدێلە بازرگانییەکەی (Economic Model) پەسەند بێت لەلای وەبەرهێنەران، و خەملاندنی قازانج لە دهاتوودا بە روونی دیاربێت(Profit Margin). بۆیە لە مۆدێلی بازرگانی نەوت، خودی چڕی (Density) نەوت و قورسییەکەی بەشێکی گرنگن لە دیاری کردنی قازانج و مودێلە بازرگانییەکە. کوالیتی نەوت لە حەشارگەکانی ناو زەوی (Reservoirs) لەگەڵ چەند فاکتەرێکی دیکە پێکەوە دەریدەخەن کە نەوتی دۆزراوە لە هەر وڵاتێکدا دەکرێت بەرهەم بهێنرێت بەراورد بە تێچووەکەی، یاخود ئاڵۆزی پرۆسەی بەرهەمهێنان لێکەوتەی مۆدێلێکی بازرگانی شکست خواردووی لێدەکەوێتەوە. بۆ نموونە لە ئەگەری بەرهەمهێنانی بەرمیلێک نەوت بە تێچووی (200) دۆلار، باشترە بەرهەم نەهێنرێت و لە ژێر زەوی بمێنێتەوە. 

زۆرینەی نەوتی ڤەنزوێلا لە پشتێنەی ئۆرینۆکۆ (Orinoco Oil Belt) سەرچاوە دەگرێت کە دەکەوێتە ناو سنووری وڵاتی ڤەنزوێلا  و بڕی نەوتی سەرەتایی (OOIP) بە نزیکەی (1000 ملیۆن بەرمیل) نەوت دەخەملێنرێت، سەرنج بدەنە ئەم ژماریە کە زیاترە و (3) بەرانبەری یەدەگی ڤەنزوێلایە کە لە سەرەوە باسمان کرد بە گوێرەی ماڵپەڕی (OPEC). بەڵام بەهۆی جۆر و کوالێتی نەوتەکە، تەنیا رێژەی (30%) دەتوانرێت بەرهەم بهێنرێت، ئەوەی دیکە دەمێنێتەوە و ناتوانرێت دەربهێنرێت. ئەمەشە وای کردووە کە یەدەگی پشتڕاستکراو لە (1000) ملیۆن بەرمیل نەوتی خاو کەمبێتەوە بۆ (303.22) ملیۆن بەرمیل. بەهۆی ئەوەی نەوتی ڤەنزوێلا قورسە و چڕی زۆرە، پێویستی بە کات و سەرمایەی گەورە و وەبەرهێنانی دەرەکییە بۆ ئەوەی بتوانرێت بەرهەمهێنانی نەوت زیاد بکات لە وڵاتدا. لە رووی هوونەرییشەوە پێویستی بە تەکنەلۆجیای سەردەمە، ئەمانە گشتیان بوونەتە هۆی ئەوەی نەتوانرێت بە خێرایی بەرهەمی نەوتی خاو بەرزبکرێتەوە. 

بەڵگەش بۆ ئەم قسانە ئەوەیە کە دەستبەسەر داگرتنی نەوتی ڤەنزوێلا نەبووە هۆی ئەوەی کێشەی هەڵکشانی نرخی نەوت لە بازاڕە جیهانییەکان چارەسەر بکرێت و ببێتە هۆکارێک بۆ دابەزینی نرخی نەوت لە دوای داخستنی تەنگەربەری هورموز.

سەرئەنجام هەبوونی سەرچاوە سروشتییەکان و بەردەست بوونیان بە بڕێکی زۆر هەرگیز نابێتە هۆی ئەوەی کە ئاسان مامەڵەی پێوە بکرێت و داهاتێکی زۆر بە شێوازێکی بەردوام و جێگیر بۆ وڵاتەکەی لێوە بەدەست بهێنرێت. هەمیشە هەبوونی سامان و پرۆسەی بەرهەمهێنان پێویستی بە ئەقڵ و کەسانی رژدە بۆ زاڵبوون بەسەر گشت ئەو بەربەستانەی کە لە جۆری سیاسی و تەکنیکی و ئابووری بەرۆکی وڵاتەکە دەگرن. لە جیهانێکدا کە سیستەمی سەرمایەداری و هاتوچۆی سەرمایە تێیدا زاڵە، گیرفانەکان لێک نزیک دەبنەوە و هەبوونی سامانی سروشتی دەبێتە بەشێک لە هاوکێشەکە و بەشەکەی دیکە بریتی دەبێت لە لە سەرمایە و تەکنەلۆجیا و هێزی کاری بە ئەزموون کە بە هەماهەنگی و پێکەوە دەتوانن کاڵاکان بەگوێرەی ستاندەردەکان بخەنە بازاڕ و داهاتی وڵاتی پێ بەرز بکەنەوە.

ئەوانەشی کە نیگەرانن و دەڵێن ئەمە دەبێتە هۆی بەشکردنی سامانە سروشتییەکان لەگەڵ ئەوانەی بەشدارن لە پرۆسەی بەرهەمهێنان و دەبێتە هۆی کۆنترۆڵ کردنی بەشێکی سامانی وڵات لەلایەن کەسانی بێگانەوە، دەبێت ئەم لێکدانەوە لەبەرچاو بگرن کە لەسەردەمێک داین گشت وڵاتان بەیەکەوە و بە ئابووری جیهانەوە بەستراونەتەوە، ئەگەر کۆمپانیا ئەمریکییەکان و هاوتا ئەوروپییەکانی پەل بهاوێژن بۆ ڤەنزوێلا و ببنە هۆی زیاد کردنی بەرهەمهێنان، هەروەها هاوکاربن لە لابردی گشت ئابلوقەداراییەکان و ببنە هۆکاری بەبازاڕکردن و فرۆشتنی نەوتی زیاتر بۆ ڤەنزوێلا، دەرئەنجام دراوی ڤەنزوێلی بەهای بۆ دەگەڕێتەوە و داهاتی وڵات بە شێوەیەکی بەرچاو بەرزدەبێتەوە، و چیدیکە نەوتی ڤەنزوێلا وەک چەکێک دژی ئاسایشی وزەی جیهانی بەکار ناهێنرێت. 

ئەمەش بەراورد بە ئیدارەدانی نەوت لەلایەن سیستەمی حکومڕانی پێشووی ڤەنزوێلا زۆر جیاوازە، سیستەمێک بە هەبوونی ئەم سامانە گەورەیە نەیتوانی بەرگەی چەند کاتژمێرێک لە هێرشی کتوپڕ بگرێت و سەرۆکەکەی وەک مافوور لوولدرا و راپێچرا لەلایەن وڵاتی رکابەر، دەرخەری ئەویە کە کێشەیەکی بنەڕەتی و جەوهەری لەناو هەناوی سیستەمە حکومڕانییەکە هەیە و ناتوانێت لە ئاست ئەم سامانە زۆرە کارەکان بەڕێوەببات و وڵات ئیدارە بدات. بۆیە بە لابردنی سەرۆک مادۆرا، جیهان ترسی کەمی خستنەڕوو (Supply)ی نەوت و بەرزبوونەوەی نرخی نەوتی لێ کەمتر دەبێتەوە کە هۆکارێکی سەرەکییە بۆ دواکەوتنی ئابووری وڵاتان لە جیهاندا. هەرچی تایبەتیشە بە کەرتی نەوت لە ڤەنزوێلادا، میدیا جیهانییەکان کۆکن لەسەر ئەوەی کە ئەم کەرتی نەوت لە ڤەنزوێلا پێویستی بە کاتێکی زۆر و وەبەرهێنانی گەورە هەیە لە پاڵ سەقامگیرییەکی سیاسی جێگیر بۆ ئەوەی بتوانێت نەوتە قورسەکەی زیاتر بەرهەمبهێنێت و بیخاتە بەردەستی بەکاربەرانی نەوت لە جیهاندا. بۆیە سامانە سروشتییەکان بە ئاسانی و تاک لایەنە کۆنترڵ ناکرێت بەتایبەتی لە جیهانێکیدا کە ئابوورییەکەی پێکەوە بەستراوەتەوە، و پێویستە نەتەوان بە هەروەرزی کار بکەن بۆ ئەوەی بتوانن بەرهەمیان هەبێت و سوود لە سامانە سروشتییەکان وەبگرن.