کامێرامانی داستانی خواکوڕک
"ئەم تۆمارانە هەرچەندە ئەوەندە بە لێزانی و وەستاگەری کراون، بەڵام ئینکاری قووەتی کامێرا ناکەن"
مێژوو بریتییە لە تۆمار و گێڕانەوەی رووداوەکانی رابردوو. ئەم تۆمار و گێڕانەوانە بە زۆر شێوازن. گۆران بە شیعر، جوگرافیا و، هەل و مەرجی کۆمەڵایەتی قەرەداخ و هەورامان تۆمار دەکات. نالی و سالم بە شیعر وەسفی دەسەڵاتی قۆرخکاری عوسمانییەکان بەسەر ئیمارەتێکی لاواز و بێ دەسەڵاتی ئیمارەتی باباندا دەکەن و، تەوفیق وەهبی، کەمال مەزهەر و مەسعود محەمەد بە تێکست.
ئەم تۆمارانە هەرچەندە ئەوەندە بە لێزانی و وەستاگەری کراون، بەڵام ئینکاری قووەتی کامێرا ناکەن. لەوانەیە کامێرا یەکێک بێت لەو ئامێرانەی کە تۆماری پڕاوپڕی سات و رووداوەکان دەکات بە بێ تەزویر (روتووشی جاران و فۆتۆشۆپی ئێستای لێ دەرکە).
بچمە سەر ئەسڵی مەوزوع… ساڵانە حیزبەکەی بەندە ساڵیادی داستانی گەورەکەی خواکوڕک دەکاتەوە. لەو کەناڵانەی ڕاگەیاندن کە ڕاستەوخۆ سەر بە ئێمەن و، ئەوانەشی کە سێبەری سیاسەتی ئێمەن، چاوپێکەوتن لەگەڵ هەندێک پێشمەرگەی قارەمان دەکرێت و فلیمەکانی ئەو داستانه پەخش دەکرێن، بەڵام کەس لەخۆی ناپرسێت کە ئایا ئەو هەموو وێنە و فلیمانە کێ گرتوونی؟… ئەوانەی شارەزای ژیانی رۆژنامەنووسی جەنگن، باش دەزانن کە مەترسی سەر ژیانی رۆژنامەنووس لە حاڵەتی جەنگدا ئەگەر لە سەربازەکان زیاتر نەبێت، کەمتر نییە.
مەسرور بارزانی، سەرۆکی ئێستای حکومەتی هەرێمی کوردستان، کامێرامانی شەڕ و داستانی خواکوڕکە. گەنجێکی تەمەن 20 ساڵ و کوڕی سەرۆکی پارتی، لەبری ئەوەی لە کەرەج (ئێران) لە ناز و نیعمەتدا بحەسێتەوە، بە کامێرای ڤیدیۆوە دەچێت بەرەو شەڕ بە مەبەستی تۆمارکردنی شەڕی لەسەرخۆکردنەوەی میللەتێک بەرامبەر ئەژدیهای داگیرکەری دڵ پڕ لە قین. بە دڵنیاییەوە دەکرێت ئەم بەرهەمە دیکۆمێنتارییە وەک کارێکی رۆژنامەوانی سەیر بکرێت، هەرچەندە خاوەنی دیکۆمینتارییەکە لە ژیانیا بە شێوازی پڕۆفیشناڵ ڕۆژنامەنووسیش نەبووبێت. دڵنیام کاک مەسرور ئەم کارەی بۆ سوپاس و پێزانین نەکردووە، لە تەمەنێکی کەمدا گەورە و مۆدێرن بیری کردۆتەوە.
مەسرور بارزانی بەم بەرهەمەی شەڕی خواکوڕک، تەنیا سەرۆک وەزیرانێکی حکومەتی هەرێمی کوردستانە کە تەجروبەی رۆژنامەوانی بۆ خۆی تۆمار کردبێت. وەک بەهەشتی مام جەلال و خوشکی ئازیزم هێرۆ ئیبراهیم ئەحمەد، کە یەکێتی نیشتمانی کوردستان دەبێت مەمنونی ئەو خانمە بن بۆ تۆماری مێژووی خەباتی یەکێتی بە وێنەو و بە ڤیدیۆ.
ئەم وتارە هەوڵێک بوو بۆ راستکردنەوەی خاڵێکی مێژوویی و یەکێکی سیاسی. حزبی ئێمە دەبێت سەرڕاست بێت لە گێڕانەوەی مێژوو. شتەکان وەک خۆی باس بکات و، رۆڵی رۆژنامەنووسێکی گەنجی شۆڕش (مەسرور بارزانی) نەسڕێتەوە. ئەوەی تر بڕوا ناکەم بە فەرمانی (ئەم رۆژنامەنووسەی جەنگ)، نە هیچ رۆژنامەنووسێك دەستگیر بکرێت و ئەزیەت بدرێت و، نە ئۆفیسی هیچ کەناڵێکی راگەیاندن دابخرێت.