
ئاسۆ حاجی
نووسەر
ڕۆشنبیریی بەدیل و بژاردەی خواستراو، نەخۆشی کوشندەی ناو کۆمەڵگهی کوردستان و چەکی کاریگەریی نەیاران

لە دوای ڕووخانی ڕژێمی دیکتاتۆری عێراق، لە ساڵی 2003، گۆڕەپانی سیاسی و کولتووری لە باشووری کوردستاندا، گۆڕان و وەچەرخانی ڕیشەیی بەخۆیهوە بینیوە، کە دەرفەت ڕەخسا، بۆ بەدیارکەوتنی ئاراستەی فکری و سیاسی جۆراوجۆر و جیاواز، بۆ گوزارشتکردن لە هەمەڕەنگی کۆمەڵگای کوردستان و ناکۆکی و ململانێ ناوخۆییەکانی. لە نێو ئەو ئاراستانە دیاردەی "ڕۆشنبیری بەدیل و بژاردەی خواستراو" بەدیار کەوت، کە دواتر وەک کەرستە و ئامرازی لاوازکردنی گوتاری ڕەسەنی نەتەوەیی کوردی و گوتاری نیشتیمانیی کوردستانی، هەوڵدان بۆ گۆڕینی ڕەوت و ئاراستەی پرۆژەی ڕزگاریی نیشتیمانیی کوردستانی بۆ گوتارێکی کز و بێکاریگەر، تا ئەو ڕادەیەی بخرێتە خزمەت ئەجێندای (ناوەندخوازی) عێراق و وڵاتانی کاریگەریی ههرێمی.
ئەو دیاردەیە نوێ نییە، بۆ گوزارشتکردن لە میکانیزمەکانی بەرهەمهێنانەوەی دەسەڵاتێکی ناوهندی، لە نێو ئەو کۆمەڵگهیانەی ململانێی درێژخایهن و قووڵ و مێژووییان هەیە. لە دۆخی باشووری کوردستاندا، بژاردە خواستراوەکان بوونەتە مینبەری گوتاری بەرهەمهێنانەوەی مەعریفە و سیاسەتی پاشکۆیەتی و وابەستەبوون بە میللەتی سەردەست (داگیرکەر)، لە ژێر ناونیشانی "ڕۆشنبیران و بژاردەکانی کۆمەڵگه هەڵویست وەردەگرن، هەروەها لایەنگری خۆیان بۆ خەڵک و مافی خەڵک ڕادەگەیێنن، بەڵام لە ڕاستیدا، تەنیا پرۆژەی گوتاری خۆڕادەستکردنەوە و ژێردەستی بەرهەم دەهێننەوە.
چەمک و پێناسەکردن:
مەبەست لە چەمکی "ڕۆشنبیریی بەدیل" ئەوەیە کە بە هیچ شێوەیەک گوزارشت و نوێنەرایەتیی خواستە ڕەسەن و ڕاستییەکانی کۆمەڵگه ناکات، بەڵکوو وەک ڕووکارێک (واجیهە)ـی ئەجێندای دەرەکی و ناوەندخوازییە، گوتاری ڕزگاریی نیشتیمانیی گچکە دەکاتەوە، تا لە لۆژیک و عەقڵیەتی پاشکۆیەتی جێگای بکاتەوە. ئەو دەستەیە بە تەکنیک و ڕازاندنەوەی وشە و داتاشینی دەستەواژەی نوێ هەوڵی مایەپووچ و بێبایەخکردنی گوتاری ڕزگاریی نیشتیمانیی دەدەن، خۆیان وەک بەدیلێکی "واقیعی" و "بابەتییانە"ـی ڕۆشنبیرە نەتەوەیی و نیشتیمانییەکان دەناسێنن.
بەڵام "بژاردەی خواستراو" ئەوانەن کە بەرهەمی دامەزاوە ناوهندییهكانن، یاخود لەلایەن وڵاتانی ههرێمی و نێودەوڵەتیی پارەدار دەکرێن، لە ناو دامەزراوە سیاسی و کولتووری و میدیاییەکان جێگەی خۆیان دەکەنەوە و پێگەیان بەهێز دەکەن، بۆ دووبارە بەرهەمهێنانەوەی چیرۆکەکانی سەرکەوتن و خۆشگوزەرانی ژێردەستی و ملکەچبوون، بەو شێوەیەی خزمەت بە بەرژەوەندییەکانی عێراق و وڵاتانی ڕکابەری ههرێمی و خاوەن هێز و بڕیار لە عێراقدا بکات. ماگێنشی ئەو جۆرە لە کەسانی بژاردەی خواستراو بە "باڵادەستی ڕۆشنبیری" ناویان دەبات، کە دەست بەسەر ئامراز و کەرستەکانی بەرهەمهێنانی کولتووری و فکریدا دەگرن، لە پێناو گهرهنتیکردنی باڵادەستبوونی سیاسیانە، لە ڕێگای بڵاوکردنەوەی مەعریفەی جوانکردنی پاشکۆیەتی و شیرینیکردنی خۆرادەستکردنەوە بە جەلاد، بە ڕێگایەکی خۆبەخشانە و هەندێک جاریش بە پاڕانەوە.
میکانیزمەکانی بەرهەمهێنانی گوتاری ڕۆشنبیریی بەدیل و بژاردەی خواستراو:
یەکەم: پارهدارکردن و پاشکۆیەتی دامەزراوەیی، زۆربەی جار بژاردەی خواستراو، پشت دەبەستن بە پارەدارکردنی دامەزراوە ناوەندخوازەکان (مەرکەزی) یان ئەو ڕێکخراوە نێودەوڵەتییانەی ئەجێندای دیاریکراویان هەیە، بۆیە گوتارەکانیان زیاتر لە خزمەتی ئەو ئەجێندایانەیە نەک کۆمەڵگای کوردستانی، چونکە ئەو پارەدارکردنە پرسی سەربەخۆیی فکری و سیاسییان لە چوارچێوە دەدات، تەنانەت ئهم له چوارچێوهدانه زمان و ناوەرۆکی بابەتەکانیش دهگرێتهوه.
دووەم: زمان و تەکنیکی گوتار، ڕۆشنبیری بەدیل زیاتر پشت بە زمان و گوتاری بێلایەنبوون دەبەستێت، لە بەکارهێنانی دەستەواژە نیشتیمانی و نەتەوەییەکان، زیاتر سهرنج دهخاته سەر چەمکەکانی وەک "شەفافیەت"، "حوکمڕانی ڕەشید" و "سەقامگیری"، وەک ئەوەی پرسی نەتەوەیی و نیشتیمانیی کورد و کوردستانی تەنیا پرسێکی ئیداری بێت و هیچ ڕەهەندێکی سیاسیی نهبێت.
سێیەم: پێگە و دەسەڵاتی میدیایی و سیاسی، ئەو بژاردە خواستراوانە خۆیان دەخزێنە ناو دەزگاکانی میدیا و لە کەناڵە ئاسمانییەکان یان پێشکەشکار یاخود میوانی بەردەوامن، کە جۆرێک لە شەرعیەتی ڕەمزیان بۆ دروست دەکات، ئەوەش گوتارەکەیان بڵاوتر و کاریگەرتر دەگاتە وەرگر.
کاریگەری گوتاری ڕۆشنبیریی بەدیل و بژاردەی خواستراو لە سەر پرۆژەی نەتەوەیی:
ئەو گوتارە نەخۆشییەکی کوشندەیە بۆ لەبەریەکهەڵوەشاندنهوهی بزاڤی ڕۆشنبیری و سیاسیی ڕەسەن، بەو جۆرە:
-بەتاڵکردنەوەی گوتاری نەتەوەیی لە ناوەرۆکە ڕەسەنەکەی خۆی لە بەرژەوەندیی گوتاری ئیدارەدانی قەیرانەکان و سنوودارکردنی خواست و داخوازییەکان.
-لاوازکردنی گوتاری دەستگرتن بە ناسنامە لە ڕێگای ورووژاندنی پرسگەلێکی لاوەکی و گۆڕینی گفتوگۆ و هەڵسەنگاندنی پرس و کێشە و گرفتەکان بە ئاراستەیەکی بەرتەسک و بەستنەوەیان بە بەرژەوەندییە کەسییەکان.
-دروستکردنی کەلێن لە نێوان ڕۆشنبیران و کۆمەڵگە لە ڕێگای بەکارهێنانی زمانێکی بە گرێوگۆڵ و گرێدانی بە ئەجێندای دەرەکی.
دیاردەی ڕۆشنبیریی بەدیل و بژاردەی خواستراو، ئالنگارییەکی ڕژد و جەوهەرییه لە بەردەم هەر پرۆژەیەکی نیشتیمانیی کوردستانی، کە کار بۆ ڕزگاریی کولتووری و سیاسیی بکات لە باشووری کوردستاندا. لاوازکردنی ئەو گوتارە کار و ئەرکێکی ئاسان نییە، بەڵکوو پێویستی بە ستراتیژیەتێکی مەعریفی و کولتووری تەواو هەیە، کە تێکهەڵکێشێک بێت لە شیکاری ڕەخنەگرانە و بیرسازی و بەگژداچوونەوەیان، لە ڕێگای میکانیزمی تایبەت. بە بۆچوونی من تەنیا بەو شێوەیە دەکرێ سنوورێک بۆ ئەو دیاردەیە دابندرێ، دەرفەت بە ڕۆشنبیرانی ڕەسەن بدرێتەوە کە گوزارشت لە خواست و مافە نەتەوەیی و نیشتیمانییەکانی خەڵکی کوردستان بکەن.