
ئاسۆ حاجی
نووسەر
پەیامی بارزانی بۆ ئۆجەلان و ئەردۆغان

لە دیداری سەرکردە سیاسییەکانی باکووری کوردستان، سەرۆک و سەرکردەکانی دەم پارتی و بەڕێزان ئەحمەد تورک و لەیلا زانا، لە کاتی نوێ کردنەوەی داخوازی بەڕێز عەبدوڵڵا ئۆجەلان، بۆ دیداری لەگەڵ سەرۆک مەسعود بارزانی، وەڵامەکەی ئەوە بووە: لە کاتێکی گونجاو ئەو دیدارە دەبێت.
ئەو وەڵامەی سەرۆک بارزانی، زاکیرەی بۆ چەند ساڵێک بەر لە ئێستای گەڕاندمەوە، کاتێک لە گەرمەی بەڕێوەچوونی پرۆسەی ئاشتی، سەرۆک بارزانی مێوانی فەرمی دەوڵەتی تورکیا بوو، ئەو کات ئەردۆغان داوای لە سەرۆک مەسعود بارزانی کردبوو، ئەگەر دەیەوێت لەگەڵ ئۆجەلان دیداریان هەبێت ئاساییە، بارزانی ئەو پێشنیارەی ئەردۆغانی ڕەت کردەوە، نەک لەبەر ئەوەی نایەوێ بەڕێز ئۆجەلان ببینێت، بەڵکوو گوتبووی نامەوێ سەرکردەیەکی کورد لە زیندان ببینم، بۆیە داواکارم بە ئازادی بیبینم.
ئەو وەڵامەی ئەمڕۆی سەرۆک بارزانی بۆ سەرکردەکانی باکووری کوردستان، هەڵگری هەمان ناوەڕۆکە و ڕووی لە سەرۆک کۆماری تورکیا بەڕێز ئەردۆغان و بەڕێز باخچەلی (گاد فازەر Good Father)ـی ئەو پڕۆسەیە، کە هەنگاو بۆ ئازاد کردنی ئۆجەلان بنێن تا پڕۆسەکە خێراتر و تۆکمەتر و بەرهەمدارتر بێت.
هەڵوێستی سەرۆک مەسعود بارزانی، هەڵوێستێکی کوردانەی ڕەسەنی هەڵقوڵاووی ڕێبازی کوردایەتیە، کە سەرچاوەکەی عەقیدەی بارزانە، کە ئامانجی سەربەستی و ڕزگاری هەموو کوردێکە لە سەرتاسەری کوردستانی مەزن، جا هەڵگری هەر بیروباوەڕ و ئایدۆلۆژیایەک بێت.