وەرزش لە کارنامەی کابینەی نۆیەمی حکومەتی هەریمی کوردستان

"لە سەردەمی كابینەی نۆیەم ژێرخانی وەرزشی كوردستان بووژانەوەیەكی گەورەی بەخۆیەوە بینی"

یاریگەی نێودەوڵەتی زاخۆ لە یارییەكی خولی ئەستێرەكانی عێراق 2024 ـ 2025
یاریگەی نێودەوڵەتی زاخۆ لە یارییەكی خولی ئەستێرەكانی عێراق 2024 ـ 2025

لە رابردوو کەمترین یاریزانی کورد رۆڵ و پێگەیان وەک یاریزانی پیشەگەر لە یانەکانی دەرەوەی کوردستان و تەنانەت ناوخۆی کوردستانیش  هەبوو، زیاتر یانە کوردستانییەکان لە پێناو وەرگرتنی پێگەیەکی بەهێز لە خولی نایابی عێراق پشتیان بە یاریزانی عەرەب و بەشێک لە یاریزانە پیشەگەرەکانی دەرەوەی عێڕاق دەبەست، جگە لە بەدەستهێنانی خولی عێڕاقی نەتوانراو نەبینرا یانەیەکی کوردی ببێتە پاڵەوانی جامێکی دیکەی دەرەوەی عێڕاق، لە هەمان کاتدا پارە و بودجەیەکی زۆر خەرج دەکرا، ئەمەش دەبووە هۆکارێک بۆئەوەی هاندەران و میدیاکان رەخنە لە ئیدارەدان و بەڕێوەبردنی یانەکان بگرن.
لە سەردەمی کابینەی نۆیەمی سەرۆكوەزیران مەسرور بارزانی گرنگییەکی جیاواز و بەهێزی بەژێرخانی وەرزشی داوە وەکو درووست کردنی چەندین یاریگای گەورە، چونكە درووست کردنی یاریگای گەورە هەنگاوێکی مەزنە بۆ درووست بوونی یاریزانی بەهرەمەند و لێهاتوو، جگە لەوەش نۆژەنکردنەوەی چیمەنی یاریگای دهۆک و زاخۆ و هەولێر  و برەودان بە یاریزانە کوردەکان دراوە بەتایبەتی ئەو یاریزانانەی لە یارییە تاکەکان یاخود لە كێبڕكێیە بە کۆمەڵەكان کە دەبنە پاڵەوان خەڵات دەکرێن لەسەر راسپاردەی مەسرور بارزانی سەرۆکی حکومەتی کوردستان، بەجۆرێک بەشێک لە دۆخەکان ئێستا پێچەوانە بووەتەوە، یانەکانی دەرەوەی هەرێمی کوردستان لە پێناو درووستکردنی تیپێکی بەهێز توانای رکابەریکردنی هەبێت دێن بۆ هەرێمی کوردستان و دەست بۆ راکێشانی یاریزانە کوردەکان دەبەن.
یاریزانی کوردی بە یاریکردن لە خولی نایابی کوردستان توانیویانە توانا و هێزی خۆیان نیشانی هەموو عێڕاق بدەن ئەمەش بووەتە هۆکارێک بۆ ئەوەی یانەکانی عێڕاق زۆرجار چاویان بچێتە سەر خولی کوردستان و یانە کوردییەکان بۆ ئەوەی یاریزانی بە توانا بدۆزنەوە.
 خولی نایابی کوردستان گرنگییەکی زۆری پێدراوە لەرووی بەڕێوەبردن و لایەنی هونەری و تەکتیکی، هەرەوەها زۆرجار بینەری یارییەکانی خولی نایابی کوردستان لە خولی ئەستێرەکانی عێڕاق زیاترە، ئەمانە بەڵگە و دەرخەری ئەوەن کە خولی نایابی کوردستان گرنگی تەواوی پێدراوە، دەکرێ لە داهاتوو لەپێناو زیاتر بەرەو پێشچوون و پشتیوانی زیاتر بکرێت بۆ ئەوەی ئەو کارانەی لە کابینەی نۆیەم لە پلاندابوون لە کابینەکانی داهاتوو تەواو درێژەی پێبدرێت.
یانە کوردستانییەکانی بەشدار لە خولی عێڕاق پێگەی بەهێزیان هەیە، یانەی زاخۆ لە وەرزی 2024-2025 پلەی سێیەمی خولی ئەستێرەکانی عێڕاق بەدەستهێنا و هەردوو یانەی دهۆک و زاخۆ لەسەر حیسابی قوە جەوییە و شوڕتە گەیشتنە فایناڵی جامی عێراق ئەمەش دەستکەوتێکی گەورەیە بۆ وەرزشی کوردستان،  جگە لەوەی دهۆک لە جامی پاڵەوانەکانی کەنداو  ئاستێکی بەرزی بە زۆرینە یاریزانی کورد پێشکەش کردوو بوو بە پاڵەوانی جامەکە،  یانەکانی نەورۆز و هەولێر بەپێکهاتەیەکی نیوە کورد لە رکابەریدان و ئاستیان باشە.
بەشێک لەم کارانە بۆ چارەسەرکردنی قەیرانی دارایی یانەکان دەگەڕێتەوە کە لەسەر بڕیاری سەرۆکی حکومەتی هەڕیمی کوردستان بودجە بۆ یانە کوردستانیەکان دابینکرا لە پێناو چارەسەر کردنی کێشە داراییەکانیان.
لە داهاتوو پێوستە بەهەمان هێزو گڕو تین پاڵپشتی بۆ وەرزشوانان و یانە کوردستانییەکان بکرێت لە پێناو زیاترە بەرەو پێشبردنی وەرزشی ناوخو و درووستکردنی یاریزانی بەهرەداری کوردی نێوخۆ.