هەڤاڵ عەبدولعەزیز
نووسەر
مەسرور بارزانی سەرکردەی شۆڕشی خزمەتگوزاریی لە کوردستان... دابینکردنی ئاسایشی ئاو وەک نموونە
لە ناوچەیەکى پڕ لە ئاڵنگاریی سیاسی و ئابووری، بەڕێز کاک مەسرور بارزانی سەرۆکی حکوومەتى هەرێمی کوردستان وەک سەرکردەیەکی ناوازە و جیاواز دەردەکەوێ کە ڕەنگدانەوەى وێنەی گەشەسەندنی هەرێمی کوردستانە، نەک بە دروشم، بەڵکو بە پرۆژەی ستراتیجی و ژێرخانی پەیوەندیدار بە ژیانی ملیۆنان هاووڵاتیی هەرێمی کوردستان.
لە دیدگای بەڕێز مەسرور بارزانی بۆ حکوومەتێکی کاریگەر و خزمەتگوزار، خەڵک سەنتەری کاری لە پێشینەیەتى و لەم لاینەشەوە کار و پرۆژەکان گەواهیدەری ئەو ڕاستیەن، لە سەرەتای کابینەکەیەوە دەستی بۆ پرۆژەى ستراتیجی و ژێرخانی بردووە، کە بۆ یەکەمجارە لە کوردستان جێبەجێ دەکرێت کە پێشووتر دەستی بۆ نەبردراوە، بەتایبەتی لە کەرتی وزە (کارەبای 24 کاتژمێری) و کەرتى کشتوکاڵ (هەناردە کردنی بەرهەمی ناوخۆیی) و ژێرخانی ئابووری (چاکسازی لە کەرتى بانکی و دانانى پرۆژەى هەژماری من) ، کە لەم ساڵانەی دواییدا شاهێدی ئەم هەنگاوە بێ وێنانە بووە.
ژێرخان و پرۆژەى ستراتیجی
لە ڕێگاوبان و پردەوە بۆ بەنداو و خزمەتگوزاریی گواستنەوە و پەیوەندییەکان، حکوومەتى هەرێمی کوردستان بە سەرۆکایەتی، مەسرور بارزانی بە پلانێکی ستراتیژیی ورد و دیراسەکراو بە ئامانجی پەرەپێدانی ژێرخانی ڕێگاوبان. لە کەرتی ڕێگاوباندا زیاتر لە 75 پرۆژەی ستراتیژی جێبەجێکراون، کە کۆی گشتی زیاتر لە 1300 کیلۆمەترە، ئەمەش ئاسانکاریی بۆ جوڵەی کاڵا و بوژاندنەوەی بازاڕەکان لە سەرجەم شار و قەزا و ناحیە و گوندەکان کردووە و بەیەکی بەستوونەتەوە.
لە بواری بەنداو و سەرچاوە ئاوییەکان، دەیان پرۆژە دروستکراون و پەرەیان پێدراوە، لەوانەش بەنداوی گۆمەسپان و بەستۆرە، هەروەها زنجیرەیەک پرۆژەی دیکەش بە ئامانجی دەستەبەرکردنی ئاسایشی ئاو بۆ ناوچە جیاجیاکانی هەرێمی کوردستان لە سەرجەم شارەکان بەبێ جیاوازی .
ئەم پڕۆژانە تەنیا وەڵامێک نەبوون بۆ پێداویستییە دەستبەجێیەکان، بەڵکو بەشێک بوون لە دیدگایەکی بەردەوام بۆ دەستەبەرکردنی سەرچاوە گرنگەکان بۆ نەوەکانی داهاتوو.
دیارترین پرۆژە ستراتیجی و پەرپێدانی ژێرخان لەم کابینەیە برتیبوون لە :
دابینکردنی ئاسایشی ئاو
حکوومەتى هەرێمی کوردستان هەنگاوەکانی گرنگی بۆ دابینکردنی ئاسایشی ئاو ناوەتە پێش. لە کابینەی نۆیەمدا هەشت بەنداو دروستکراون و چەندین بەنداوی دیکەش لە دروستکردندان. ئەم بەنداوانە دەتوانن زیاتر لە 250 ملیۆن مەترسێجا ئاو گل بدەنەوە. هەروەها 23 پۆند دروستکراون و 58 پۆندیش لە دروستکردندان.
چەندین پرۆژەی گرنگی ئاو بۆ دابینکردنی ئاوی پاک جێبەجێ دەکرێن کە ئەم پڕۆژانە بۆ دەیان ساڵ کێشەی ئاو لە زۆربەی شارەکانی کوردستان بنبڕ دەکەن. ئاسایشێکی بەهێزی ئاو یەکێک لە ئامانجە سەرەکییەکانی حکوومەتى هەرێمی کوردستانە.
دابینکردنی ئاسایشی خۆراک
لە بواری دابینکردنی ئاسایشی خۆراکدا، سێ سایلۆ دروستکراون و چەند سایلۆیەکیش لە دروستکردندان، کە دەتوانن 200 هەزار تۆن گەنم کۆگا بکەن. وەبەرهێنانی کشتوکاڵ لە %1.8ـەوە بۆ %10 زیادی کردووە.
30 هەزار خانووی پلاستیکی دروستکراون و 319 کۆگای ساردکەرەوە بۆ کۆگاکردنی بەرهەمە کشتوکاڵییەکان دامەزراون. زیاتر لە 11 هەزار کۆمپانیا تۆمار کراون و 1650 کارگەی نوێ دامەزراون.
بۆ یەکەمجارە بە فەرمی بەرهەمە کشتوکاڵییەکان، لە کابینەی نۆیەم هەناردەی وڵاتان کرا. پشتیوانیکردنی بەرهەمی ناوخۆیی ئامانجی حکوومەتى هەرێمی کوردستانە.
ژێرخانی ڕێگاوبان
لە بواری ژێرخانی ڕێگاوباندا، 717 پرۆژەی ڕێگاوبان جێبەجێ کراون. تەنیا لە دەرەوەی شارەکان 2681 کیلۆمەتر ڕێگەی نوێ دروستکراون و ڕێگا بۆ هەموو شارەکان، شارۆچکەکان و زۆربەی گوندەکان دروست کراون.
نزیکەی دوو هەزار پرۆژەی دروستکردنی شەقام جێبەجێ کراون و نزیکەی سێ ترلیۆن دیناریش بۆ پرۆژەکانی ڕێگاوبان و شەقامەکان خەرج کراون. زۆربەی ڕێگا و شەقامەکان ئەندازەی هاتوچۆیان بۆ کراوە و ماوەی ڕێگای نێوان زۆربەی شار و شارۆچکەکان کەم کراوەتەوە. پاراستنی گیانی هاووڵاتییان و بەهێزکردنی ژێرخانی ئابووری ئامانجی حکوومەتى هەرێمی کوردستانە.
کەرتی کارەبا
کەرتی کارەبا بووژانەوەی گەورەی بەخۆوە بینیوە. لە ڕێگەی پرۆژەی ڕووناکی هەنگاو نراوە بۆ دابینکردنی کارەبای ٢٤ کاتژمێری کە زیاتر لە %30ـی دانیشتوان ئێستا کارەبای ٢٤ کاتژمێرییان هەیە. لە کابینەی نۆیەم نزیکەی ٥٠٠ هەزار هاوبەشی نوێ زیاد بووە و بووەتە دوو ملیۆن کەس، کە سودمەندبوونە لەم پرۆژەیە.
بەهۆی پرۆژە ستراتیژییەکان 1840 مێگاوات کارەبا زیاد کراوە و ژێرخانی کارەبا گەیاندووەتە نزیکەی 8200 مێگاوات. بۆ دابەشکردنی کارەبا 3503 پرۆژە جێبەجێ کراون. بەهۆی پرۆژەی ڕووناکی توانراوە 2100 موەلیدە بکوژێنرێنەوە.
تاکوو کۆتایی 2026 هەرێمی کوردستان بە تەواوەتی دەبێتە خاوەنی کارەبای 24کاتژمێری. کابینەی نۆیەم خەونی هاووڵاتییان بەدی دەهێنێت.
پرۆژەی دابینکردنی ئاوی فریاگوزاری: هیوایەک لە ژێرخاکەوە
لە سەردەمی پەرەسەندنی نیگەرانییەکان سەبارەت بە وشکەساڵی و گۆڕانی کەشوهەوا، پرۆژەی دابینکردنی ئاوی فریاگوزاری هەولێر پەیامێکی گەورەی هیوا و ئومێدە بۆ داهاتوو و نەوە داهاتوو. ئەم پرۆژە گەورەیە کە تێچووی نزیکەی 480 ملیۆن دۆلارە، ئامانجی دەستەبەرکردنی ئاوی خواردنەوەیە بۆ زیاتر لە دوو ملیۆن کەس لە هەولێری پایتەختی و ناوچەکانی دەوروبەری.
ئەم پرۆژەیە دەستەبەری 60 هەزار مەتر سێجا ئاو لە ڕۆژێکدا لەخۆدەگرێت، بە توانایەکی بەرز لەسەر بنەمای تۆڕەکانی بۆری و تەکنەلۆژیای پێشکەوتوو ئەنجامدراوە.
ئەم پرۆژەیە سەرەڕای ئاستەنگی تەکنیکی و دارایی و لۆجستیکی، بەڵام بە سەرپەرشتی و پاڵپشتی سەرۆکی حکوومەت جێبەجێکرا وێڕای ئەو بارودۆخە ئاڵۆزە و قەیراناویەی ڕووی لە هەرێمی کوردستان کردبوو لە ڕووی دارایی و سیاسی.
سەرەڕای هەموو ئەم ئاستەنگانە، حکوومەتى هەرێمی کوردستان بە سەرۆکایەتیی کاک مەسرور بارزانی توانای خۆی سەلماندوە خواست و خەونەکامان بگۆڕێت بۆ واقیعی و جیەجێکردن. بناغەکانی ئەم پرۆژەیە وەک پایەی ئاسایشی ئاو و تەندروستی دادەدنرێت.
ڕەنگدانەوەى کاریگەری ئەم پرۆژەیە تەنیا لە ڕووی تەکنیکیەووە نییە، بەڵکو ڕەهەندە کۆمەڵایەتی و ئابوورییەکانیش دەگرێتەوە. نەک تەنیا دەستڕاگەیشتن بە ئاوی پاک بۆ ملیۆنان هاووڵاتی مسۆگەر دەکات، بەڵکو بەشدارە لە کەمکردنەوەی ئەو نەخۆشیانەی پەیوەستن بە کەمی ئاو و کەمکردنەوەی بارگرانی لەسەر خێزانە هەژارەکان کە ناچاربوون ئاو بە نرخێکی گران بکڕن و زۆر جاریش لە لایەن خەڵکانێکی نەفس نزمی سیاسی کە لە سەر حیسابی ئێش و ئازاى خەڵکی هەژار بازرگانیان دەکرد، بە پێدانی چەند تانکەرێک ئاو وەک کەرەستەى میدیایی و هەڵمەتى هەڵبژاردن ئەو خەڵکە و ئەو ئازارانەیان بەکار دەهێنا و خۆشبەختانە جارێکی دیکە دوای ئەم پرۆژەیە، ئەو لایەنانە چیتر ناتوانن بازرگانى بە ئێش و ئازاری ئەو خەڵکە بکەن.
هەروەها پرۆژەکە هەلی کاری ڕەخساندووە و بەشداری کردووە لە گواستنەوەی شارەزایی و تەکنەلۆژیای سەردەم بۆ کادیرە ناوخۆییەکان، مۆدێلێکی نموونەیی بۆ بەڕێوەبردنی قەیرانەکان لە ڕێگەی گەشەپێدانەوە داناوە.
ئەوەی لە سەردەمی کاک مەسرور بارزانی دا بەدەست هاتووە، تەنیا ئەو ژمارە نییە کە لە ڕاپۆرتەکاندا هاتووە؛ نوێنەرایەتی گۆڕانکارییەکی ڕاستەقینە لە ژیانی خەڵکی کوردستان دەکات.
پرۆژەکانی ژێرخانی، دیارترینیان پرۆژەی "دابینکردنی ئاوی فریاگوزاری"، ڕەنگدانەوەی باوەڕێکی قووڵە کە کەرامەت لە ئاوەوە دەست پێدەکات، و گەشەپێدانی ڕاستەقینە لەسەر متمانە و پابەندبوون و کاری مەیدانی بنیات نراوە. لەگەڵ هەر دەستکەوتێکی نوێ، متمانەی خەڵک قووڵتر دەبێتەوە کە ئەم هەرێمە لە ژێر سەرکردایەتی ژیرانەی کاک مەسروردا، بە شێوەیەکی بەردەوام بەرەو داهاتوویەکی ئاوەدانتر و سەقامگیرتر هەنگاو دەنێت. ئەم کاروانى گەشەپێدانە بەردەوام بێت، کوردستانیش وەک چرایەک بمێنێتەوە کە ڕێگای پێشکەوتن و ئاوەدانى کوردستان ڕۆشن بکاتەوە.